بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕێپێوانێک له جوانڕۆ تا حەڵەبجه بۆ ڕێز گرتن له یادی شەهیدانی حەڵەبجه

ڕێپێوانێک له جوانڕۆ تا حەڵەبجه بۆ ڕێز گرتن له یادی شەهیدانی حەڵەبجه
کۆمەڵێک له چالاکوانانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی
له ڕۆژهەلاتی نیشتمان، سنوور دەستکردەکان دەشێوێنن تاکوو پەیامی یەکبوون بلاو بکەنەوه
posted onMarch 14, 2024
noبۆچوون

کۆمەڵیک له چاڵاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان له چالاکییەکی نەتەوەیی، هاوکات لەگەڵ ٣٦مین ساڵیادی کیمیابارانی حەڵەبجه، بڕیاریان داوه، نێوان جوانڕۆ هەتا حەڵەبجه بپێوێن و له ڕۆژی هەینی، ١٦ مارس، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی ئەم کارەساته، لەسەر گڵکۆی شەهیدانی حەڵەبجه ئاماده ببن و پەیمان نوێ بکەنەوه.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاواتودەی، کۆمەڵیک له ئەویندارانی کوردستان، بۆ بەرز ڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی کارەساتی کیمیابارانی حەڵەبجه، بڕیاری بەڕێوه‌بردنی ڕێپێوانێکی نەتەوەییان له جوانڕۆوه بۆ حەڵەبجه داوه.

ئەم گروپه پێکهاتووه له کۆمەڵیک چالاکوانی مەدەنی جوانڕۆ و سەلاس باوەجانی، که له ڕاگەیندراوێک ئامانجی خۆیان لەم چلاکییه "بەرز ڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی کارەساتی کیمیابارانی حەڵەبجه" دەناسێنن.

هەروەها لەم ڕاگەیندراوه هاتووه: "مەبەست لەم چالاکییه دەربڕینی هاوخەمی و زیندوو ڕاگرتنی ئەم کارەساته و ڕاگواستن و ناساندنی ئازار و مەینەتییەکانی حەڵەبجەیه بۆ نەوەی نوێ".

کیمیابارانی ھەڵەبجە یان کۆمەڵکۆژی ھەڵەبجە لە١٦ مارسی ١٩٨٨ زایینی به فەرمانی سەدام حوسەین ڕوویدا.

لەم تاوانه، زۆرتر له پێنج هەزار ھاوڵاتی کوردی بێتاوان بە چەکی کیمیایی خەردەڵ کوژران، هەروەها زۆرتر له ده هەزار کەسیش بریندابوونه.