ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی ئاشکرای کرد، لە ماوەی تەنیا 16 ڕۆژی ئاگربەستدا، سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی 48 هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، کە زۆرینەیان ئامانجیان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا 695 هێرشی درۆن و مووشەکی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە هەشتی نیسان، تاوەکو 24ی نیسان 48 هێرشی دیکە ئەنجامدراون؛ ڕێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە کە ئێستا زۆربەی هێرشەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن تارانەوە ئەنجام دەدرێن و ئاراستەی هێرشەکان گۆڕاوە.
بەپێی ئامارەکانی CPT، لە کۆی 48 هێرشی ماوەی ئاگربەست، 37 هێرشیان (77٪) کراونەتە سەر کەمپ و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر زۆرینەی هێرشەکان لەلایەن گرووپە چەکدارە ناوخۆییەکانی عێراقەوە بوون و ئامانجیان بنکە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بووە.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT داوا دەکات دەستبەجێ هێرشەکان بوەستێنرێن و بەغدا سەروەریی خاکەکەی بپارێزێت. هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ دەکات، پاڵپشت بە یاسا بەرکارەکان، کار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانە بکەن کە لەم جەنگەدا زیانیان بەرکەوتووە.