بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتی ١٠ رۆژ دەداتە ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن

دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتی ١٠ رۆژ دەداتە ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن
posted onFebruary 19, 2026
noبۆچوون

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هۆشدارییەکی توندی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایگەیاند، پێویستە تاران لە ماوەی ١٠ رۆژی داهاتوودا لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ واشنتن بگاتە "رێککەوتنێکی مانادار"، ئەگەرنا ڕووبەڕووی "رووداوی خراپ" دەبێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا لە میانی یەکەمین کۆبوونەوەی "دەستەی ئاشتی"، کە دەسپێشخەرییەکی خۆیەتی بۆ دابینکردنی سەقامگیری لە کەرتی غەززە، گوتی: "لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەوە سەلمێندراوە کە گەیشتن بە رێککەوتنێکی مانادار لەگەڵ ئێران کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئێمە دەبێت بگەینە ئەو رێککەوتنە، ئەگەرنا ڕەنگە واشنتن ناچار بێت هەنگاوێکی زیاتر بنێت."

ئەم هەڕەشانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئەمریکا کەشتیی جەنگی، فڕۆکەی جەنگی و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتووی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە و ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرەکان دەکات. ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە جیهان "لە ماوەی ١٠ رۆژی داهاتوودا دەزانێت چی روودەدات."

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی، ئەگەر "ئایەتوڵڵاکان" هەڵە بکەن و هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەی، وەڵامێکیان دەدرێتەوە کە تەنانەت ناتوانن خەیاڵیشی بکەن. ئەم گرژییە دیپلۆماسی و سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری ململانێیەکی بەرفراواندایە.