Skip to main content

قوتابخانەکانی ئێران بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی قوتابیان

قوتابخانەکانی ئێران بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی قوتابیان
دەستدرێژیکەرانى سەر قوتابیان دەشاردرێنەوە و ئەگەریش ئاشکرا ببن سزایەکى سووک دەدرێن
posted onOctober 16, 2018
nocomment

 

ئەوڕۆ ٢٣ی ڕەزبەڕ، پویان خۆشحاڵ هەواڵنێری ڕۆژنامەی ئێرانی ئیبتیکار ڕاپۆرتێکى لەسەر دۆخی خراپی قوتابخانەکانی ئێران بڵاو کردووەتەوە و نوسیویەتی "تەرازووی دادپەروەرى بە زەرەری قوتابخانەکانە".

 

لە سەرەتای مانگی ڕەزبەڕەوە تا ئێستا چەندین حاڵەتی قوربانیبووونى قوتابیان لە قوتابخانەکانی ئێران ڕووی داوە کە گرنگترینیان دەستدرێژیکردنە سەر دونیای تەمەن ٦ ساڵاى یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. بە گووتەی پویان خۆشحاڵ، خوێنگرتنی گوماناوی لە قوتابیانی تاکستان و وەرگەڕانی پاسى قوتابیان لە نیزیک شاری تەورێز و لێدانى قوتابیانی خۆراسانی تەنیا بەشێکن لە حاڵەتەکانی قوربانببوونی قوتابیان لە دەستپێکى ساڵی نوێی خوێندن.

 

دەستدرێژی بووەتە هۆى ئەوەى خەڵک باوەڕى بە سیستەمی پەروەردە نەمێنێت!

پارساڵ چەندین حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر قوتابیان ڕوویان دا کە گرینگترینیان دەستدرێژیی مامۆستایەک بوو بۆ سەر چەندین خوێندکاری  قوتابخانەیەکی تاران و نوێترینیشیان دەستدرێژیکردنە سەر دونیا وەیسی کچە کوردێکی شەش ساڵانی سنەیی بوو کە تا ئێستا دەستدرێژیکەران نە ئاشکرا کراون و نە حوکم دراون، لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی بە تاوانی "تەجاوز بە عنف" ساڵانە دەیان کەس لە ئێران لە سێدارە دەدات، کەچى لەهەمبەر دەستدرێژی ئەندامانی سوپا و بەسیج بۆ سەر قوتابیان هیچ هەڵوێستێکی نییە و ئەگەریش هەیبێت، بڕیاڕەکانی زۆر قورس نین.

 کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە سزادانی تاوانبارانی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان، گومانی لای خەڵک دروست کردووە بەوەی ئەو کارانە بە شێوەی سیستماتیک و پلاندارێژراو بێت و بەمەش خەریکە خەڵک باوەڕى بە سیستەمی پەروەردی کۆماری ئیسلامی نامێنێت.

دونیا وەیسى، ئەو کچۆڵە ٧ ساڵانەیەى کە دەستدرێژى کرایە سەر، کەچى ئیتلاعات دەستدرێژیکەر دەشارێتەوە!

دونیا وەیسى، ئەو کچۆڵە ٧ ساڵانەیەى کە دەستدرێژى کرایە سەر، کەچى ئیتلاعات دەستدرێژیکەرەکەى دەشارێتەوە!

 

٤٠%ى قوتابخانەکانی ئێران سیستەمی گەرمکەرەوەیان نییە!

لە کاتێکدا کە بەشی زۆری کاری پەروەردە و فێرکردنى قوتابیان لە سێ وەرزی پاییز و زستان و بەهار بەڕێوە دەچێت، کەچى ٤٠%ى قوتابخانەکان هیچ سیستەمێکی گەرمکەرەوەیان نییە و ئەوەش بووەتە هۆی نەخۆشکەوتنی قوتابیان.

بە هۆى نەبوونى نەخۆشخانە لە شوێنە دوورەدەستەکان و خراپی ڕێگاوبانی شارەدێ و گوندەکان، زۆر جاران قوتابیانى نەخۆش و یا ئەو قوتابیانەى پێویست بە بڕینى مەودایەکى زۆر دەکەن بۆ گەیشتنە پۆلەکانى خوێندنیان، تووشى کارەسات و ڕووداوى هاتوچۆ دەبنەوە، بەتایبەت لە کاتى ڕۆژانى باو و بۆران و سەهۆڵبەندانەکاندا.

کەم کەس هەیە ڕووداوی سووتانی ٢٢ کچە قوتابییەکەى گووندی شیناواێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نەبیستبێ کە بە هۆى ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی گوندەکەیان دوو کچ گیانیان لەدەست دا و ٢٠ کچى دیکەیش بە پلەى جیاواز تووشى سووتان بوونەوە.

ئێستا پێنج ساڵ بەسەر ڕوودانی ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕێت، کەچى (بە گووتەی ئەحمەدی نیاز پارێزەری قوتابییەکان) تا ئێستاش ١٨ کەس لە قوربانیانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستاودەستیان پێ دەکرێت و چارەسەریان دوادەخرێت!

 

کچانى شیناوێ تا ئێستاش هیوایان لەسەر بەڵێنە درۆیینەکانى کۆمارى ئیسلامى هەڵچنیوە!

کچانى شیناوێ تا ئێستاش هیوایان لەسەر بەڵێنە درۆیینەکانى کۆمارى ئیسلامى هەڵچنیوە!

 

ستانداردنەبوونی گەرمکەرەوەی قوتابخانەکان بووەتە هۆی دروستبوونى ترس و دڵەڕاوکێ و بنەماڵەى قوتابیان لە ئەگەری دووبارەبوونەوەى کارەساتێکی دیکەى هاوشێوەى کارەساتى شیناوێ دەترسن.