Skip to main content

مەکگۆرگ و سولەیمانى لە بەغدا کۆ بوونەوە

برێت مەکگۆرگ و قاسم سولەیمانى لە بەغدا کۆ بوونەوە
سولەیمانى بەڵێنى داوەتە مەکگۆرگ، گرووپ و میلیشیاکانى نێزیک لە ئێران زیان بە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا نەگەیێنن
لە کۆبوونەکەدا سولەیمانى بە پێچەوانەى هەڕەشەکانى لە ئێران زۆر بە ئەدەب و ملکەچییەوە قسەى کردووە
posted onSeptember 15, 2018
nocomment



برێت مەکگۆرگ نوێنەرى تایبەتى سەرۆککۆمارى ئەمریکا لە بەغدا چاوى بە قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسى ئێران کەوت.

 

بە پێى زانیارییەکانى دەزگاى میدیایی ئاڤاتودەى لە بەغدا، نوێنەرى سەرۆککۆمارى ئەمریکا خوازیارى دەرچوونى سوپاى قودس لە عێراق و نەهێشتنى پێگە مووشەکییەکانى ئەو سوپایە بوو کە دراونەتە حەشدى شەعبی لە سەرتاسەرى عێراق. مەکگۆرک هۆشدارى ئەوەشى داوەتە سولەیمانى کە نابێت میلیشیا و گرووپە عێراقییەکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى زیان لە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بگەیێنن.

قاسم سولەیمانى سەبارەت بە هێرشە خومپارییەکەى عەئاسیبولئەهلى حەق بۆ سەر کونسولگەرى ئەمریکا لە بەسرە و باڵێۆزخانەى ئەمریکا لە ناوەى سەوزى بەغدا، بێئاگایی خۆى نیشان داوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە عەسائیبولئەهلى حەق بە سەرۆکایەتى قەیس خەزعەلى لە ژێر فەرمانى ڕاستەوخۆى قاسم سولەیمانیدایە. سولەیمانى لەم دیدارەیدا بەڵێنى داوەتە برێت مەکگۆرگ کە گرووپ و میلیشیاکانى نێزیک لە ئێران زیان بە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا نەگەیێنن.

بە قسەى سەرچاوەکەى ئاڤاتودەى لە بەغدا، برێت مەکگۆرگ بڕیارەکەى کۆشکى سپى بە گوێى سولەیمانیدا چپاندووە کە لە ئەگەرى هەر جۆرە جووڵە و هێرشێگى ئەو گرووپانەى سەر بە کۆمارى ئیسلامى لە عێراق دژى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا، ئەوا تاران بەرپرسیار دەبێت و ئەمریکا وڵامێکى لێبڕاوانەى دەبێت.

ناوچەى سەو ئەو شوێنەیە کە کۆبوونەکەى لێ ئەنجام دراوە

ناوچەى سەو ئەو شوێنەیە کە کۆبوونەکەى لێ ئەنجام دراوە

 

لەم دانیشتنەدا کە شوێنەکەى لە لایەن نوێنەرەکەى سەرۆککۆمارى ئەمریکاوە لە ناوچەى سەوزى بەغدا دیارى کراوە، برێت مەکگۆرگ هەر جۆرە دەستتێوەردانێکى واشنتۆنى لە دەرکردنى هێزەکانى سەر بە ئێران لە بەسرە و ئاگرتێبەردانى کونسولگەرى کۆمارى ئیسلامى ڕەت کردووەتەوە. مەگ گۆرگ لەم دیدارەى  لەگەڵ قاسم سولەیمانى هۆشدارى ئەوەى داوە کە نەبنە هۆى ڕووبەڕووبوونەوەى ئەمریکا و کۆمارى ئیسلامى لە خاکى عێراق و هەر بۆ ئەم مەبەستە دەبێت هێزەکانى خۆیان لە عێراق بەرنە دەرەوە، بەدەر لەمە ئەمریکا ناتوانێت بەر بە هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر سوپاى قودس بگرێت.

سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ئاڤاتودەى گوت قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسى ئێران بە پێچەوانەى قسە هەڕەشاوییەکانى پێشووى خۆى لە ئێران، بە ئەدەب و ڕێزێکى زۆرەوە هەوڵى ئەوەى داوە بەهانە بۆ هەندێک لە ڕەفتار و کردارەکانى کۆمارى ئیسلامى لە عێراق بهێنێتەوە.

وا پێدەچێت کۆمارى ئیسلامى ڕێگەیەکى دیکەى جگە لە پاشەکشێ لە سوریە وعێراق بۆ نەمابێتەوە بۆ ئەوەى ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بەرکەوتن ڕوو نەدات و ئەمەیش بە ماناى ماڵئاواییکردنە لەو ستراتیژییەى کە پێشتر بۆ دەستتێوەردان و دەسەڵاتى خۆى لە ناوچەکەدا هەیبوو.