بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کەنەدا سزای بەسەر چوار بەرپرسی باڵای سەربازی و دادوەریی ئێراندا سەپاند

کەنەدا سزای بەسەر چوار بەرپرسی باڵای سەربازی و دادوەریی ئێراندا سەپاند
posted onDecember 17, 2025
noبۆچوون

حکومەتی کەنەدا بە تۆمەتی "پێشێلکاریی مافی مرۆڤ" و بەڕێوەبردنی "سیاسەتی سەرکوتکاری"، سزای بەسەر چوار بەرپرسی باڵای سەربازی و دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاند.
بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، سزادراوەکان پێکهاتوون لە؛ موحسین کەریمی، فەرماندەی قەرارگای نەجەفی ئەشرەف لە کرماشان؛ ئەحمەد خادیم سەیدولشوهەدا، فەرماندەی قەرارگای ناوچەیی کەربەلای هێزە وشکانییەکانی سوپای پاسداران؛ مستەفا موحیبی، سەرۆکی دەرکراوی ڕێکخراوی زیندانەکانی پارێزگای تاران و حەسەن ئاخەریان، سەرۆکی پێشووی بەشی یەکی زیندانی ڕەجایی شەهر.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاندووە، ئەو چوار کەسە دەستیان هەبووە لە "پێشێلکاریی بەرفراوان و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ" لە ئێران و ڕۆڵیان لە جێبەجێکردنی سیاسەتە سەرکوتکارییەکاندا گێڕاوە. ئۆتاوا جەختی کردووەتەوە کە لە گوشارەکانی بۆ سەر تاران و داواکاری بۆ گۆڕانکاری بەردەوام دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پێویستە کۆماری ئیسلامی لێکۆڵینەوە لە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بکات و دادپەروەری بۆ قوربانیان دەستەبەر بکات.
ئەمە ١٨یەمین پاکێجی سزاکانی کەنەدایە بۆ سەر بەرپرس و دامەزراوەکانی ئێران لەوەتەی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ەوە. بەمەش کۆی گشتیی ئەو کەس و لایەنانەی لەلایەن کەنەداوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، گەیشتە زیاتر لە ٢١٠ کەس و ٢٥٤ دامەزراوەی ئێرانی.
کەنەدا کە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە ئێرانی وەک "وڵاتی پاڵپشتیکاری تیرۆر" ناساندووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بۆ ٢٣یەمین ساڵ لەسەریەک، سەرپەرشتیی بڕیارنامەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات تایبەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران.