Ana içeriğe atla

کچی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران: باوکم نەک لە بۆردوومان، بەڵکوو لە راوەدونان لە تاران کوژرا

ئیسرائیل
posted onJuly 28, 2025
noyorum

کچی عەلی شادمانی، فەرماندەی قەرار خاتەم ئەنبیا سوپای پاسداران، ئاشکرای کردووە؛ باوکی لە "ڕاودوونانێکی ڕاستەوخۆ"دا لەگەڵ ئیسرائیل کوژراوە و لە "بۆردومانی" ئیسرائیلدا نەکوژراوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "ئینتخاب"، کچی شادمانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە باوکی لە ئەنجامی "تیرۆرێکی ئامانجداری ئیسرائیل"دا کوژراوە.

ئافی دفرین، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە پێنجەمین ڕۆژی جەنگدا ڕایگەیاندبوو: "ئێمە دوێنێ شەو شادمانیمان لە دڵی تاراندا دەستنیشان کرد تەنیا چوار ڕۆژ دوای دانانی لە پۆستەکەیدا، لەناومان برد."

ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل لە پێنجەمین ڕۆژی جەنگدا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئیسرائیل سەرەتا هەوڵی داوە لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر کۆبوونەوەیەکی نهێنیی فەرماندەکان لە تاران، عەلی شادمانی بکوژێت، بەڵام شادمانی توانیویەتی هەڵبێت و دوای چەند کاتژمێرێک لە چیاکانی باکووری پایتەخت دەستنیشان کراوە و لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.

میدیای ئیسرائیل دواتر بڵاویان کردەوە، ساڵی پار لە "ناوەندی بۆماوەزانیی (ژێنێتیکی) نوور" لە تاران پشکنینی کردبوو و لەو رێگەیەوە DNAی عەلی شادمانیی دەسکەوتبوو و لە ڕێگەی کامێرا چاودێرییە هاککراوەکان و شیکاریی دەموچاوەوە شوێنپێی هەڵگیرابوو.

پێشتریش کچەکەی عەلی شادمانی، ڕەخنەی لە گێڕانەوەی هەندێک لە بەرپرسان گرتبوو سەبارەت بە بەکارهێنانی مۆبایل و واتسئەپ لەلایەن ژمارەیەک فەرماندەوە و وتبووی: "باوکم هەرگیز مۆبایل و ئامێری زیرەکی پێنەبووە."