بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بەنداوى ئیلیسوو بۆ کوشتنى کوردە!

بەنداوى ئیلیسوو بۆ کوشتنى کوردە!
AvaToday caption
posted onNovember 13, 2021
noبۆچوون

بەنداوى ئیلیسوو لە لایەن ئەردۆغانەوە کرایەوە، ئەمەش لە چوارچێوەى گەڵاڵەى گاپ بوو کە  ٢٢ بەنداوە و زۆربەیان و گەورەکانیان دەکەونە باکوورى کوردستان، لە چوارچێوەى سیاسیش وەک پلانێکى ژەهراوى سەیر دەکرێت چونکە هۆکارەى بۆ ئەوەى دیموگرافیاى ناوچە کوردییەکان بگڕێت و کوردەکان دووبارە کۆچەر و قەلەندەر بکاتەوە و ناوچەکەشیان بکەوێتە بەر وێرانەیەکى ئەکۆسیستەمى.

 

 

ئەو پڕۆژەیە بە ئامانجى بەرهەمهێنانى وزە و لە چوارچێوەى پڕۆژەى ڕۆژهەڵاتى باشوور (گاپ) ئەنجام دراوە کە بەردى بناغەکەى لە ساڵى ٢٠٠٨ى زایینى و لە لایەن خودى ئەردۆغانەوە دانرا. بەنداوەکە لە ساڵى ٢٠١٩ى زایینى کە ئاوى تێدا کۆ کرایەوە و لە ١٩ گوڵاتى ساڵى دواترى دەست بە بەرهەمهێنانى کارەباى لێ کرا، لەو کاتەوە تا ئێستا ٧.٣ ملیار کیلۆواتى لێ بەرهەم هێنراوە کە بەهاکەى دەکاتە ٢٦٢ ملیار دۆلار و ئەو وزەیەى کە بڕیارە لێى بەرهەم بهێنرێت دەکاتە ١٠% هەموو وزەى تورکیە و مەبەستى سەرەکى بەنداوەکەش بۆ بەرهەمهێنانى ٤.١٢ ملیار کیلۆوات وزەیە لە ساڵێکدا کە بەمەش ئابوورى تورکیە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار قازانجى لێ دەکات.

ئەم بەنداوە لە ڕووى پانتایی و درێژییەوە گەورەترین بەنداوى دونیایە و لە نێو خودى تورکیەش لە دواى بەنداوەکانى ئەتاتورک و کاراکایا و کەبانێ بە مەزنترین و چوارەمین بەنداو هەژمار دەکرێت کە هەر چوار بەنداوەکە دەکەونە نێو باکوورى کوردستانەوە. بەرزییەکەى بەنداوى ئیلیسوو ١٣٥ مەتر و قەبارەکەشى ١٠.٦ ملیار سێجا و پانتاییەکەشى ٣٠٩ کیلۆمەتر دووجایە و بۆ دروستکردنیشى ٢ ملیار دۆلار وەک بودجە خەرج کراوە.

لە نێو بەنداوى ئیلیسووشدا چەندین باژێر و دوورگە و سلۆپى و شوێنى نیشتەجێبوون بە پانتایی ١٢١ هەزار هێکتار زەوی دروست دەکرێت کە شێوەیەکى مۆدێڕنى هەیە بۆ ڕاکێشانى گەشتیار بۆ ئەو ناوچە و وڵاتە و ئاوى بەنداوەکەش بەدەر لە بەرهەمهێنانى وزە دەتوانێت دەشتە کشتوکاڵییەکانى ناوچەکە دێراو بکات.

 

کاریگەرییە خراپەکانى لەسەر باکورى کوردستان:

حەسەنکێف

بەنداوى ئیلیسوو کاریگەرى نەرێنى لەسەر ١٠٠ هەزار کەس و خەڵکى ناوچەکە دەبێت، چونکە خەڵکى ناوچەکە لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى دەژین و بە بوونى ئەم ئاوەش کارەکانیان لەدەست دەدەن و ناچارن شوێنەکانیان بەجێ بهێڵن و ڕووبکەنە شار و شارۆچکە تورکنشینەکان و بەمەش زمانەکەیان بکەوێتە بەر مەترسى لەبیرکردن و لەبیرچوونەوە.

پڕۆژەکە کاریگەرى لەسەر ١٩٩ گوندى باکوورى کوردستان دەبێت کە لەم ژمارەیە ٨٥ دانەیان بە تەواوى دەکەونە بن ئاو. هەر بە هۆى بەنداوى ئیلیسوو، لە شارى سێرتى باکوورى کوردستان ٢٠ هەزار کەس و لە شارى باتمان ٢٠ هەزار کەس و لە شارى دیاربەکر ١٠ هەزار کەس و لە شارى مێردین ٢٥٠٠ کەس و لە شڕناخ ٢٥٠٠ کەس ماڵ و حاڵ و ئەرز و کارى خۆى لەدەست دەدات کە بە هەموویەوە دەکاتە ٥٥ هەزار هاووڵاتى و شیمانەى ئەوەش کراوە کە ١٥ هەزاریان کۆچ دەکەن و دەربەدەر و قەلەندەر دەبن.

