Ana içeriğe atla

شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران؛ چارەنووسی چەندین کەس نادیارە

شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران؛ چارەنووسی چەندین کەس نادیارە
posted onFebruary 12, 2026
noyorum

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە هەڵمەتێکی نوێدا بۆ سەر شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکە، لانیکەم شەش هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری لەبارەی ئەشکەنجەدان و نادیاریی چارەنووسی گیراوان دەدەن.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، رۆژی دووشەممە 09-02-2026، هێزە ئەمنییەکان لە گوندی "گۆگجەلی" سەربە بۆکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عەبدوڵڵا عەبدوڵڵاهی و دوای لێدان و بێڕێزیکردن بە بنەماڵەکەی، "جەماڵ عەبدوڵڵاهی"ی کوڕیان دەستگیر کردووە. لە هەمان رۆژدا، ئەنوەر چووپانی (٣٦ ساڵ)، کە باوکی دوو منداڵ و خەڵکی میاندواوە، بە هەمان شێوە راپێچی شوێنێکی نادیار کراوە.

ئەم دەستگیرکردنانە بەشێکن لە شەپۆلێکی فراوانتر کە شارەکانی سنە، ئیلام و بجنووردی گرتووەتەوە. فەرهاد وەزیری لە سنە، رەزا پەرەک لە مەڵگشای و سرووش دەبیرمەنش لە بجنوورد لەنێو دەستبەسەرکراوە نوێیەکانن. رەزا پەرەک ماوەی ١٨ رۆژە بێسەروشوێنە و خێزانەکەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر نییە.

هاوکات، نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی مستەفا کەمەرخانی، کە لە مانگی کانوونی دووەمەوە لە بەندیخانەی ئیلامدایە، زیادیان کردووە؛ راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی "ئەشکەنجەی تووندەوە" چاوێکی بە سەختی بریندار بووە. تاوەکو ئێستا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەسەر هۆکاری دەستگیرکردن و دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییانە نەداوە، ئەمەش جارێکی دیکە دۆخی نالەباری مافی مرۆڤی لە ناوچە کوردییەکان خستووەتە ژێر زەڕەبینەوە.