Skip to main content

شکستى ئابوورى و سستبوونى بازاڕى کڕین و فرۆشى خانووبەرە لە ئێران

شکستى ئابوورى و سستبوونى بازاڕى کڕین و فرۆشى خانووبەرە لە ئێران
لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابڕدوو بەهى مەترێک زەوى ٦.٢% زیادی کردووە
کڕین و فرۆشى خانوو ٤٥% کەمى کردووە
posted onSeptember 20, 2018
nocomment

 

سەودا و کڕین و فرۆشى خانووبەرە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، بە رێژەی ٤٥% کەمی کردووە.

 

بە پێی ئەو زانیاریانەی لە سیستەمی موڵکی ئێراندا بڵاو بووەتەوە، لە ٢٥ ڕۆژی سەرەتای مانگی خەرمانان ڕێژەی ٧٥٣٨ بەڵێننامەی کڕینوفرۆشی موڵک لە تاران واژوو کراوە کە نیشاندەری ئەوەیە بە شێوەی ڕێژەیی ڕۆژانە ٣٠١ ڕێککەوتننامەى کڕینوفرۆش واژوو کراوە کە ئەو ڕێژەیە لە مانگی خەرمانای ساڵی ڕابڕدوو ٤٣٨ حاڵەت بووە.

 

هەواڵدەری کۆماری ئیسلامی ئیرنا لەو بارەوە بڵاوەی کردووەتەوە دوای ئەوەی لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا رێژەی سەوداى خانووبەرە ٣٣% کەمی کردبوو ئەو ڕێژەیە لە مانگی خەرمانان گەیشتۆتە ٤٥%. لە لایەکی دیکە نرخی ماڵ بۆ کڕین لە تاران ٦٣% زیادی کردووە و کرێی مانگانەی خانووش کە لە مانگی گەلاوێژدا بە رێژەی ٧.١ % زیادی کردبوو لە مانگی خەرماناندا دابەزیوە بۆ ٦.١%.

 

هەبوونی سێ نیشانەی چوونەدەرێی سەفتەکارەکان لە بازاڕ و کەمبوونەوەی رێژەی سەودا و کەمبوونەوەی هێزی کڕینی خەڵک سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە لە مانگەکانی داهاتووش مامەڵەى ماڵ و خانوو هەروا کەم دەبێتەوە و ڕێژەی نرخەکان هێدیتر لە ئێستا بەرەو زیادبوون دەچن.

 

بە گوێرەی زانیارییەکان لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧، بەهاى هەر مەترێک زەوى ٧ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار تمەن بووە کە لە چاو مانگی ڕابڕدوو و بە بەراورد لەگەڵ مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابڕدوو ٦.١ و ٦.٢% زیادی کردووە.

 

ڕاپۆڕتێکی بانکی ناوەندی ئێران باس لەوە دەکات رێژەی سەوداى ئاپارتمانەکانی تاران گەیشتۆتە ١٢٠٠٠ کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پووشپەڕ ١١. ٢ و بە بەراورد لەگەڵ مانگی گەلاوێژ ٣٣.٣% لە کەمی داوە.