Skip to main content

شەڕى ئیسرائیل و کۆمارى ئیسلامى چووەتە قۆناغێکى نوێوە

ئیسراسیل و ئێران
AvaToday caption
posted onJune 7, 2022
nocomment

 

▪️ئەمە ڕاپۆرتێکى شیکارییە کە لە (Jerusalem Post) بڵاو بووەتەوە.

 

ئیسرائیل هۆشداریی گەشتکردنی بۆ تورکیا دایە هاوڵاتییەکانی خۆى، ئەمەش دوای هەڕەشەی هێرشی تۆڵەسەندنەوە بوو لە لایەن کۆمارى ئیسلامى لەسەر کوژرانی فەرماندەیەکى گەورەى و شڕۆڤەکارانیش باس گەرمبوونى شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکەن.

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا باسى لەوە کرد کە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل زانیاریی هەواڵگرییان دەست کەوتووە لەسەر "هەڕەشەی سەر ئیسرائیلییەکان لە تورکیا و وڵاتانی هاوسنوور لەگەڵ ئێران و هەڕەشەکەش گەورەیە"، ئەم ڕاگەیاندنەش حەفتەیەک دوای لەسێدارەدانی فەرماندەى قودس حەسەن سەیاد خودایاری لە پلەباڵاکانى سوپای تیرۆریستى پاسدارانی بوو کە لە شەقامێکی شاری تاران و لەبەردەم ماڵەکەى لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە بە پێنج گوللە کوژرا و حوسێن سەلامی فەرماندەى سوپاى پاسداران، ئیسرائیل بە بەرپرسی ئەو تیرۆرە تۆمەتبار کرد و گوتى: "ئەو شەهیدانەی لەلایەن زایۆنیستەکانەوە دەکوژرێن، پێگەیەکی زۆر بەرزتریان هەیە. ئینشەڵا تۆڵە لە دوژمنان دەکەینەوە".

هەر لە نیۆیۆرک تایمزیش بوونى دەستى ئیسرائیل لەم تیرۆر پشتڕاست کرایەوە کە گوایا لە بەرپرسێکی ئەمریکییەوە زانیویانە کە ئیسرائیل ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە کوشتنەکەی ئەنجام داوە.

 

ئایا ئیسرائیل لە هەڕەشەکانى کۆمارى ئیسلامى دەترسێت؟

ئێستا وا دیارە ئیسرائیل ترسی تۆڵەسەندنەوەی کۆمارى ئیسلامى هەیە، بەڵام بە وتەی دوکتۆر توگبا بەیار، شڕۆڤەکاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی بیلکێنت لە تورکیا، ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوەی کۆمارى ئیسلامى بە دەگمەن و بێهێز هەژمار دەکات و دەڵێت: "هەمیشە قسەکانی کۆمارى ئیسلامى هەڕەشاوی و هێرشبەرانەن و بەردەوام "مەرگ بۆ ئەمریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیل" دووبارەى دەکەنەوە و سوێندی تۆڵەکردنەوە دەخۆن، وەک چۆن دوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی ـى تیرۆریست و چەند زانای ئەتۆمی کردیان.

ئەم مامۆستاى زانکۆیە گوتى "بەڵام تاکە جارێک کە کۆمارى ئیسلامى ئەم هەڕەشانەى کردە کردار، ئەو کاتە بوو کە هێرشی کردە سەر هەندێک ئامانج لە عێراق و بە ناوى بوونى ناوەندی سیخوڕی ئیسرائیل، بۆیە بڕوام نییە کۆمارى ئیسلامى خەڵکی مەدەنی نە لە تورکیا و نە لە شوێنێکی تر بکاتە ئامانج".

بە پێچەوانەوە، مارک فیتزپاتریك، لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی IISS-Americas و سەرۆکی پێشووی کارەکانی پەیمانگەی نەهێشتنی چەک، گوتى: بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و تۆڵەسەندنەوەکانى کۆمارى ئیسلامى، ئەگەری زۆرە بازنەى تێکدان و تیرۆر بەردەوام بێت و کۆمارى ئیسلامى بە ڕوونی ئەوەی دیارى کردووە کە لە وەڵامی تیرۆری خودایاریدا تۆڵەی خۆی دەکاتەوە. کەواتە، پێدەچێت شەڕی خۆڵەمێشی ئێران و ئیسرائیل زیاتر پەرەبسێنێت".

