بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

رێژیمی ئێران دوو خۆپێشاندەری کوردی لەسێدارەدا

رێژیمی ئێران دوو خۆپێشاندەری کوردی لەسێدارەدا
posted onJune 2, 2026
noبۆچوون

کۆماری ئیسلامی ئێران دوو گەنجی کوردی بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" و بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان لەسێدارە دا، ئەمەش لەکاتێکدایە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری لە زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان دەدەن لەژێر سێبەری گرژییە هەرێمییەکاندا.

ئاژانسی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی هەریەکە لە "میهرداد محەممەدینیا" و "ئەشکان مالیکی" لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە. ئەم دوو گەنجە کە خەڵکی شاری قوروەی پارێزگای سنەن، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی سەرەتای ئەمساڵ لە تاران دەستگیرکرابوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی حکومەت، ئەو دوو کەسە تۆمەتبار کراون بە "سووتاندنی مزگەوتێک، تێکدانی موڵکی گشتی و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان". دەسەڵاتدارانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کردەوەکانیان "ئاسایشی نیشتمانیی خستووەتە مەترسییەوە" و وەک بیانوویەک بۆ "هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل" وێنایان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گومان دەخەنە سەر ڕەوایی دادگاییکردنەکە. ئەم ڕێکخراوانە دەڵێن تۆمەتباران لە مافی هەبوونی پارێزەر و دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بێبەش کراون. هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە سزاکە بە شێوەیەکی کتوپڕ جێبەجێ کراوە، بەبێ ئەوەی ڕێگە بە خێزانەکانیان بدرێت بۆ دواین جار چاویان پێیان بکەوێت.

ئەم لەسێدارەدانانە لە کاتێکدایە کە ناوەندە مرۆییەکان نیگەرانیی قووڵیان هەیە لە زیادبوونی سزای مەرگ لە ئێران. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ڕایگەیاندووە کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ناوچەیی، لانیکەم ٣٨ زیندانیی سیاسی و ئەمنی لە ئێران لەسێدارە دراون.

هەنگاو هۆشداریش دەدات کە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەسەر زیندانییەکی دیکەی کورد بە ناوی "ئارمان مەعریفەتی" هەیە، کە هاودۆسیەی ئەو دوو گەنجەیە و خەڵکی شاری سەقزە.

چاودێران پێیان وایە تاران دۆخی نائارامی ناوچەکە بەکاردەهێنێت بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی ناوخۆیی و جێبەجێکردنی سزای مەرگ بەبێ ڕەچاوکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.