بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لەسەر پێشنیارى کۆمارى ئیسلامى میلیشیا شێعەکانى عێراق بەرامبەر تاڵیبان هێور بوونەوە

لەسەر پێشنیارى کۆمارى ئیسلامى میلیشیا شێعەکانى عێراق بەرامبەر تاڵیبان هێور بوونەوە
AvaToday caption
posted onSeptember 3, 2021
noبۆچوون

ڕۆژنامەی عەرەبی پۆست بڵاوى کردەوە کە "گروپە میلیشیا شیعەکانی عێراق گوتاریان دژی بزوتنەوەى تاڵیبان هێور کردووەتەوە، ئەمەش دواى ئەوە دێت کە کۆمارى ئیسلامى دڵنیای کردوونەتەوە بەوەى بەڵێنیان لە تاڵیبان وەرگرتووە لەبارەى شیعەکانی ئەفغانستان هیچ کاردانەوەیەکى توندى نەبێت".

 

ناس کورد کە ئەم هەواڵەى بڵاو کردووەتەوە، باسى لەوە کردووە کە ڕۆژنامەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتى لە سەرەتای سەرکەوتن و پێشڕەوییەکانی بزوتنەوەى تاڵیبان، گروپە چەکدارییە شیعەکانی عێراق کە سەر بە بەری بەرخۆدانن چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە بۆ ئەگەر و چۆنیەتی هاوکاریکردن و بەهاناوەچوونی شیعەکانی ئەفغانستان و لە میدیاکانیانەوە هێرشیان کردووەتەسەر بزوتنەوەکە.

کۆمارى ئیسلامیش لەڕێگەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپاى تیرۆریستى قودسەوە هاتووەتەسەر خەت و ئەو گروپانەی دڵنیا کردووەتەوە کە تاڵیبان گفتیان داوە کە کەمینەی شیعەی هەزارە لە ئەفغانستان پارێزراو بن لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک کە ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان قاسم سولەیمانی گەورە تیرۆریستى کوژراو و تاڵیباندا واژۆ کراوە. ئەمەش دەرخەرى ئەوەیە کە کۆمارى ئیسلامى لەمێژە پەیوەندى لەگەڵ تاڵیبان و ئەلقاعیدەدا هەبووە و هەیە و وەک باوکى مەعنەوەى و لۆجیستى ئەو هەژمار دەکرێت.

ڕۆژنامەی عەرەبی پۆست نووسیویەتى کە "پاش ئەو دڵنیاییە، گروپە شیعەکانی عێراق سەرنجى زیاتریان خستووەتەسەر دۆڕان و شکستی ئەمریکا و خۆیان بەدوور دەگرن لە هێرشکردنەسەر تاڵیبان و وەک پێشوو هێرشی میدیایی ناکەنە سەر تاڵیبان.