Skip to main content

ژەهراویبوونى بەرهەمە شیرەمەنییەکانی کارخانەی پاک ئارای سنە

ژەهراویبوونى بەرهەمە شیرەمەنییەکانی کارخانەی پاک ئارای سنە
.
کارخانەی پاک ئارای سنە لەقێکە لە شیرەمەنی پاک لە ئێران
posted onSeptember 20, 2018
nocomment

بەپێ هەواڵی گەیشتوو بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتوودەی، کارخانەی شیرەمەنی پاک ئارای سنە لە مێژە بەپێ بەرنامەیەکی ئامانجدار و درێژخایەن مادەیەکی نایاسایی بە نێوی ناتامایسین و ئەنزیمی ئێکسپایەر تێکەڵی شیر و بەرهەمەکانی دیکەی دەکا کە لە درێژەی زەماندا خەڵک تووشی شێرپەنجە و نەخۆشی بێ چارەسەری دیکە دەکات .

یەکێک لە کرێکارانی ئەم کارخانەیە بە ئاڤاتودی گوت "بە هۆکارێکی نادیارەوە ماوەی یەک مانگ کارخانەی پاک ئارای سنە داخرا و  ڕوونکردنەوەیەکی ئەوتۆیان پێمان  نەدا و بەس گوتیان کە بەشی یارانەی شیری ئەم کارخانەیە دابەزیوە و توانای بەرهەمهێنانی مەوادی شیرەمەنیمان نەماوە . پاش بەدواداچوون دەرکەوت کە لەمێژە کەسانێک، مادەی ژەهراوی و نایاسایی تێکەڵی شیر و بەرهەمەکانی دیکەی ئەم کارخانە دەکەن و بۆ پێشگرتن لە ناوزڕانی ئەم برەندە و هەروەها بەرگری لە ئاگاداربوونی کڕیارانی بەرهەمەکانی،  بۆ ماوەیەک داخرا".

کارخانەی پاک ئارای سنە لەقێکە لە شیرەمەنی پاک لە ئێران کە ئیشی خۆی لە ساڵی ۱۳٦۷ بە توانای بەرهەمهێنانی۷٥۰۰ تۆن دەست پێ کرد و ئێستا یەکێک لە چالاکانی بواری شیرەمەنییە کە بەرهەمەکانی هەناردەی وڵاتانی دراوسێش وەک عێراق  دەکا. مامۆستایەکی کیمیای زانکۆی ئێران لەم بارەیەوە وتی: ئەگەرچی زۆر کەس کە زانیارییان لە سەر مادەی پارێزەر نییە دەڵێن کە  ناتامایسین وەکوو مادەیەکی پارێزەر لە هەموو بەرهەمە خۆراکییە پیشەییەکاندا  بە کار دەهێنرێت بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، ناتامایسین بۆ بەرهەمە خۆراکییە پیشەییە وشکەکان بەکار دێت و یان لە گەڵ مادەیەکی دیکە تێکەڵی دەکەن و بەشێوەی ئسپرەی بەس لە ئاستی سوسیس و جۆرێکی پەنێر کەڵکی لێ وەردەگیردرێت و بەکارهێنانی بەهەر شێوەیەک بۆ بەرهەمە خۆراکییە تەڕەکان قەدەغەیە."

ئەم مامۆستایە لە درێژەی قسەکەیدا گوتی: ئیستا ئەو مادەیە کە لە کارخانە شیرەمەنییەکانی ئێراندا بە شێوەی بەربڵاو  وەک مادەی پارێزەر کەڵکی لێ وەردەگیردرێت وایتێکسە کە تێکەڵی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی دەکەن، هەروەها چۆن لە کارخانەکانی ئێراندا ئاوی زۆر تێکەڵی شیر دەکەن، نێشاستەی پێ زیاد دەکەن تا هەم کێشی بڕواتە سەر و هەم خەست ببێتەوە. واتا تێکەڵکردنی ناتامایسین لەگەڵ شیر مەترسی زۆر زۆرتر لە وایتێکسە و لە درێژەی زەماندا دەبێتە هۆی شێرپەنجە و ناخۆشی بێ چارەسەری دیکە.

ئەو شتەی کە جێی پرسیارە ئەوەیە کە پاش ئەم هەموو ساڵە چلۆن تا ئێستا چۆنیەتی ئەم کارە بۆ کەس دەرنەکەوتووە و کەس پێشی لێ نەگرتووە ؟ ئایا بەرپرسەکانی پارێزگای سنە هەستیان بە بەرپرسیاریەتی لەم کارە نەکردووە یان ساڵەهایە بە شێوەی نهێنى و بەدوور لە چاوی ئەوان ئەم کارە ئەنجام دراوە؟

ڕێکلامى شیرنەمەنى پاک ئاراى سنە

ڕێکلامى شیرنەمەنى پاک ئاراى سنە

بە دوای وڵامی ئەم پرسیارانە، یەکێک لە کار بەدەستانی کارخانەی پاک ئارا وتی "بەداخەوە بەس شەڕی لایەنە سیاسییەکانە کە ئەم تاوانە دەخاتەڕوو" . مەتین بیگلەری کە بەڕێوەبەری بەشی پەرەپێدانی بازاڕی کۆمپانیای شیرەمەنی پاک ئارایە یەکەمین تاوانبارە لەم کارە. مانگانە لەم کارخانەیە ۷ میلیون پارەی وەرگرتووە بەبێ ئەوەی تەنانەت یەک کاتژمێریش لە کارخانە بوونی هەبێت، بەڵام بەڵگەکان پیشان دەدا کە بە هاوکاری سەعیدی کیا یەکێک لە کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە پاساوکردن و داپۆشانی ڕاستییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم جەنایەتە و ژەهراویکردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان کاری کردووە.

