Skip to main content

لە ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى ئێران ٢٤٥ هەزاری دیار نییە

لە ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى ئێران 245 هەزاری دیار نییە
لە داهاتوویەکى نێزیکدا نەوتى ئێران تووشى شکستى گەورەتر دەبێتەوە
posted onNovember 11, 2018
nocomment

 

دواى جێبەجێکردنى سزاکانى ئەمریکا دژى ئێران لە 5 تشرینى دووەم (١٤ى گەڵاڕێزان)ى ئەمساڵدا، دەسەڵاتدارانى تاران ئاشکراى دەکەن "٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیان بەکۆمپانیا تایبەتیەکان فرۆشتووە"، بەبێ ئەوەى ناسنامەى ئەو کۆمپانیانە ئاشکرا بکات.

 

لەلایەن خۆیەوە ماڵپەرى وەزارەتى نەوتى حکومەتى تاران ئاماژەى بەوە داوە " وەزارەتەکەیان ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى فرۆشتۆتە کۆمپانیا تایبەتیەکان، بۆ ئەوەى هەناردەى بازاڕەکانى جیهان بکەن"، ئەم هەنگاوەى ڕژێمى ئێران دووەم کارە لەو شێوەیە کە پێچەوانەوەیە بەسەر سزاکانى واشنتۆن دژى وڵاتەکەى.

ماڵپەرەکە جەختى لەوەش کردووەتەوە " سێ کۆمپانیا ئەو قەبارە نەوتەیان بەنرخ٦٤.٩٧دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کڕیوە، کەقەبارەى یەکێکیان 245 هەزار بەرمیل بووەو، کاروانى دووهەمیش ٢١٠ هەزار بەرمیل بووەو، لەرێگەى بۆرسەى ووزەى ئێرانى فرۆشراوە"، ئەمەش لەکاتێکدایە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لەبازاڕەکاندا بە ٦٩.٦٤ دۆلاری ئەمریکیە. هەر دوو کاروانەکە قەبارەى گشتیان دەگاتە ٤٥٥ هەزار بەرمیل، بەڵام چارەنووسى ٢٤٥ هەزار بەرمیلی دیکە کەگوایە فرۆشتوویەتى دیار نییە.

کۆمارى ئیسلامی لەگەڵ ڕاگەیاندنى سزاکانى ئەمریکا دژى کەرتى نەوتەکەى لە کۆتاییەکانى تشرینى یەکەم (ڕێبەندان) لە ڕێگەى کۆمپانیا تایبەتیەکانەوە نەوتى فرۆشتووە، بەڵام کاتێک سزاکان چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، یەکەم کاروانى فرۆشتووە. بازرگانى نەوتى خاو لە ڕژێمى ئێراندا لەژێر دەسەڵاتى دەوڵەت دایەو، تەنها ئەرکى کۆمپانیاکان پاڵاوتن و کڕینى نەوتیان هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆى سزاکانەوە تاران دەیەوێت، کۆمپانیاکان ئەرکی فرۆشتنیش بگرنە ئەستۆ.

لە تەمموزی ڕابردوو (ڕەزبەر) ئەو وڵاتە ڕایگەیاندبوو "فرۆشتنى نەوت ڕادەستى کۆمپانیاکانیان دەکەن، بۆ ئەوەى ئەوان درێژە بەو پرۆسەیە بدەن، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە لەپرسى بەرپرسیارێتى و سزاکان خۆیان بە دوور بگرن". ئەو پرۆسەیەش هاوکاتە لەسەر داواکانى کوشکی سپی بۆ هاوپەیمانانى لەراگرتنى هاوردە کردنى نەوتى ئێرانى بۆ ئەوەى قەبارەى هەناردەکردنى ئەو وڵاتە بگەیەنێتە ئاستی سفر.

هەرچەندە واشنتۆن هەشت وڵاتى لە لیستى سزاکان دەرهێناوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت، کەرتى نەوتى ئێران لەماوەى داهاتوو بەتایبەت دواى تەواوبوونى وادەى لێخۆشبوونەکانى کوشکی سپی، ئاڵۆزی بکەوێتە نێو کەرتى نەوتى ئێران.