Skip to main content

ئاگربەستى حوسییەکان؛ شکستى کۆمارى ئیسلامى

ئاگربەستى حوسییەکان؛ شکستى کۆمارى ئیسلامى
AvaToday caption
posted onSeptember 21, 2019
nocomment

هەواڵدەری ڕۆیتەرز ڕۆژی سێشەممە ٣٠ خەرمانان ڕایانگەیاند "هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بۆ سەر عەرەبستان ڕادەگرین ئەگەر عەرەبستان هێرشەکانی خۆی بوەستێنێت".

مێهدی مەشات سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرزی سیاسی یەمەنی سەر بە حوسییەکان لە تەلەڤزیۆنی خۆجێیی ئەو وڵات ڕایگەیاند: داوا لە هەموو لایەنەکانی بەشدار لە شەڕی یەمەن دەکەم بە شێوەی جددی دەست بە دانوسان بکەن بۆ ئەوەی ئاشتی نەتەوەیی هەمەلایەنە بێتە کایە.

مەشات لە هەمانکاتدا هەڕەشەی کرد ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن حوسییەکان بێ دوودڵی مافی وڵامدانەوەیان هەیە. مەشات داوای لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن و کۆتاییهاتنی ڕاگرتنی کەشتییەکان لە بەندەری حەدیدە کرد. لە درێژەی قسەکانیدا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە "توانا سەربازییەکانی حوسییەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاد دەکات و  بە تایبەت پەرەیەکى زۆرمان بە بواری بەرگری ئاسمانی و مووشەکی داوە".

یەمەن و حوسى

هێرشی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ سەر حوسییەکان بەردەوامە

هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتى عەرەبستان شەوی هەینی ٢٩ خەرمانان هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانى حوسییەکان و چەندین خاڵیان لە بەندەری حەدیدە کردە ئامانج کە ناوەندی بەرهەمهێنانی مینی دەریایی و پاپۆڕی کۆنترۆڵی بوون. لە لایەکی دیکە پاپۆڕێکی حوسییەکانیان لە دەریای سوور تێک شکاند.

شەڕی ناوخۆیی یەمەن پێنج ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس و کوژرانی هەزارانی دیکە. ئەو شەڕە کاتێک دەستی پێ کرد کە شێعەکانی یەمەن کە لە باکوورى ئەو وڵاتە نیشتەجێن، لە ساڵی ٢٠١٤ سەنعایان کۆنتڕۆڵ کرد و لە بەرامبەردا هاوپەیمانی وڵاتانی موسڵمان و ڕۆژئاوایی بە سەرۆکایەتى عەرەبستان هەوڵی لەناوبردنی حوسییەکان و گەڕانەوەی دەوڵەتی ڕووخاوی ئەو وڵاتە دەدەن.

حوسییەکان باسکی چەکداری کۆماری ئیسلامین لە وڵاتی یەمەن و خاوەنی فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان و مووشەکی درێژمەودان. حوسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان ئارامکۆیان کردووەتە ئەمانج، بەڵام ئەمریکا و عەرەبستان ئەو بانگەشەی حوسییەکان ڕەت و بە پەردەپۆشێکى دەزانن بەوەى کە "ئێران ئەنجامدەری هێرشەکەیە".

لە نوێترین گۆڕانکارییەکانی ناوچە، ئەمریکا بڕیاری داوە بۆ بەرگری لە ژێرخانە ستراتیژییەکانی عەرەبستان هێزی سەربازی بۆ کەنداوی فارس بنێرێت.