ـ دەبێتە هۆى بنئاوکەوتنى مێژوویەکى ١٢ هەزار ساڵە و یەکەمین شوێنى نیشتەجێبوونى مرۆڤ، چونکە بەنداوەکە ٢٨٩ شوێنەوارى مێژوویی کورد دەخاتە بن ئاوەوە کە لەبن پاراستنى یاسایی و بنما پارێزەرییەکانى یونسکۆ بوون.

ـ پڕۆژەى بەنداوى ئیلیسوو، ٤٠٠ کیلۆمەتر ڕووبار دەگرێتە خۆى کە ١٣٦ کیلۆمەترى ڕووبارى دیجلەیە  و بەمەش ڕووبارەکە نامێنێت و دەبێتە گۆلاو.

ـ پڕۆژەکە دەبێتە هۆى لەنێوچوونى ٢٦٦ جۆرە گژوگیا و نەباتى تایبەت و ١٢٣ جۆر باڵندە لە دەوروبەرى حەسەنکێف لە شارى باتمان و بەمەش نەخۆشى ئینسانى و ژینگەیی بڵاو دەبێتەوە.


 

کاریگەرییە خراپەکانى لەسەر عێراق:

دیجلە

بە هۆى گەورەیی بەنداوى ئیلیسوو و گرتنەوەى ئاوى دیجلە، عێراق ڕووبەڕووى مەترسییەکى گەورەى کەم ئاوى و بیابانبوون دەبێتەوە و نەک هەر عێراق بگرە ئێران و سوریەش دەکەونە بەر مەترسییەکى گەورەوە.

پڕۆژەى بەنداوى ئیلیسوو لە دوورى ٤٥ کیلۆمەترى سنوورى سوریە و ٦٥ کیلۆمەترى سنوورى عێراق هەڵکەوتووە و بەدەر لەمەش تا ئێستا ٢٢ بەنداو لەسەر ڕووبارى دیجلە دروست کراون. ئەمانە هەمووى کاریگەرى نەرێنییان بووە لەسەر ئاوى عێراق و بە دروستکردنى بەنداوى ئیلیسوو کاریگەرییەکە چەندین بەرامبەر دەبێتەوە.

 

کاریگەرییە خراپەکانى لەسەر سوریە:

فورات سوریە

٩٨%ى ڕووبارى دیجلە و فورات لە نێو سنووری تورکیەن و بە تەواوبوونى ئەو پڕۆژانەى وڵاتى تورکیە، ٤٣% کەم دەبن و ئاوەکەیان لە نێو تورکیە گل دەدرێتەوە، واتە ئەودەم کۆنتڕۆڵکردنى ئاوى ئەو دوو ڕووبارە لە لایەن تورکیەوە زۆر ئاسان دەبێت. قەبارەى بەنداوى ئیلیسوو ٦.١٠ ملیار مەترى سێجایە و ئاوى ڕووبارى دیجلە لە نێو سنوورى تورکیە و عێراق ساڵانە ٢١ ملیار مەتر سێجایە. بەى پێى لێکدانەوە و قسەى سیاسییەکان، ئەنکەرە هەردوو ڕووبارى دیجلە و فورات وەک چەک دژى وڵاتان بەکار دەهێنێت. چونکە بە کەمکردنەوەى ئاوى فورات بەسەر ڕۆژئاواى کوردستان، کێشەیەکى ئینسانى گەورە دەخوڵقێت. ئاوى فورات بۆ یەکەم جار لە ساڵى ١٩٩٨ى زایینى دژ بە سوریە و بە تۆمەتى هاوکاریکردنى پەکەکە کەم کرایەوە. لە ساڵى ٢٠١٦ى زایینیش دژى ڕێڤەبەرى خۆسەر لە ڕۆژئاوا دووبارە کەم کرایەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێى پەیمانى سالى ١٩٨٧ى زایینى، دەبێت ئاوى فورات لە یەک چرکەدا ٥٠٠ مەترى سێجا لە تورکیە دەرباز ببێت کەچى تورکیە کەمى کردووەتەوە بۆ ٣٠٠ مەترى سێجا.

فاتیە یەڵدز باڵیۆزى تورکیە لە بەغدا، ساڵى ٢٠١٨ى زایینى ڕایگەیاند کە ئەو ئاوەى لە چرکەیەدا ٦٠ مەترى سێجا دەبێت بێتە عێراقەوە، زیادیان کردووە بۆ ٩٠ مەترسى سێجا و بەمەش ویستراوە بەغدا بەرامبەر بە دروستکردنى بەنداوى ئیلیسوو نەرم و هێور بکاتەوە.


