
ئەمڕۆ 25ی گەلاوێژ 80 ساڵ بەسەر دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تێپەڕ دەبێت. ئەم حیزبە ساڵی 1325 و بە دەستی پێشەوا قازی محەممەد لەسەر بناخەی کۆمەڵەی ژ-ک دامەزرا و تەنیا چەند مانگ دواتر واتە لە 2ی رێبەندانی هەمان ساڵدا کۆماری کوردستانی لە شاری مەهاباد دامەزراند. ئەو کۆمارەی تاوەکو ئێستا هەموو کورد شانازی پێوە دەکەن و یەکێکە لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی کوردستان.
حیزبی دێموکرات لە ماوەی 8 دەیە تێکۆشانیدا و لە دوای کۆماری کوردستانەوە، تەنیا چەند ساڵێکی کەم لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357دا تێکۆشانی ئاشکرای لەنێو خەڵکی خۆیدا هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەم حیزبی پێشەنگ و جێی متمانەی خەڵکی کوردستانە، گەرچی لە تاراوگەشدا بووە.
حیزبی دێموکرات تاوەکو ساڵی 1362 هەندێ ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستانی هێشتا بە دەستەوە مابوو، بەڵام دوای ئەوە بۆ باشووری کوردستان پاشەکشێی کردووە.
لە ماوەی 8 دەیە تێکۆشانیدا حیزبی دێموکرات نزیکەی 5 هەزار پێشمەرگەی لە رێگای ئازادی و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورددا، لە مەیدانی خەباتدا شەهید بوون و بە هەزارانیش بریندار بوون و سەدان پێشمەرگەش تیرۆر کراون.
حیزبی دێموکرات 3 ڕێبەری بە وەج و لێهاتووی شەهید بووە، پێشەوا قازی محەممەد، د.عەبدولڕەحمان قاسملوو و د.سادق شەرفکەندی. ڕەنگە لە خەباتی مافخوازیی گەلاندا کەمتر حیزبێک ئەوەندە ڕێبەرەی شەهید بووبێت و لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لەسەر پێ بێت و کۆڵنەدەرانە بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی هێشتا لە مەیدانی خەبات و بەرەنگاریدا بێت.
سەرەڕای هەموو ئەو کەندوکۆسپە زۆرانەی لەسەر رێگای ئەم حیزبە بوون و هەن، بەڵام هێشتا لەسەر بنەما و پرنسیپە سەرەکییەکانی پێداگرە، لەوانە: دێموکراسی، مافی نەتەوەیی، ئاشتی و بەدیهێنانی ژیانێکی شیاو بۆ خەڵکی کورد لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئینجا لە ئیلامەوە بگرە تاوەکو دەگاتە باکووریترین ناوچەکانی پارێزگای هەمیشە کوردی ورمێ.