Skip to main content

هەناردەکردنى نەوتى ئێران تووشى داڕمان دەبێت

هەناردەکردنى نەوتى ئێران تووشى داڕمان دەبێت
کۆمپانیا ڕاوێژکارییەکان دەری دەخەن دابەزینى نەوتى ئێران زۆر لەوە زیاترە کە باسی لێوە دەکرێت
posted onOctober 16, 2018
nocomment

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەى قۆناغی دووهەمى سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر ئێران، ئاستى هەناردەکردنى نەوتى خاوى ئەو وڵاتە ڕوو لە پاشەکشێکردنی بەردەوام دەکات.

 

وەزیرى نەوتى حکومەتى تاران دان بەپاشەکشێیەکانى ئاستى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوتى وڵاتەکەى دەکات، ڕاشیگەیاند سەرۆکى ئەمەریکا "لەتوانایدا نیە نرخەکانى نەوت لەبازاڕەکاندا دابەزێنێت".

 ئاژانسى هەواڵى کرێکاری ئێرانى لەسەر زارى بێژەن زەنگەنە بڵاویکردۆتەوە " بازاڕى نەوت ڕووبەرووى کەمیی خستنەروو بووەتەوەو، ئەمەش بەقسەکردن چارەسەر نابێت"، گووتیشى "دۆناڵد ترامپ، پێی وایە لە ڕێگەى گۆشارى وڵاتان نرخەکانى نەوت دادەبەزێنێت".

ئامارە فەرمییەکانى تایبەت بە جووڵەى سەرچاوەکانى کەرت نەوت دەریخستووە "تورکیا و ئیتاڵیا دوایین کڕیارانى نەوتى ئێرانن لە دەرەوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستن و چین و هیندستانیش لە دونیادا بە پلە لە دواى یەک دێن"، ئەمەش پەیامێکى ڕوونە بۆ ئاڵۆزبوونى کەرتى وزەى تاران، کە چەند هەفتەیەکى ماوە قۆناغی دووهەمی سزاکان دەست پێ بکەن.

ئامارەکانى کۆمپانیاى ڕیفینیتیڤ ئیکۆن دەری دەخات "ئێران لە سەرەتاى تشرینى یەکەم (سەرەتاى خەزەڵوەر)ەوە ١.٣٣ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردەى هیندستان، چین و تورکیا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردووە و هیچ قەبارەیەکیش لەو ژمارەیە بەرەو ئەوروپا نەنێردراوە"، بەڵام سەرچاوەیەکى کەرتى نەوت خەمڵاندوویەتى "١.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕەوانەى کڕیاران کراوە، کە بەشێکیان لەسەر مانگی دەستکردى ئەى ئای ئێس دەرنەکەوتووە، کە لە ڕێگەى کەشتییەکى یەک ملیۆن بەرمیلی ڕەوانەى ئیتاڵیا کراون". ئەو ئاستەش بە بەراورد لەگەڵ قەبارەکانى مانگی نیسانى (سەرەتاى بانەمەڕ) ڕابردوو کە پێش کشانەوەى سەرۆکى ئەمریکایە لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێرانە، قەبارەکەى لە سنوورى ٢.٥ ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.

هاوکات لە مانگی ئەیلوولى (سەرەتاى ڕەزبەر) ڕابردوو "ئاستى هەناردەکردنى نەوتی تاران لە سنوورى ١.٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێگیر بووە". لەگەڵ دابەزینى ئاستى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوتى خاوی ئێران، نرخەکانى نەوت زیاتر بەرز بووەتەوە کە بە بەراورد لەگەڵ کۆتاییەکانى ٢٠١٤، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ٣ تشرینى یەکەم (سەرەتاى خەزەڵوەر)دا بەرزترین ئاستى ٢٠١٨ تۆمار کرد کە لەسنوورى ٨٦.٧٤  دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام دواتر نرخەکان بۆ سنوورى ٨١ دۆلار دابەزین.

چاودێران پێیان وایە "دابەزینی بەردەوامى هەناردەکردنى نەوتى کۆماری ئیسلامى پاڵپشتییەکى کاریگەرە بۆ نرخەکانى نەوت"، ئیوجین فێنبرێج توێژەرى کۆمرتیس بانکیش پێى وایە کە ئەمە "یەکێکی لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ سەرووى هەشتا دۆلار".

ژمارەکانى تشرینى یەکەم (سەرتاى خەزەڵوەر) نیشانى دەدەن "کڕیاران مەترسییان لە سزاکانى ئەمریکا هەیە بەسەر ئێران و ناچار بوون گرێبەستى کڕینى نەوتى ئەو وڵاتە لە نێوان ڕاگرتن و کەمکردنەوە سنووردار بکەن"، دووپاتیشی دەکەنەوە "هەناردەکردنى نەوت بە شێوەیەکى بەرچاو پاشەکشێ دەکات".

بە پێی ڕیفینیتیڤ لە هەفتەى یەکەمى خەزەڵوەردا هەناردەکردنى ناوەندی نەوتى ئێران لە ڕۆژێکدا سنوورى ١.١ ملیۆن بەرمیل بووە، لە هەندێک ڕۆژیشدا لە خوار یەک ملیۆن بەرمیل بووە. واشنتۆن سوورە لەوەى لە چوارچێوەى سزاکانى سەر تاران، قەبارەى هەناردەکردنى نەوتى ئەو وڵاتە بگەیەنێتە سفر، هەرچەندیش ئەستەمە، بەڵام زۆربەى وڵاتانى جیهان کڕینیان لەو وڵاتە زۆر دابەزاندووە.

نیودلهی، کە یەکێکە لە کڕیارە سەرەکییەکانى نەوتى ئێران، هەندێک نەوتى بۆ مانگی تشرینى دووهەم (سەرەتاى سەرماوەز) کڕیوە، بە بێ ئەوەى بڕەکەى ئاشکرا بکات. تاران بەرامبەر سزاکانى واشنتۆن هەڕەشەى ئەوەى لە زۆربەى وڵاتانى ناوچەکەو ڕێکخراوى ئۆپێک کردووە لەوەى " ڕێگرى لە پڕکردنەوەى پشکى بازاڕ دەکات". ئاشکراشی دەکات "کڕیارى نوێی بۆ نەوتەکەى دۆزیوەتەوە و، ئەو دابەزینەش بەدی هاتوون پرۆسەیەکى کاتییە".

تاران بەئۆپێکى گووتوە "لەئەیلوول بەئاستى ٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێنانى دابەزیوە"، بەڵام کۆمپانیا ڕاوێژکارییەکان دەری دەخەن کە دابەزینەکە زۆر لەوە بەرزترە باسی لێوە دەکرێت".