بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سوپاى پاسداران بە تاڵانبردنى خیزی جەغەتوو ئاراستەى ڕووبارەکەى گۆڕیوە و بەمەش خەڵک تووڕەن

سوپاى پاسداران بە تاڵانبردنى خیزی جەغەتوو ئاراستەى ڕووبارەکەى گۆڕیوە و بەمەش خەڵک تووڕەن
AvaToday caption
posted onApril 12, 2022
noبۆچوون

🌐  ئاڤاتودەی

بە پێى هەواڵى گەیشتوو بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵکى چەندین گوندى سەر ڕووبارى جەغەتووى میاندواو و بۆکان لەگەڵ سوپاى تیرۆریستى کۆمارى ئیسلامى ڕووى داوە.

 

ئەم تێکهەڵچوون و شەڕەش لە دواى ئەوە بووە کە بەکرێگیراوەکانى سوپاى پاسداران ویستوویانە خیز لە ڕووبارى جەغەتوو ببەن کە چەندین ساڵە بەم شێوەیە خیزى لێ دەدزن و ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى کە هەم سرووشتەکە تێک بچێت و هەمیشە بە گوتەى خەڵکى گوندەکانى دەورى ڕووبارەکە خۆڵبارین دروست ببێت و ئاویش بەرەو کەمى بچێتەوە.

یەکێک لەو گوندانەى کە خەڵکەکە ڕووبەڕووى سوپا بوونەتەوە، گوندى برایم ئاواى شارى بۆکانە کە نەیانهێشتووە بەکرێگیراوەکانى سوپا خیز لە تەپۆڵگەى گردى قەبران و ڕووبارەکە ببەن.

هاووڵاتییەکى گوندەکە کە پەیامى ناردووە بۆ ئاڤاتودەى، باسى لەوە کردووە کە "ئەم گوند و تەپۆڵکە و باخ و دارانەى گوندەکەمان، موڵکى ئێمەى گوندییە و تەنیا لە دارایی دونیا ئەم شتانەمان هەیە، کەچى ڕژێم دەیهەوێت ئەو شتانەشمان لێ بەتاڵان بەرێت و پارەکەى بچێتە گیرفانى سوپاى تیرۆریستى پاسدارانەوە".

جەغەتوو

ئەمە دیمۆگرافیاى ڕووبارى جەغەتوویە کە لە ماوەى ٤٠ ساڵ چۆن گۆڕاوە

 

بە پێى ئەو توێژینەوەیەى کە لە وەرزنامەى "هیدروژئومورفولوژى ـ شمارە ٢، بهار ١٣٩٤) بڵاو بووەتەوە، "ڕوبارى جەغەتوو سێ جار و لە سێ کاتى جیاوازى (ساڵەکانى ١٩٨٥، ١٩٨٩ و ٢٠١٠) ئەنجام دراوە، ڕووبارى جەغەتوو کە لە دوو بەشى ٣٨ و ٥٠ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە و بە درێژایی ٢٣٠ کیلۆمەتر وەک درێژترین ڕووبارى باکورى ڕۆژئاواى ئێران هەژمار دەکرێت و بە شارەکانى بۆکان و تەکاب و شاهین دژ و میاندواو تێدەپەڕێت و دەڕژێتە گۆلاوى ورمێ. بە لابردن و هەڵگرتن و تاڵانبردنى خیزەکەى، ڕووبارەکە لە زۆر شوێن ئاراستەکانى گۆڕدراوە و ئەمەش کاریگەرى لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانى دەورى هەبووە و تەنانەت بووەتە هۆى ئەوەى کە پانتایی لێوارەکانى ڕووبارەکە لە ٦.٥ کیلۆمەترى چوارگۆشەوە بۆ ٥.٤٣ کیلۆمەترى چوارگۆشە لە بەشى یەک و ٦.١٩ کیلۆمەترى چوارگۆشە بۆ ٤.٨٧ کیلۆمەترى چوارگۆشە لە بەشى دوو کەم بکات. هەروەها تا ساڵى ٢٠١٠، نزیکەى ٤.٨٤ کیلۆمەتەرى چوارگۆشە زەوییەکانى تێک چوونە. چونکە ڕووبارەکە ئاراستەى گۆڕدراوە لە زۆر شوێن و بەمەش واى کردووە کە لەو شوێنانە ئاوەکەى کە م بکات و زەوییەکانى وشک بن.

شایەنى باسە، سوپاى پاسداران و سەرجەم ناوەند و ڕێکخراوەکانى سەر بە سوپا و هێزە ئینتزامییەکان، لە ڕێگەى بەکرێگیراوەکانییانەوە لەمێژە خەریکى بەتاڵابردنى سەروەست و سامانى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستانن و سەرەتا لە ڕێگەى کانە بەرد و زێڕەکانەوە و دواتر لە ڕێگەى دزینى ئاو و دار و سووتاندنى دارستانەکانەوەو  ئێستاش لە ڕێگەى بردنى خیز و دار و بەردى ڕۆژهەڵاتەوە دەیانەوێت گیرفانى خۆیان پڕ و پشتیوانى هێزە تیرۆریستییەکانى ناوچەکە و دونیا بکەن.