بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆمارى ئیسلامى چەکە ئەمریکییەکانی عێراق بەرەو رووسیا ڕەوانە دەکات

کۆمارى ئیسلامى چەکە ئەمریکییەکانی عێراق بەرەو رووسیا ڕەوانە دەکات
AvaToday caption
posted onApril 13, 2022
noبۆچوون

چەند سەرچاوەیەکى رۆژئاوایی و عەرەبی بڵاویانکردۆتەوە رووسیا چەک و تەقەمەنى سەربازیی عێراقی لەرێگەى کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێدەگات، بۆ ئەوەى درێژە بەجەنگە سەربازییەکانى لەئۆکراینا بدات. ئەو پرۆسەیەش لەرێگەى تۆڕێکى قاچاخی چەکی ئێرانیەوە بەرێوەدەچێت و، میلیشیا عێراقییە نزیکەکانى تاران و، دەزگا هەواڵگرییە هەرێمایەتیەکانیش ئاگاداری ئەو پرۆسەیەن.

 

رۆژنامەى (گاردیان)ـى بەریتانی بڵاویکردۆتەوە " چەندین مووشەکی ئار بی جی و، مووشەکی دژە تانک و، سیستەمی تەقاندنى مووشەکی بەرازیلی لەبەغداوە گەیتۆتە مۆسکۆ". هیماى بەوەشداوە " لەمانگی رابردوو پرۆسە سەربازییەکانى رووسیا تووشى شڵەژان بووەتەوە". جگە لەوانەش رژێمى ئێران سیستەمی مووشەکی جۆری باڤار ٣٧٣ پیشەسازیی ناوخۆیی، هاوشێوەى ئێس ٣٠٠ رووسی ڕەوانەى رووسیا کردووە، هەروەها تاران قەڵغانی مووشەکی ئاسمانى جۆری ئێس ٣٠٠ رووسی گەڕاندۆتەوە وڵاتە دروستکەرەکەى.

راپۆرتى ئەو رۆژنامەیەى لەندەن ئاشکرای کردووە " رووسیا لەو هەڵمەتە پشتى بەقاچاخچێتى چەک بەستووە، کەئەمەش گۆڕانکارییەکى ریشەییە لەستراتیژییەتى مۆسکۆ، کەپشتى بەتاران هاوپەیمانە سەربازییەکەى لەسووریا بەستووە، بۆ ئەوەى لەو سزایانەى بەسەریدا سەپێنراوە دەربازی بێت، کەبەهۆى هێرشکردنە سەر کییڤ بەسەریدا سەپێنراوەو، توانا پیشەسازییەکانى لاواز کردووە".

زۆربەى ئەو چەک و تەقەمەنییانەش لەعێراقەوە ڕەوانەى رووسیا کراون، لەژێر دەستى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی بووە، کەبەهێزترین هێزى سەربازیی ئێرانییە لەنێوخۆى ئەو وڵاتەو، گەورەترین کاروانی ئەو چەکانەش لەرۆژى ٢٦ ئاداری رابردوو بووە، لەدەروازەى شەلامچەى شارى بەسڕاوە گەیشتۆتە دەست سوپاو هێزە چەکدارەکانى ئێران. سەرجەم ئەو چەکانەش لەرێگەى زەمینیەوە بەرەو رووسیا ڕەوانە کراون.

سەرچاوەیەکى عێراقی بەو رۆژنامەیەى گووت " دوو سیستەمی مووشەکی ئەسترۆس دووی بەرازیلی ڕەوانەى ئێران کراوە، بۆ ئەوەى بگەینرێتە مۆسکۆ". لەماوەى رابردووش سێ کەشتى بارهەڵگری چەک لەبەندەری ئەنزالی ئێرانی لەسەر دەریاى قەزوینەوە بەرەو بەندەری ئەستراخانی رووسی رۆیشتووەو، لەوێ بارەکەى بەتاڵکرد. موهەند عەلی، توێژەرى ناوەندی کارینگی بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕایگەیاند " ئەو جۆرە چەکە پێشکەوتووانەى وەک سیستەمی تەقاندنی مووشەکی، ڕەنگە لەسەر زەوی رۆڵێکى سەرەکی لەهاوسەنگی جەنگەکە بگۆرێت". دووپاتیکردەوە " وڵاتانى دیکە وەک چین، پێویستە لەسەریان زۆر بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەیە بکەن، هەر گەیاندنى چەک بەمۆسکۆ رووبەرووی سزای نوێتری دەکاتەوە".

لەبارەى پاڵپشتیەکەی تاران بۆ هاوپەیمانە ستراتیژییەکەى دەڵێت " ئێران بەشێکە لەهاوپەیمانى ستراتیژی مۆسکۆ، بۆیە نایەوێت هاوپەیمانەکەى هێزی خۆى لەو ململانێیە لەدەست بدات، ئەگەر رژێمەکەى پۆتین تووشى شڵەژان بێت، ئەوان راستەوخۆ کاریگەرى لەسەر رژێمەکەى دەبێت بەتایبەت لەسووریا".

دواى هێرشەکەى سوپاى رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ٢٤ شوباتى رابردوو، وڵاتانى رۆژئاوا چەندین سزاى ئابووری جۆراجۆریان بەسەر مۆسکۆ سەپاند، سزایەکانیش مەدەنى و سەربازی بوون، لەپاڵ ئەوانەش زۆربەى کۆمپانیاو ناوەندە بازرگانیەکان مامەڵەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵپەساردو، سەرجەم نووسینگەو وەبەرهێنانەکانیان ڕاگرت.

لەلایەن خۆیشیەوە ئۆکراینا ئاشکراى کردووە " بەهۆى سزاکانەوە، کارگە پیشەسازییە سەربازییەکان تووشى قەیرانى بەدەستهێنانى پارچەى یەدەگ بوونەتەوە، بەتایبەت بۆ دروستکردنى تانک و زریپۆش". بەپێی خەمڵاندنە رۆژئاواییەکان لەکۆى ١٢٥ کەتیبەى شەڕکەرى رووسیا، نزیکەى ٢٩ گرووپی تەکتیکی لەهێزەکان، ئێستا لەقۆناغی شەڕکردنەوە ڕاگیراون، جگە لەزیانە ستراتیژی و ئابوورییەکان کەرووبەرووی ئەو وڵاتە بووەتەوە. سەرەتا سوپاى رووسیا بەچڕى هێرشی بۆ داگیرکردنى کییڤ برد، بەڵام ئێستا پرۆسەکان گۆڕان و، بەرەو کۆنترۆڵکردنى ناوچەى دۆنباس لەباشوورى رۆژهەڵاتى ئۆکراینا هەنگاویان ناوە.

بەقسەى بەرپرسانى ئەمەریکا بەرپرسە سەربازییەکانى رووسیا داواى چەک وهاریکارییان لەپەکین کردووە، بۆ ئەوەى درێژە بەئۆپەراسیۆنەکانیان لەئۆکراینا بدەن. لەو نێوەندەش سربیا، لەچوارچێوەى ئۆپەراسیۆنێکى نهێنى، سیستەمێکى دژە فرۆکەى لەپەکینەوە پێگەیشتووە، تاوەکو ئێستا چەکەکە لەنێو سربیا ماوەتەوە، ئەمەش مەترسییەکى دیکەى دروستکردووە، لەپاڵ شەڕى رووسیاو ئۆکرانیا، جەنگ لەناوچەى بەڵقان سەرهەڵبداتەوە.