بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران دوایین چانسى خۆى لەگەڵ ئەورۆپا تاقیدەکاتەوە

ئێران دوایین چانسى خۆى لەگەڵ ئەورۆپا تاقیدەکاتەوە
posted onNovember 4, 2018
noبۆچوون

لەگەڵ هەر کاتژمێرێکدا کۆمارى ئیسلامی ئێران لەسزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان نزیکتر دەبێتەوە، بۆ دەربازبوونیشى لەو ئاڵۆزە سەختەیدا، پەنا بۆ یەکێتى ئەورۆپا دەبات و دوایین کارتى چانسى خۆى لەو کیشوەرە بەکاردەهێنێت.

ئەمەریکا بەهۆى بەرنامە ئەتۆمیی و مووشەکی بالیستى و دەستێوەردانى لەکاروبارى ناوخۆیی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کۆمەڵێک سزای ئابوورى بەدوو قۆناغی بەسەر تاران سەپاندووە، کەقۆناغی یەکەمى لەسەرەتاکانى ئاب دەستیان پێکردو، قۆناغی دووهەمیش ئێوارەى دووشەممەی ئەم هەفتەیە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

سەرەڕای پاڵپشتیەکانى ئەورۆپا بۆ رزگار کردنى رێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى 2015 کەلەلایەن ئێران و شەش وڵاتانى جیهانى واژۆ کراوە، بەڵام برۆکسل نایەوێت " بچێتە بەرەنگاربوونەوەیەکى راستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن، تاوەکو رژێمى کۆمارى ئیسلامی پێی رزگار بکات و، دەروازەیەکى لاوەکیی بۆ بکاتەوە تا لەوێوە لەسزاکان هەڵبێت".

لەلایەن خۆیەوە ئاژانسى هەواڵى کۆمارى ئیسلامی ئێران لەسەر زارى مەحمەد جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوەی بڵاویکردۆتەوە " کەپەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەگەڵ فیدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتى دەرەکی یەکێتى ئەورۆپا ئەنجامداوە، پاشانیش لەگەڵ هاوتا ئەڵمانی، سویدی، دانیمارکیش گفتوگۆى لەسەر پرسى رێکارەکانى ئەورۆپا بۆ بەرەنگاربوونەوەى سزاکانى ئەمەریکا کردووە".

کەرتەکانى ئەمجارەى سزاکانى واشنتۆن بریتین لە " ووزە، نەوت، بانکەکان".

ژمارەیەک دیبلۆمات هەفتەى رابردوو رایانگەیاندووە " ئالیەتە نوێیەکەى ئەورۆپا ئاسانکاری بۆ پێدانى تێچووەکانى هەناردەکردنى ئێرانی دەکات، کەبڕیارە لەدواى ٤ـی تشرینى دووهەمەوە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کەهاوکاتە لەگەڵ جێبەجێکردنى سزاکانى ئەمەریکا".

جەختیان لەوەشکردۆتەوە " سزاکان بەشێوەیەکى فیعلی لەسەرەتاى ساڵى نوێوە، تووندتر دەبێتەوە".

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا دەیەوێت لەرێگەى پاکێجی سزایە ئابوورییەکانەوە، چۆک بەو رژێمە دابدات، تاوەکو سنوورێک بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەى و مووشەکی بالیستى بنیت، کەهەڕەشەیەکى روونە بۆ ناسەقامگیرى ناوچەکە.

جگە لەوانەش دەست لەسیاسەتە شەڕانگێزەکانى هەڵبگرێت، کە لەرێگەى پاڵپشتى کردنى میلیشیا نزیکەکانى خۆیەوە، ئەنجامیان دەدات، بەتایبەت لەعێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، بەمدواییانەش دەستى گەیشتۆتە نەیجیریا.

سەرۆکى کوشکی سپی پێش دەستبەرکار بوونى وەک سەرۆکى ئەو وڵاتە دژى رێکەوتننامە ئەتۆمییەکە بوو و، بەڵێنى ئەوەشى دا " ببێت بەسەرۆک لەو رێکەوتنە دەکشێنەوە، بۆ ئەوەى رێکەوتنێکى دوو قۆڵى لەگەڵ ئێران واژۆ بکەن، قازانجی زیاتری بۆ وڵاتەکەى هەبێت".