ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بڕیارنامەیەکی پێشنیازکراوی وڵاتانی ڕۆژئاوای دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پەسند کرد، کە تێیدا داوا لە تاران دەکرێت شەفافیەتی زیاتر بنوێنێت.
ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە پێشکەش کرابوو، تێیدا داوا لە ئێران کراوە سەرجەم یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی ئاشکرا بکات و ڕێگە بە پشکێنەرانی ئاژانس بدات پڕۆسەی ڕاستی و دروستیی ئەو زانیارییانە ئەنجام بدەن. بڕیارنامەکە بە 21 دەنگی بەڵێ، 3 دەنگی نەخێر (ڕووسیا، چین و نەیجەر) و 10 دەنگی بێلایەن پەسند کرا.
ئاژانس داوا دەکات ئێران "بەبێ دواکەوتن" زانیاریی ورد لەسەر ماددە ئەتۆمییەکانی بداتە پشکێنەران و دەستڕاگەیشتنی تەواویان بۆ بڕەخسێنێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژئاوا نیگەرانە لە زیادبوونی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن تارانەوە.
نوێنەرایەتیی ئێران لە ڤیەننا، بڕیارنامەکەی بە "سیاسی" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئاژانس لایەنگریی کردووە و لە چوارچێوەیەکی پرۆفشناڵ دوورکەوتووەتەوە. تاران هۆشداری دا کە ئەم بڕیارنامەیە بێ وەڵام نابێت و "لە پاراستنی مافە ڕەواکانی خۆی" پاشەکشە ناکات، ئەمەش گومان دەخاتە سەر داهاتووی هاوکارییەکانی تاران و ئاژانسەکە.