کاریگەرییە خراپەکانى لەسەر ئێران:

هور العەزیم

کۆمارى ئیسلامى وەک هەمیشە بەرامبەر پیلانى وڵاتانى بیانى گەمژە و بێهزە و هەموو هێزى بۆ سەرکوتى گەلەکەى تەرخان کردووە، سەبارەت بە بەنداوى ئیلیسوو تەنیا حەسەن ڕۆحانى سەرکۆمارەکەى پێشووى کۆمارى ئیسلامى، پڕۆژەکەى بە هەنگاوێکى مەترسیدار زانى و ڕەخنەى لە تورکیە گرت.

بۆیە لە ساڵى ٢٠١٧ى زایینى هاووڵاتییەکى زۆر ناچار بوون نامەیەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بنێرن بەرامبەر بە دروستکردنى بەنداوى ئیلیسوو و داوایان کرد پڕۆژەکە بوەستێنرێت. بەڵام بەرامبەر ئەم ناڕازیبوونان سولەیمان دەمرەلى سەرکۆمارى پێشووى تورکیە لە ساڵى ١٩٩٢ى زایینى گوتى: ئێمە مافى خۆمان لەسەر کانییەکانى خۆمان چیمان حەز لێ بێت بیکەین. ئاو ئاوى ئێمەیە، بیرە نەوتەکانیش هى ئەوانە. چۆن ئێمە ناتوانین بڵەین کە پەتڕۆڵەکەتان لەگەڵ ئێمە دابەش بکەن، بەو شێویە ئەوانیش ناتوانن قسە لەسەر ئاوى ئێمە بکەن.

بە گرتنەوەى ئاوەکەش لە عێراق کە بە هۆى ئەو بەندناوە زەبەلاحانەوە نزیکەى ٥٦%ى ئاو بۆ عێراق کەم دەکات، تاڵاوى هورلعەزیمیش تووشى وشکبوون دەبێتەوە و بەمەش کاریگەرى نەرێنى لەسەر باشوورى ڕۆژئاواى ئێران دروست دەبێت ە هەرچەندە ئێستاش بەشێکى گەورەى وشک بووە و کۆمارى ئیسلامى هیچ هەنگاوێکى جدى لەم بوارە هەڵنەهێناوەتەوە و تەنانەت ئێستا بە هۆى کەم ئاوى و گرتنەوەى ئەو ئاوە، تەپوتۆز و زریانە زیخى و خۆڵییەکان لە عێراقەوە ڕوو لە ئێران دەکەن و ژیانى ئێرانیان دەخەنە مەترسییەوە.

 

 

بەنداوەکە پەکەکە دەخنکێنێت:

پەکەکە و ئیلیسوو

میدیا نزیکەکانى حکومەتى تورکیە لە کاتى دروستکردنى ١١ بەنداو لەسەر سنوورى عێراق باسیان لەوە کردوبوو کە ئەم پڕۆژانە بۆ خنکادنى پەکەکەیە. تورکیەش بۆ ئەم مەبەستە بەنداوى ئیلیسوو نەک تەنیا بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکار دەهێنێت بەڵکو هۆکارێکیشە بۆ بەرگرتن لە گەریلاکانى پەکەکە بۆ هاتنە نێو تورکیە و خۆحەشاردانیان لە باکوورى کوردستان. چونکە بەنداوەکە ٦ هەزار ئەشکەوت کە ژمارەیەکى زۆریان پەکەکە بەکاریان دەهێنێت، لەنێو دەبات و هەروەها بە هۆى بەنداوەکەوە گۆلێکى ٣٣١ کیلۆمەترى دروست دەبێت کە ٥٠ کیلۆمەترى لە لایەن گەریلاکانى پەکەکەوە بەکار دەهێنرێت بۆ دەربازبوونە نێو باکورى کوردستان و ئێستا بە هۆى ئەم بەنداوەشەوە ئەو هێڵى هاتوچۆیە دەگیردرێت.

باڵى سەربازى پەکەکەش لە بەیاننامەیەکدا باسیان لە دژایەتى خۆیان بەرامبەر پڕۆژەکە کردبوو و گوتبوویان کە خەڵکەکەمان بەر بە دروستکردنى پڕۆژەکە دەگرێت و بە ڕوودانى هەر شتێک ئێمە خۆمان بە بەرپرسیار نازانین. لە کاتى دروستکردنى بەنداوى ئیلیسووش، ٤ ئەندامى پڕۆژەکە بە هۆى  هێرشى پەکەکەوە کوژران، بەڵام دواجار تورکیە سەرکەوت و بەنداوەکەى دروست کرد و پەکەکەش نەیتوانى پێشى پێ بگرێت و ئێستا ئەو گومانەش دروست بووە کە پەکەکە خۆى نەرمى نواندووە لە بەرامبەر دروستکردنى بەنداوەکە و بانگەشەى ئەوە هەیە کە "پەکەکە هاودەستى میتە بۆیە نەرمیشى نواندووە بەرامبەر دروستکردنى بەنداوى ئیلیسوو".