فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' ڕایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاوازی ناوخۆی ئێران ئەنجامدرا، بەمەبەستی پەکخستنی تواناکانی تاران لە هێرشکردنە سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمزدا، جەختیش لەوە دەکاتەوە، "ئێران کۆنترۆڵی ئەم گەرووە ناکات."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سێنتکۆم، لەم هێرشەدا، هێزەکانیان جگە لە فڕۆکەی جەنگی، کەشتیی دەریایی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ یەکەمین جار "درۆنی دەریایی هێرشبەر"ـیان بۆ پێكانی ئامانجەکان بەکارهێناوە.
هێرشەکان توانیوویانە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، وێستگەکانی ڕاداری کەناراوەکان، بنکەکانی مووشەک و درۆن، لەگەڵ بەلەمە سەربازییە بچووکەکانی ئێران بکەنە ئامانج.
سێنتکۆم دەڵێت، سەرەڕای بەردەوامیی هەڕەشەکان، هێزەکانی ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ دابینکردنی ئازادیی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان.