Ana içeriğe atla

نیویۆرک تایمز: پزشکیان هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە

نیویۆرک تایمز: پزشکیان هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە
مەسعوود پزیشکییان سەرۆککۆماری ئێران
posted onJuly 6, 2026
noyorum

نیویۆرک تایمز لە زاری چوار بەرپرسی باڵای ڕێژیمەوە بڵاوی کردەوە کە مەسعوود پزیشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیم لە هەڕەشەیەکی جیددی و تونددا ڕوو لە موجتەبا خامنەیی وتوویەتی لە ئەگەری قەبووڵنەکردنی دانوستاندا، دەستلەکارکێشانەوە ڕادەگەیەنم.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو هەڵوێستەی پزیشکییان دەرخەری کێشە نێوخۆیی و گوشارە سیاسییەکانی پێش گەیشتنی تاران و واشینتۆن بە ڕێککەوتننامەی مانگی ژوئەنە.

ئەو ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەو چوار بەرپرسەی ڕێژیم، نووسیویەتی: "پزیشکییان لە کۆبوونەوەیەکی گرنگ پێش ڕێککەوتننامەی ئەم دواییانەدا، بە موجتەبا خامنەیی ڕاگەیاندبوو کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بووەتە هۆی ئیفلیجبوونی بەربڵاوی ئابووریی ئێران".

هەروەها سەرۆککۆماری ڕێژیم ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، سەقامگیریی ڕێژیم ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەبێتەوە و ئیتر دەوڵەت توانای چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی نامێنێت.