 

شەڕی سێبەری ئیسرائیل و کۆمارى ئیسلامى:

ئیسرائیل و کۆمارى ئیسلامى، لە ساڵانی ڕابردوو، شەڕێکی سێبەریان ئەنجام داوە کە بە شەڕی خۆڵەمێشی ناسراوە و تێیدا هەردوو لا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هێرشیان کردووەتە سەر یەکترى بەبێ ئەوەی بەرەیەکى شەڕی کراوە بکەنەوە.

ئیسرائیل چەندین جار ناوی خودایاری وەک ئەفسەرێکی باڵای هێزێکى تیرۆریستى و نهێنی کۆمارى ئیسلامى لە یەکەی ٨٤٠ ناو بردووە و تۆمەتبار کراوە بە ڕفاندن و تیرۆرکردنی بیانییەکان. دکتۆر ئیلی کارمۆن، زانای باڵای توێژینەوە لە ئەنستیتۆی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە زانکۆی ڕیشمان لە هێرزلیە لە ناوەڕاستی ئیسرائیل بە (میدیا لاین)ـی گوتووە کە تیرۆرکردنی خودایاری هەم بەهای تاکتیکی و هەم ستراتیژی بۆ ئیسرائیل هەیە و ڕوونی کردەوە کە وەک جێگری سەرۆکی یەکەی ٨٤٠ گوومانلێکراوە و تێوەگلاوە.

لە ١٣ى شوباتی ٢٠١٢، تەل یەهۆشوا کۆرێن هاوسەری نوێنەری وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە هیندستان لە هێرشێکی بۆمبڕێژکراودا لەلایەن بکوژانی حکومەتی کۆمارى ئیسلامی کرایە ئامانج و بەو هۆیەشەوە برینێکی سەخت و هەمیشەیی بەجێ هێشت.

بە گوتەی کارمۆن، هەواڵگری ئیسرائیل لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا چەندین پیلانی تیرۆری لەلایەن یەکەی ٨٤٠ی کۆمارى ئیسلامىییەوە ئاشکرا کردووە، بەڵام بەهۆی کاری هەواڵگرییەوە توانیویەتی زۆربەیان پووچەڵ بکاتەوە. کارمۆن باسى لەوەش کردووە کە جگە لە هێرشی نیودێهلی، نزیکەی ٢٥ یان ٣٠ هێرشى سوپاى قودس و پاسدارانیان پووچەڵ کردووەتەوە و لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتی، هێرشەکانى قوبرس و کۆڵۆمبیا و کۆریا لە لایەن هەواڵگری موسادی ئیسرائیلییەوە پووچەڵ کراونەتەوە.

بە وتەی دوکتور عەلەم ساڵح، مامۆستای توێژینەوە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی عەرەبی و ئیسلامی لە زانکۆی نیشتمانی ئوسترالیا، شەڕی سێبەر ئێستا تاکە شێوەی ململانێی بژاردەیی نێوان ئیسرائیل و کۆمارى ئیسلامییە و "پێدەچێت هیچ ئەگەرێکی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ یا هێرشی سەربازی نەبێت و هەردوولا بڕیاریان داوە بەردەوام بن لە کارى هەواڵگری لەسەر یەکترى و تێکدان و پووچەڵکردنەوەى هەنگاوەکانى یەکترى و هاندانى میلیشیاکانیان بۆ سەر یەکترى".

خودایاری

ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی تیرۆر بە بیانووی بەرگری لە هاووڵاتیانی خۆی لە دژی تیرۆریزمی کۆمارى ئیسلامى بە ڕەوا دەبینێت. فیتزپاتریك ئاماژەی بەوەش كردووە کە تیرۆركردنی خودایاری، بەردەوامیدانە بە سیاسەتە بەردەوامەكانی ئیسرائیل بۆ بەرگریكردن لە هاووڵاتیانی و پاشەکشەکردن بە تیرۆریزمى کۆمارى ئیسلامى لە ناوچەکە، بەم پێیە كوشتنى ئەو فەرماندەیەى کۆمارى ئیسلامى بە پەرەسەندنی ململانێكان نازانێت، بەڵكو تەنیا درێژەپێدەری شەڕی خۆڵەمێشی ئێران و ئیسرائیلە.

