Skip to main content

کۆماری ئیسلامی: کوشتنی کۆڵبەرانی کورد ڕەوایە

کۆماری ئیسلامی: کوشتنی کۆڵبەرانی کورد ڕەوایە
حوسەین زەلفەقارى جێگرى کاروبارى سیاسى و ئەمنى وەزارەتى ناوخۆ: کۆمارى ئیسلامى کۆڵبەرى ناناسێت
posted onOctober 16, 2018
nocomment

 

دوێنێ ٢٣ى ڕەزبەر، هەواڵدەڕی "روخ"  هەواڵێکی لە زمانی حوسێن زولفەقاری بڵاو کردەوە گە تیایدا ئاماژەی بەوە کررابوو "کۆماری ئیسلامی دیاردەیەک بە نێوی کۆڵبەری ناناسێت".

 

حوسێن زولفەقاری جێگری کاروباری سیاسی و ئەمنیەتی وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێ "بە دروستکردنی ئاڵوگۆڕ لە یاساکانماندا ئیدی کەسێکمان بە نێوی کۆڵبەرمان نییە" و دەشڵی ئەوانەی لە دەرەوە سنوورەکان شتومەک دەهێنن بۆ ئێران قاچاقچین. ناوبراو بە پاساوهێنانەوەی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد دەڵی "گریمان سبەی چوار تیرۆریست (مەبەستی پێشمەرگەیە) بە نێوی کۆڵبەر هاتن و تەقینەوەیان لە دە شوێنی ئێران کرد، ئەو کات کێ وەڵامدەڕە؟"

 

زولفەقاری لە نوێنەرانی کورد ڕاستگۆترە

قسەکانی زولفەقاری کاردانەوەی زۆری چالاکانی مەدەنی و سیاسیی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە و بەشێک لە چالاکان پێیان وایە زولفەقاری لە نوێنەارنی کورد ڕاستگۆترە. کاربەرێکی تلێگرام بە نووسینی بابەتێک لە ژێر نێوی "ئێمە سوپاسی زولفەقاری دەکەین"، ڕەخنەی تووندی لە نوێنەرانی کورد گرتووە کە لە ڕابڕدوودا چەندین جار هەواڵی دانانی ناوچەی ئازادی سنووری و بڕینەوەی پارە بۆ خەڵکی سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتیان بە درۆ بڵاو کردەوە و هەمووى پڕوپاگندە بوو بۆ خۆیان بۆ ئەوەی بڕێک لەو گوشارە قورسەی سەریان کەم بێتەوە.

کۆڵبەرى ئێستا وەک دیاردە و پیشەیەکى لێ هاتووە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا

کۆڵبەرى ئێستا وەک دیاردە و پیشەیەکى لێ هاتووە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا

 

بەڵینى درۆیین و قسەی ئاگرین

ئەو قسانەی زولفەقاری لە کاتێکدایە، ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران مانگی پووشپەڕی ڕابڕدوو گووتبوی "دەوڵەت دەبێ کار بۆ خەڵکی سنوورەکان (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دابین بکات بۆ ئەوەی ئیدی  کۆڵبەری وەک کارێک لە کوردستاندا چاوی لێ نەکرێت".

ئەو قسانەی جەهانگیری لە کاتێکدا بوو کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک مانگرتنێکی بێ وێنەی وەک ناڕەزایەتی بە داخستنی سنوورەکان و کوشتنی کۆڵبەرانی کوردستان، بەڕیوە برد. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی وەک ڕەواڵی هەمیشەیی خۆیان لە کاتی مانگرتنەدا کە دەکەونە تەنگانە، بە بەڵێنی درۆیین کۆمەڵگای کوردستان چەواشە دەکەن و پاش تەواوبوونی مانگرتن و تێپەڕینى مەترسییەکانیان، هەڕەشەی کوشتن لە کۆڵبەرانی کورد دەکەن.

لەبەر داخرانى سنوورەکان لە لایەن سوپا و ئیتلاعات، ئاستى بژیوى خەڵکى ناوچە سنوورییەکان دابەزیوە

لەبەر داخرانى سنوورەکان لە لایەن سوپا و ئیتلاعات، ئاستى بژیوى خەڵکى ناوچە سنوورییەکان دابەزیوە

 

شایانی باسە بە پێی ئامارێک کە نوێنەرانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی بۆخۆیان باسی دەکەن، یەک لەسەر سێی شتومەکی قاچاغ لە ئێران لە ڕیگەی سنوورە فەرمییەکانى ئەو وڵاتەوە هاوردەی بازاڕەکانی ئێران دەکرێت. سوپای پاسداران بە لەدەستگرتنی بەندەرەکان، بە گەورەترین هاوردەکەری شتومەکی قاچاغ هەژمار دەکرێت و بە پێی ئامارەکان ٨٠%ى شتومەکی نایاسایی لە ئێران بە دەستی ئەو هێزە چەکدارەوە هاوردە دەکرێن کە لە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕێبەڕی کۆماری ئیسلامی واتە خامنەیی ـدایە.