بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە کەرەج دوو زیندانیی کورد بە تۆمەتی "بەغی" و ئەندامێتی لە داعش لەسێدارە دران

لە کەرەج دوو زیندانیی کورد بە تۆمەتی "بەغی" و ئەندامێتی لە داعش لەسێدارە دران
posted onJuly 15, 2026
noبۆچوون

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو هاونیشتمانیی کورد، بە ناوەکانی محێدین عەبدوڵڵاهی و حسێن پاڵانی جێبەجێ کرد. تاران تۆمەتی "ڕاپەڕینی چەکدارانە" و ئەندامێتی لە داعشی خستووەتە پاڵیان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی، ئەم دوو کەسە لە بەرزاییەکانی "بەمۆ" لەسەر سنووری کرماشان دوای تێکهەڵچوونێکی چەکداری کە بووە هۆی کوژرانی سێ ئەندامی سوپای پاسداران، دەستگیر کرابوون. ئەو تێکەڵچوونە ساڵی 2018 ڕوویدا.

لە دوای دەسپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران ڕێژەی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و ئەمنی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەبارەی نەبوونی دادگاییەکی دادپەروەرانە و بێبەشکردنی تۆمەتباران لە پارێزەر نیگەرانیی قووڵیان هەیە.

دەزگای دادوەری ڕایگەیاندووە کە سزاکە دوای پەسندکردنی لە دیوانی باڵای دادوەریی جێبەجێ کراوە، بەڵام هیچ وردەکارییەک لەبارەی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگا و شێوازی وەرگرتنی بەرگریی یاسایی تۆمەتباران بڵاو نەکراوەتەوە.