ژمارەیەکی زۆر لە چاودێران باس لە پەیوەندیی نێوان تیرۆری خودایاری و ڕێککەوتنی ئەتۆمی کۆمارى ئیسلامى دەکەن.یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکییەکانی نێوان کۆمارى ئیسلامى و ئەمریکا کە خزمەتی بە ڕێگریکردن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کردووە، دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی. هەندێک لە شرۆڤەکاران گریمانەى ئەوەشیان کردووە کە تیرۆرکردنی خودایاری هەوڵێک بووە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ زیاتر تێکدانی گفتوگۆکان لە ڤیەنا، بۆیە ئەگەرى ئەوە هەیە کە "ئەمە ڕەنگە تاکتیکێکی ئیسرائیلی بێت بۆ ورووژاندنی کۆمارى ئیسلامى بۆ پێداگری لەسەر لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر، چونکە ئەگەر سوپای پاسداران هێشتا لە لیستی تیرۆردا بێت، ئەوە شەرعیەت بەو جۆرە تیرۆرانە دەدات، لانیکەم بۆ واشنتۆن"، بەڵام مارک فیتزپاتریك ئەم ڕوونكردنەوەیە ڕەت دەکاتەوە بە پاساوی ئەوەی دانوستانەكان لە ڤیەنا لە مێژە بە مردوو هەژمار دەکرێن، بۆیە پێویست ناكات لەلایەن ئیسرائیلەوە تێك بدرێن و ئاماژەی بەوە کردووە کە "بەو پێیەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی مردووە، تیرۆرکردنەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نابێت. لە هەر حاڵەتێکدا هیچ پەیوەندییەکی بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆمارى ئیسلامى نییە".

فیتزپاتریك لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوە كرد كە چۆن ئیسرائیل لە میانی وتووێژەكان لە ڤییەن ئامادە نەبووە، بە دوور دەزانرێت هەوڵی تێكدانیشیان بدات و پێموایە ئیسرائیل دوودڵ بووە لە ئەنجامدانی تێکدانی ئەو دامەزراوانە لەکاتێکدا دانوستانەکان بەردەوام بوون و پێشدەچێت تا ماوەیەکى دیکە خۆى لەم هێرشانە بەدوور بگرێت، چونکە گفتوگۆکان نافەرمین، بەڵام شرۆڤەکارانی دیکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیسرائیل دژی لێدانی هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی کۆمارى ئیسلامییە.

بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل، تورکیا پێگەیەکی مەترسیدارە بۆ گەشتیارانی ئیسرائیلی و "زانیاری زیاترمان لەسەر هەڕەشەکە نییە". تورکیا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە کردەوەى دوژمنکارانە دژ بە ئامانجەکانی ئیسرائیل. بۆ نموونە ئەندامێکی سوپای پاسدارانی کۆمارى ئیسلامی بە ناوی مەنسوور ڕەسووڵی، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ ویستى دیپلۆماتێکی ئیسرائیلی لە کونسوڵخانەی ئیستانبوڵ تیرۆر بکات، بەڵام لە لایەن موسادەوە پووچەڵ کرایەوە. ئەمە یەکەم هەوڵی کۆمارى ئیسلامى نییە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل لە نێو خاکی تورکیا.

وەک کارمۆن بیری هێنایەوە کە "ئێمە دەزانین لە ڕابردوودا کۆمارى ئیسلامى هەوڵی داوە کونسوڵەکەمان لە ئیستانبوڵ تیرۆر بکات. لە ساڵانی نەوەدەکان و لەم دواییانەشدا هەوڵیان دا یەکێک لە دەوڵەمەندترین بازرگانانی جولەکە تیرۆر بکەن، کە هاوکات هاووڵاتییەکی ئیسرائیلیشە".

لە مانگی شوباتدا، دەزگای هەواڵگری تورکیا هەشت گومانلێکراویان دەستگیرکرد کە دەگوترا پیلانێکی ئێرانی بوو بۆ تیرۆرکردنی بازرگانی جوولەکە یایر گێلەر وەک تۆڵەی کوشتنی موحسین فەخریزادە سەرۆکی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا کە بەگشتی دەگەڕێندرایەوە بۆ موساد.

 

لینکى ڕاپۆرتەکە لە ماڵپەڕى جڕۆزاڵم پۆست:

https://www.jpost.com/middle-east/iran-news/article-708495