Ana içeriğe atla

کەشتی فرۆکەهەڵگری ئەمریکا گەیشتە کەنداوی هورمز

کەشتی فرۆکەهەڵگری ئەمریکا گەیشتە کەنداوی هورمز
AvaToday caption
posted onMarch 24, 2019
noyorum

 

دواى ئەوەى لە کۆتاییەکانى ساڵى ٢٠١٨ وەزارەتى بەرگرى (پێنتاگۆن)ـى ئەمریکا بریاریدا بەڕەوانەکردنی کەشتى فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆن سی ستینیس (USS John C Stennis) بەرەو ناوچەى کەنداو، ئێوارەى دوێنى یەکشەممە ئەو کەشتە گەیشتە پێگەى دیاریکراوى خۆیدا.

 

ڕەوانە کردنى ئەو کەشتیە جەنگییە، لەکاتێکدایە پەیوەندییە سیاسییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمارى ئیسلامی ئێران بەهۆى کشانەوەى  واشنتۆن لە ڕێککەوتننامەى ئەتۆمی گرژی تێکەوتووە و، کۆشکى سپی لە دواى ئاب (گەلاوێژ) و تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ى ڕابردوو بە دوو قۆناغ سزای ئابوورى بەسەر تاران سەپاندەوە.

یەکێک لە ئەرکەکانى ئەو کەشتییە جەنگییەى واشنتۆن، چاودێرىکردنى گەرووى هورمز و کەنداوى عەدەنەیە لە هەر سەرپێچییەکى ئێران لەسزا سەپێنراوەکانیدا. یەکێک لەهەوڵەکانى ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا دواى سەپاندنەوەى سزا بەسەر ڕژێمى ئێران، دابەزاندنى ئاستى هەناردەکردنى نەوتى تارانە بۆ سنوورى سفر، بەڵام ڕژێمى تاران لەو بارەیەوە هەڕەشەی بە ئامانجکردن و داخستنى گەرووى هورمزیان کردووە.

ئەوکات حکومەتى تاران بە ئاشکرا باسى داخستن و بۆمبرێژکردنى گەرووى هورمزیان کردووە، لە ئەگەرى ڕێگریکردنیان لە فرۆشتنى نەوتەکەیاندا. ئەو کەشتییە جەنگییەى واشنتۆن یەکێکە لە جۆرەکانى نیمیتز، کە گەورەترین کەشتى جەنگى لەجیهاندا لەخۆ دەگرێت، درێژییەکەى ٣٣٣ مەترەو، پانیەکەى دەگاتە سنوورى ٧٧ مەتر، تواناى هەڵگرتنى تیمێکى ٥٦٨٠ کەسى هەیە، کەکێشیان دەگاتە ٩٧ هەزار تۆن.

کەشتییەکە دوو بزوێنەرى ئەتۆمى هەیە کە خێراترین کەشتى هەڵگرى فرۆکەیەو، خێراییەکەى دەگاتە ٣٥ میل (سەرووى 56.32 کیلۆمەتر) لەکاتژمێرێکداو، سیستەمى بەرگرییەکانى لەهەر هەڕەشەیەک زۆر هەستیارە، چ لەئاسمانەوە یاخود دەریاوە هێرش بکرێتە سەری، لەو سیستەمە بەرگرییەکەشى مووشەکى سی سپارۆی بۆ مەوداى کورت دژەفڕۆکەو مووشەکی تێدا جێگیر کراوە، بەشێکیانیش دوورهاوێژن.

کەشتییەکە پشت بە ڕادارى ڕامى گەرمی دەبەستێت، کە تواناى چاودێریکردن و تێکشکاندنى سەرجەم مووشەکى هەیە، بەتایبەت ئەوانەى وەک چەواشەکارى ڕادار بەکاردەهێنرێن. لە بەشێکى دیکەى سیستەمە بەرگرییەکەى فالانکسی ئۆتۆماتیکە، بۆ ئامانجکردنى هەر هیلوکۆپتەرو بەلەمێکى دوژمن لێی نزیک ببێتەوە.

گرنگترین خۆپارێزییەکانى ئەو کەشتییە لەهێرشى بەلەمە جەنگییەکانى ئێران لە ناوچەى هورمز، سیستەمى بەرگرى ئەلیکترۆنییە، کە لە ڕێگەى ڕادارە ئۆتۆماتیکەکانەوە کارا دەکرێتەوە، چ لە ئاسمانەوە بن یاخود دەریاوە هێرش بکرێتە سەری، خێراى وەڵامدانەوەشى زۆر خێراترە لەوەى چاوەڕوان دەکرێت.

تواناى هەڵگرتنى ٩٠ فرۆکەى جەنگى جۆراجۆریشى هەیە، گرنگترینیان ئێف ئای ١٨ هۆرنت و، فرۆکەى چاودێریکردن و هۆشدارکردنەوە، لەپاڵ ئەوانەى هیلوکۆپتەرى سی هۆک بۆ حاڵەتى لەناکاو.

واشنتۆن جگە لەو کەشتیە، چەندین سەربازگەى سەربازی لەنێو وڵاتانى کەنداودا هەیە، کەبەشێکیان هاوسنوورن لەگەڵ ئێران، وەک قەتەرو عێراق و، تورکیاو ئەفغانستان.

سەرەڕاى ئەوەى ئەمریکا بەشێوەیەکى فەرمى جەنگی دژى تاران ڕانەگەیاندووە، بەڵام زۆربەى چاودێران باس لەوە دەکەن " ئەو هێرشە سیاسی و دیپلۆماتیکەى واشنتۆن لەناوچەکە ئەنجامی دەدات، ئامادەسازییە بۆ لێدانى دەهۆڵى جەنگ دژى ئێران".

هەرچەندە کۆشکى سپی نایەوێت، دووبارە لە جەنگێکى ڕاستەوخۆ لەناوچەکە تێبگلێتەوە، بەڵام ئەگەرى زۆر هەیە ئەو جەنگە لەرێگەى وڵاتانى کەنداو بەپاڵپشتى واشنتۆن ئەنجامبدرێت.