بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران دەیەوێت بەقاچاخ نەوتەکەى بفرۆشێت

ئێران دەیەوێت بەقاچاخ نەوتەکەى بفرۆشێت
posted onNovember 4, 2018
noبۆچوون

کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت لەدواى جێبەجێکردنى سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکا دژى وڵاتەکەى، دوور لەچاوەکان درێژە بەفرۆشتنى نەوتەکەى بدات، وەک بەشێک لەچاودێرانی کەرتى ووزە ئاشکرایان کردووە.

ژمارەیەک لەو چاودێرانە لەنووسینگە بچووکەکانیانەوە لەستۆکهۆڵمی پایتەختى سوید، لەرێگەى گرووپێکى نوێوە، چاودێرى کاروانەکانى نەوتى جیهانى دەکەن.

لەکۆتاییەکانى تشرینى یەکەمەوە، سەرجەم کەشتیەکانى ئێران، سیستەمى گەیاندنى کوژاندۆتەوە، بۆ ئەوەى لەنێو سیستەمى چاودێرى نێودەوڵەتى وون ببن، کەئەمەش هەنگاوێکى نوێی تارانە، لەدواى بەگەڕخستنى خزمەتگوزاری "تانکەر تراکرز دۆت کۆم" لەساڵى ٢٠١٦(خزمەتگوزارى بەدواداچوونى کەشتیەکان)، بەم هۆیەوەش ناتوانرێت چاودێری ئەو کەشتیانە بکرێت کەلەنێو دەریاکاندا جموجۆڵ دەکەن، تاکە رێگەش بۆ چاودێرى کردن وێنەکانى مانگی دەستکردە.

یەکێک لەدامەزرێنەرانى ئەو گرووپە بەئاژانسى "فرانس پرێس"ـى راگەیاند " ئەمە یەکەمجارە تارمییەکى تەواو بەسەر پرۆسەکەدا جێبەجێکراوە، ئەمەش ناوازەیە".

ئەو هەنگاوەش لەچوارچێوەى هەوڵەکانى تاران و کڕیارانیەتى بۆ ئەوەى " پێش سزاکان بچنە بوارى جێبەجێکردنەوە، پارێزگاری لەکاڵاکانیان بکەن".

بەگووتەى لیزا وارد، کەپشکدارە لەدروستکردنی خزمەنگوزارى بەدواداچوونى کەشتیەکان " ئێران نزیکەى ٣٠ کەشتى لەناوچەى کەنداو هەیەو، ئەو چەند رۆژەى دواییشدا بۆ ئەو زۆر ئەستەمە، بەڵام کارەکانیان خاو ناکاتەوە، بەڵکو درێژە بەچاودێرییەکانیان دەدەن".

هەموار کردنەوەى وێنەکانى مانگە دەستکردەکانیش یارمەتیدەرێکى گەورە بووە، بۆ ئەوەى جموجۆڵە بازرگانیەکانى ئەمساڵانەى دواییدا بەشێوەیەکى باشتر بەرێوەبچن.

بەو هۆیەوەش کۆمپانیاکانى وەک تانکەر تراکرز، بەشێوەیەکى رۆژانە چاودێرى جوڵەى کەشتیەکان دەکات، کەئەمەش لەکاتێکدایە " پێشتر لەهەفتەیەک یاخود زیاتر وێنەیەک دەگەیشتە دەست چاودێرانى کەشتیەکان".

کۆمارى ئیسلامى ئێران ئومێدەوارە پێش 5 تشرینى یەکەمى ئەمساڵدا، درێژە بەفرۆشتنى قەبارەیەکى زۆرتری نەوتەکەى بدات، کەلەدواى ئەو بەروارەوە، سزاکانى واشنتۆن دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوەو، ئاستى فرۆشتنەکانى دەگاتە ئاستە نزمەکانى خۆى.

هەرچەندە جۆیل هانکۆکن، پسپۆڕی کۆمپانیاى ناتیکسیس هیماى بەوە کردووە " ئەمە مانای وا نیە، ئاستى فرۆشتنەکانى تاران بەبەرزی دەمێنێتەوە".

بەفرانس پرێسى گووت " کێشە سەرەکییەکە لەخزمەتگوزارییەکانى چاودێرى کردنى کەشتیەکانە، ڕەنگە چاودێری جوڵەى هەناردەکردن بکات نەوەک فرۆشتنەکان".

جەختى لەوەشکردۆتەوە " کەشتیەکان ڕەنگە نەوت بۆ عەمبارییەکانى چین و چەند شوێنى دیکە بگوازێتەوە".

رێگایەکى دیکە لەماوەى سزاکانى ٢٠١٠ و ٢٠١٥بەکارهێنراوە، ئەویش بریتى بوون لەعەمبار کردنى نەوت لەکەشتیە زەبەلاحەکانى بەردەم کەنارەکانى کەنداو بووە.

