بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

حیزبی دێموکرات رەتی دەکاتەوە پێشمەرگە شەهیدەکانیان دەستیان لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداراندا هەبووبێت

حیزبی دێموکرات رەتی دەکاتەوە پێشمەرگە شەهیدەکانیان دەستیان لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداراندا هەبووبێت
posted onMay 19, 2026
noبۆچوون

قەرارگەی هەمزەی سوپای پاسداران رایگەیاند لە تۆڵەی کوژرانی ئەندامێکی سوپا هێرشیان کردە سەر بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. سەرکردەیەکی ئەو حیزبەش دەڵێت، ئەوانەی شەهید بوون لە کاتی کوژرانی ئەندامەکەی سوپای پاسداران پێشمەرگە نەبوون.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی قەرارگای حەمزە، هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەمپی حیزبی دیموکرات لە جێژنیکان و بالیسان و بە هۆی هێرشەکە سێ کەس شەهید بوون و 3 کەسی دیکە برینداربوون.

بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپا، هێرشە لە تۆڵەی کوژرانی، مەهدی سەڵماسی، ئەندامی سوپای پاسداران بووە کە ساڵی 2017 لە پیراشار کوژراوە و دەشڵێت ئەو کەسانەی لە هێرشەکان کوژراون تاوانبارانی سەرەکی کوشتنی مەهدی سەڵماسین.

بەڵام کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارانی رەتکردەوە و دەڵێت: "ئەو پێشمەرگانە لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا بەشدارنەبوون و لە ساڵی 2020 بەدواوە هاتوونەتە ناو ریزەکانی حیزبەکە. یەکێکیان کوڕە پێشمەرگەیە و تەمەنی 17 ساڵە، لە نێو کەمپی مەدەنیدا بووە."

رۆژی هەینی 17ی نیسان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپی جێژنیکان لە سنووری قەزای بەحرکە لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا کوڕی پێشمەرگەیەک شەهید بووە و خۆیشی بریندار بووە، هەروەها بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بارەگای حیزبەکەی لە سنووری سیدەکان لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا دوو کچە پێشمەرگە شەهید بوون و کچە پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بووە."