بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ: ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زۆر لە خەمڵاندنە میدیاییەکان زیاترە

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ: ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زۆر لە خەمڵاندنە میدیاییەکان زیاترە
posted onJanuary 20, 2026
noبۆچوون

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، پێدەچێت ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت لە بەرزترین ئەو خەمڵاندنانەش زیاتر بێت کە تاوەکو ئێستا لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە و ڕەنگە ژمارەی کوژراوەکان بگاتە 20 هەزار کەسیش.

حکومەتی ئێران کوژرانی "هەزاران کەس"ی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام لە هەندێک خەمڵاندنی میدیاییدا باس لەوە دەکرێت کە ژمارەی کوژراوان گەیشتبێتە "20 هەزار کەس".

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە، لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا کە 14ـی کانوونی دووەم بڵاوکراوەتەوە، کوژرانی 3,428 کەسی پشتڕاست کردووەتەوە؛ ڕێکخراوەکە دەڵێت تەنیا لە نێوان 8 بۆ 12ـی کانوونی دووەمدا، 3,379 کەس کوژراون. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە، ئێستا نوێکردنەوەی ئامارەکانی ڕاگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "هرانا" (HRANA) کە تایبەتە بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و بنکەکەی لە ئەمریکایە، لە ئامارێکی نوێدا کە رۆژی سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەم بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە کە کوژرانی 4,029 کەس "پشتڕاستکراوەتەوە". بەپێی ئامارە وردەکارییەکەی هەرانا، 3,786 کەس لە کوژراوەکان خۆپێشاندەر بوون و 180 کەسیشیان لە هێزە ئەمنییەکان یان سەر بە حکومەتن. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە 9,049 کەیسی دیکەی کوژران لەلایەن ڕێکخراوەکەوە "لەژێر لێکۆڵینەوەدان".

هاوکات شایەتحاڵان بۆ میدیا نێودەوڵەتییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ناوەندە تەندروستییەکان و ساردکەرەوەکانی تەرم، ژمارەیەکی زۆر بریندار و کوژراویان بینیوە.