ئەو کۆمپانیا چاودێرییە جەختى لەوەشکردۆتەوە " ئێستا شەش کەشتى هەیە تواناى هەڵگرتنى ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتى هەیە، کەلەنێو دەریادا جێگیر بووە، وەک کاتنێنەرى عەمبار کراو، ئەمەش فشارەکانى سەر بەندەرەکان سووک کردووەو، رۆڵى گەیاندنى خێرا ئەنجامدەدات".

سەرەڕاى کەمیی ژمارە ووردەکانى بازاڕى نەوت، کەشەفافیەتى تێدا لەئاستێکى زۆر نزمە، زۆربەى شیکاران دەڵێن " ئاستى هەناردەکردنى نەوتى ئێران لە 2.5 ملیۆن بەرمیلەوە کەلەنیسانى رابردوو تۆماریکردووە، بۆ  ١.٦ ملیۆن بەرمیل لەتشرینى یەکەمدا تۆمار کراون".

زۆربەى ئەو وڵاتانەى پەیوەندییەکى ئەمنی و بازرگانی قوڵیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە، دەستیان بەکەمکردنەوەى کڕینى نەوتى ئێرانى کردووە.

کۆریاى باشوور، کەیەکێک بووە لەکڕیارە سەرەکییانى ئەو نەوتە لەماوەى رابردوو قەبارەى کڕینەکانى گەیاندۆتە سفر، هاوکات ژاپۆنیش لەو ئاستە نزمە ماوەتەوە، لەپاڵ ئەوانیش زۆربەى وڵاتانى ئەورۆپاش هەمان هەنگاویان ناوە.

هەرچەندە یەکێتى ئەورۆپا بەڵێنى دروستکردنى دامەزراوەیەکى دیکەیان داوە، بۆ ئەوەى پارێزگاری لەکۆمپانیاکانیان بکەن، کەنەوتى ئێران دەکڕن، بەڵام پسپۆڕان گومانیان لەو پرۆسەیە هەیەو، بەمەترسییەکى گەورە بۆ ئەو کۆمپانیانە هەژمار دەکەن.

هنری رووم، پسپۆڕی کەیسى سزاکانى ئێران لەگرووپی یۆرئاسیا بۆ وەبەرهێنان دەڵێت " پێناچێت ئەو کۆمپانیا تایبەتیانە کارا بکەن، چونکە تواناى مامەڵەکردنى قەبارەى گەورەى نەوتى ئێرانیان نیە".

تاوەکو ئێستا واشنتۆن لێخۆشبوونى بە هەشت وڵاتى داوە، بۆ ئەوەى قەبارەیەکى نزمى نەوت بکڕن، بەو مەرجەی مامەڵەکانیان بەدۆلاری ئەمەریکى نەبێت.

چین تاچەند رۆژێک ئامادە نەبوو پابەندی سزاکانى ئەمەریکا بێت دژى ئێران، بەڵام لەپرێکدا و لەناکاو رایگەیاند" پابەندی سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکا دژى تاران دەبن"، ئەمەش بەگورزێکى گەورە بۆ رژێمى کۆمارى ئیسلامی دادەنرێت.

هۆکارەکەی پەکین، بۆ جەنگە ئابوورییەکەى لەگەڵ واشنتۆن دەگەرێتەوە، کەدەیەوێت تیشکى زیاترى بخاتە سەرو بەرەو چارەسەرى ببات.

رووم دووپاتیدەکاتەوە " لەماوەى رابردوو پەکین لەرێگەى بانکی کۆنلۆن، کەلەلایەن بانکی CNBC مامەڵەى دارایی لەگەڵ تاران ئەنجامدەدا، بەڵام لەدواى ٢٠١٢، ئەو بانکە کەوتۆتە ژێر سزاکانى واشنتۆن".

دەشڵێت " حکومەتى چین لەمەترسییەکان و کاردانەوەکان تێدەگات، نایەوێت ئەمجارەش هاوشێوەى ٢٠١٢کەرتە داراییەکانى رووبەرووى سزاى قورس ببنەوە".

پێشبینى دەکرێت چین بەدواى سەرچاوەى دیکەى نەوت بگەرێت، تاوەکو پێداویستیەکانى خۆى پڕ بکاتەوە.

هەرچەند ئێران سەرکەوتوو بێت لەبەقاچاخ بردنى نەوتەکەى، بەڵام ناتوانێت ئەو پارانە بخاتە هەژمارەکانى خۆیەوە، چونکە لەهەموو لایەکەوە چاودێرى جموجۆڵەکانى دەکرێت بەتایبەت لەلایەن دامەزراوەکانى واشنتۆنەوە.