هەروەها کەژاڵ دیانەتی ڕاهێنەری بەشی ماڵی کارخانە لەگەڵ هاوسەرەکەی کە بازڕەسی بەرهەمە خۆراکییە پیشەییەکانە بە بڕی پارەی سێ میلیون بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە پێکەوە هاوئاهەنگیان دەکرد و تاوانباری دیکەی ئەم کارەیە. مەتین بیگلەری پێشتر بەڕێوەبەری دەفتەری حیزبی ئیعتمادی میللی لە کوردستان بووە و ئەو کەسەی کە ئەم کارەی خستووە ڕوو (بەبێ ئاماژە بە نێوی) یەکێک لە لایەنگرانی موحەمەدرەزا ڕەحیمی جێگری  ئەحمەدی نژاد سەرۆککۆماری پێشووی ئێرانە."

هەروەها ئەم کاربەدەستە لە درێژەی قسەکەیدا گوتی "پارێزگای سنە ٦ نوێنەری هەیە کەچی تا ئێستا یەک لەو نوێنەرانە هەوڵی ڕوونکردنەوە و بەداواداچوونەوەی ئەم کارەیان نەداوە و بێدەنگیان لە بەرانبەری ئەم جەنایەتە هەڵبژاردووە". ئەو شتەی کە سەرنجڕاکێشە ئەمەیە کە لەم چەشنە ڕووداوە ئامانجدارانە  ساڵەهایە لە کوردستان بەردەوام ئەنجام دەدرێت و تەنیا کاتێک بۆ خەڵک ڕوو دەکەوێ کە لەشەڕێ لایەنە سیاسییەکان ، لایەنێک بیهەوێ لە نێو خەڵکدا پلە وپایەیەک بە دەست بێنێت، دەسپێشخەری دەکا و ئەو شتەی کە بە زیانی بەرانبەرەکەی بێت ڕووی دەکا.

یەکێک لە شارۆمەندانی شاری سنە کە بە پێ قسەی خۆی ساڵەهایە بە هۆی خۆماڵیبوونی ئەم کارخانەیە کڕیاری بەرهەمە شیرەمەنییەکانییە دەیگو ت  "کاتێ هەواڵی ژەهراویبوونی شیرەمەنی کارخانەی پاک ئارام بیست زۆر تێکچووم و لە درێژەی بەڕێوەبەرییە هەستیارەکانی کوردستان بە دەستی کەسانێک دڵپڕ لەقین و نابەرپرسیار لە ئاستی کورددا، بیرەوەرییەکی تاڵم وەبیر کەوتەوە بەم شێوە کە، لە ساڵی ١٣٧٨بەرپرسی کۆمپانیای نەوتی پارێزگای سنە (جەهانبەخش نەوکانی)ـیم لە شوێنێکدا بینی کە بۆ هاوڕێیەکانی بیرەوەری خۆی دەگێڕایەوە و دەیگوت: کە هەر لەو ساڵەدا بەشی بەنزینی پارێزگای ئەراک کە ملیۆنەها لیتر بوو، ناسالم بوو و خەساری زۆری لە ماتۆر و سیستەمی وزە بەخشی سەیارە دەدا . کاتێ بەرپرسی کۆمپانیای نەوتی ئەراک کە یەکێک لە دۆستانی هاولانم بوو پێوەندی لە گەڵم گرت و ئەو بابەتەی پێم گوت من بە بێ درەنگ بەنزینی سنە و ئەراکم جێبەجێ کرد . ئەو سا بە شانازی وپێکەنینێکی گاڵتەجاڕانەوە دەیگوت کە لەبەر ئەم مامەڵەی منە بە هەزاران سەیارەی خەڵکی پارێزگای سنە خەساری بینی و هەموو کات تەعمیرگاکانی کوردستان قەڕەباڵغ بوو. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ئەو بەرپرسە دەبوایا بە ئەو پەڕی هێز و توانای خۆیەو داکۆکی لە مافی خەڵکی کوردستان بکردبایا نەک ئەوەی کە بیانفرۆشێت و خەیانەتیان پێ بکا."

مافی خەڵکی کوردستان نییە داوای ڕوونکردنەوە لە ژەهراویبوون بکەن

مافی خەڵکی کوردستان نییە داوای ڕوونکردنەوە لە ژەهراویبوون بکەن

ڕاستی ئەوەیە کە کوردستان شوێنێکە کە بە هۆی بێکاری و نەبوونی کارخانە، خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە کۆڵبەری و دەسفرۆشی و بەگشتی ئیشە درۆیینەکان کردووە و هەروەها لاوی زۆر بۆ بژێوی ژیانیان ئاوارەی گەورە شارانێک وەکوو تاران بوون.

کۆڵبەرەکان  لە لایەن حوکوومەتەوە بە قاچاخچی ناو دەبرێن و دەسفرۆشەکان تاوانبار دەکرێن بە فرۆشتنی کەلوپەلی خراپ و بێ کەڵک و بڕێ جاریش بە هۆکاری ناسالمبوونی خۆراکییەکانیان دەس بە سەریاندا دادەگیردرێت .

ئێستا وەک پرسیارێک کە ڕەنگە مێشکی زۆر کەس داگیر بکا، ئەم چەشنە ڕووداوانە کە ساڵەهایە بە شێوەی بەرنامەدار بەرەوپێش دەڕوا ئایا مافی خەڵکی کوردستان نییە کە داوای ڕوونکردنەوەیان بکەن و بیانەوێ تاوانباران لە مەحکەمەیەکی ئاشکرا و یاسایی سزا بدرێن؟