سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە باشووری ئەو وڵاتە، هەشت ئەندامی هێزە ئاسمانی و دەریایییەکانیان گیانیان لەدەستداوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی ئەمریکا چەند ناوچەیەکیان لە "بەندەر عەباس" و "بوشەهر" لە باشووری ئێران کردووەتە ئامانج. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەو هێرشانەدا هەشت پلەدار و سەربازی هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی سوپا کوژراون.
سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامەکەیدا جەختی لە بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوەی "دوژمنان" کردەوە و ڕایگەیاند، کە "تۆڵەی خوێنی سەربازەکانیان دەکەنەوە." ئەم هەڵوێستەی سوپا ئاماژەیە بۆ ئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازیی تاران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
