بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

خۆپێشاندانی مەهابادییەکان ئیتلاعات و ئەماکینی وەجواب هێنا!

خۆپێشاندانی مەهابادییەکان ئیتلاعات و ئەماکینی وەجواب هێنا!
دووکاندارەکانى تاناکۆڕاى مەهاباد خۆیان پارەی پارکینگەکەیان داوە بۆیە ڕێگە نادەن شارەوانى لێیان تێک بدات
شارەوانى مەهاباد بڕیارى داوە بە هەر بەهایەک بووبێت پارکینگى مەهابادییەکان بڕووخێنێت.
posted onJune 19, 2018
noبۆچوون

 

دوای ئەوەی شارەوانی مەهاباد سەر لە بەیانی دۆینێ دووشەممە جاریکی دیکە هەوڵی دا پارکینگی تاناکۆرای مەهاباد بڕووخێنێ، کاسبکارانى ئەو بازاڕچەیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەو کارەی شارەوانی ڕێپێوانێکی جەماوەرییان بۆ بەر دەرکی ئەو ناوەندە حکومەتییە ئەنجام دا.

ئەوە چەندەمین جارە بە بیانووی  پرۆژەی دروستکردن دوکان، شارەوانی مەهاباد هەوڵی تێکدانى پاڕکینگی تاناکۆڕای مەهاباد دەدات و ڕوبەڕووی کاردانەوەی تووندی خەڵک دەبێتەوە.

جاری پێشوو دووکاندارانی تاناکۆڕا، پەلاماری ئەو ئەتلەس و کەرەسانەیان دا کە شارەوانی بۆ ڕووخاندنی پاڕکینگەکە ناردبوونی و لە ئەنجام دا شارەوانی لە ترسی تەشەنەکردنی ئەو ناڕەزایەتییە و گەورەبوونی پرسەکە وازی لە ڕووخاندنی پارکینگەکە هێنا.

هەر لە درێژەی پاوانخوازییەکانی بەڕێوەبەرانی شارەوانی مەهاباد، سەرلەبەیانی دۆینێ جارێکی دیکە بەرپرسانی ئەو دەزگایە دەستیان کردەوە بە جێبەجێکردنى ڕووخاندنی پارکێنگەکە و ئەو کارەی شارەوانیش  بووە هۆی هاتنە سەر شەقامی خەڵکی ناڕازی و بەڕێکەوتنیان بۆ بەر دەرکی  ئەو شارە.

ئەوەی جێگەی سرنجە ئەوەیە کە دوای ئەو مانگرتنە ناڕەزایەتیە سەرۆکی دەزگای ئیتلاعات و بەرپرسی ئەماکینی شاری مەهاباد لە ترسی تەشەنە کردن و گۆڕانی ئاراستەی خۆپێساندانەکە چوونە نیو خۆپێشاندەران و پێیان کووتون ئێوە واز لە خۆپێشاندان بێنن بەڵێن بیت ئێمە ئەو بەشە لە دیوارەش کە ڕووخاوە بۆتان چاک دەکەینەوە و بە هیچ شێوەیەک شارەوانی مەهاباد مافی ڕوخاندنی پاڕکینگی تاناکۆرای نییە.