Skip to main content

سەرۆکی شوڕای شاری مەشهەد: هەولێر پایتەختی سێکسە

سەرۆکی شوڕای شاری مەشهەد: هەولێر پایتەختی سێکسە
پاش مایەپووچبوونى ئابوورى ئێران عێراقییەکان گەشتێکى زیاتر بۆ ئێران دەکەن لە چاو ڕابردوو
چالاکوانێکى باشوورى کوردستان: بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى دەیانهەوێت بەم قسانە شکستى ئابوورى و سیاسیی خۆیان بشارنەوە
posted onSeptember 15, 2018
nocomment

 

دوای ئەوەی هەواڵی چوونی پیاوانی عێراقی بۆ مەشهەد و شارە پیرۆزە ئایینییەکانی ئێران بۆ سێکس بڵاو بۆوە و تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى پەیوەندى تەلەفۆنى پیاوێکى عێراقى لەگەڵ ژنە ساقییەکى ئێرانى بڵاو کردەوە بۆ ئامادەکردنى کچانى خوارووى ٢٥ ساڵ بۆ سەرجێیی، محەمەد ڕەزا حەیدەرى سەرۆکی ئەنجوومەنى شارى مەشهەد گوتى "کاتێک عێراقیەکان هەولێریان هەیە چ پێویستییەکیان بە سەفەرکردن هەیە بۆ ئێران بۆ ئەوەى سەرجێیی لەگەڵ ئێرانییەکان بکەن".

 

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێ "هەولێر ناوەندی گەشتیارى سێکسییە" و لە بەرامبەریشدا چالاکێکى کوردى باشوورى کوردستان پێى وایە "حورمەتى هەرێمى کوردستان و هەولێر و کوردەکان سەبارەت بە لەشفرۆشى دیارە و قسەى ئەم بەرپرسە کۆمارى ئیسلامى بۆ شاردنەوەى هەڵە و شکستە ئابووریی و سیاسییەکانى خۆیانە لە نێوخۆى وڵات و ناوچەکە".

ئەم چالاکوانە ئەوەشى نەشاردەوە کە هەر وڵاتێک خۆش بێت لە ڕووى ژینگەییەوە و لە ڕووى ئابوورییەوە دراوەکەى مایەپووچ بووبێت و خەڵکى لە هەژارى و نەداریدا بژین، "ئەوا بێشک ئەو وڵاتە تووشى دیاردەى لەشفرۆشییەکى گەورە و هێرشى گەورەى گەشتیاران دەبێتەوە"، بەڵام ئەوەشى نەشاردەوە کە "هەرێمى کوردستان لە ڕووى گەشتیارییەوە زیاتر عەرەبەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق ڕووى تێدەکەن و ئەویش لەبەر ئاو و هەواکەى و خۆشى سرووشتەکەیەتى و ئەگەر لەشفرۆشێکیشى لێ بێت ئەوا بەداخەوە هى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن وەک بەغدا و لوبنان و ئێران و سوریە".

گرانی و بێکاری و داشکانی بەهاى تمەن لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکى و دیناری ئێراقی، بووەتە هۆى ئەوەى لەشفرۆشی ژنان لە ئێران زیاتر پەرە بسێنێت و پیاوانی عێراقیش زیاتر لە جاران بۆ هاڵۆشى خۆیان ڕووى تێ بکەن، بەتایبەتیش ئەم دیاردەیە لە شارەکانی مەشهەد و قوم زۆر بە زەقی دیارە.

لە پێوەندی لەگەڵ لەشفرۆشی لە ئێرانی، ژاڵە شادیتەڵەب کۆمەڵناسى ئێرانى، گوتووشیەتى "٧٦% ژنانی لەشفرۆش ئەزموونی هەڵاتن لە ماڵیان هەیە و ٢٣% بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بوون"، لە لایەکی ترەوە ناوبراو گوتووشیەتى "٩% ئەو ژنانە لەشفرۆش، بە گوشاری هاوسەرەکانیان دەستیان بە لەشفرۆشى و سەرجێی بە پارە کردووە و ١٨%یان بە گوشاری بنەماڵەکانیان ڕوویان لەو پیشەیە کردووە.

 

لینکى ئەو ڤیدیۆیەى کە سەرۆکى ئەنجوومەنى شارى مەشهەد دەڵێت: لاوە عێراقییەکان با بچنە هەولێر سێکس بکەن

https://www.youtube.com/watch?v=Mm9_UhsFIh8