Skip to main content

کەشتییە نەوتییەکانى ئێران سەرگەردانى کڕیارن!

کەشتییە نەوتییەکانى ئێران سەرگەردانى کڕیارن!
ئۆپێک: لە خەرمانانى ڕابردووەوە، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى ئێران ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمی کردووە
زۆرى ژمارەی کەشتییەکان بەهۆى کەمبوونەوەى کڕیارانى نەوتە.
posted onSeptember 13, 2018
nocomment

 

بەهۆى سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر کۆمارى ئیسلامیدا، دوو پاپۆڕی نەوتهەڵگرى ئێران (لەجۆرى سووک)  نزیکەى مانگێکە لەبەردەم دەریاى ئیماراتى عەرەبی وەستاون و چاوەڕوانى کڕیارێکن.

 

بە پێى زانیارى سەرچاوەکانى ئەو کەرتە و ئامارە دەریاییەکانیان "ئەو دوو کەشتییە ئێرانییە نزیکەى 2.4 ملیۆن بەرمیل لە نەوتى پارسی باشوورى ئێران هەڵگرتووە، بڕیار بووە بەرەو کۆریاى باشوور بەرێ بکەوێت، بەڵام سیئول هاوردەکردنەکەى راگرت و چین ـیش لە ئابی رابردووەوە هاوردەکردنى نەوتى تارانی بۆ ئاستێکى زۆر نزم کەم کردووەتەوە".

ئامارەکان ئاشکراشیان کردووە "ژمارەى ئەو کەشتیانەى نەوتى ئەو وڵاتە بار دەکەن و لەبەردەم بەندەرەکانى بارکردنى نەوت لە دوورگەى خارک و کێڵگەى سروش ـى نەوت ڕوو لە زیادبوونە"، بەرزبوونەوەى ژمارەی کەشتییەکان بەهۆى کەمکردنەوەى کڕیارانى نەوت بووە. تا ئێستا کەشتییەکى زەبەلاحى نەوتهەڵگر کە تواناى بارکردنى دوو ملیۆن بەرمیل نەوتى هەیە، زیاتر لە ١٠ رۆژە وەستاوە و چوار کەشتى دیکەی هاوشێوەش نزیکەى هەفتەیەکە لە کەنارە دەریاییەکان وەستێنراون.

کەرتى نەوت و وزەى تاران تا پێش رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى تەمموزی ٢٠١٥ کێشەى نەبوو، بەڵام دواتر ڕووبەرووى قەیران و ئاڵۆزیی گەورە بووەتەوە و زۆربەى ژێرخانى ئەو کەرتەش بەهۆى نۆژەننەکردنەوەوە بەرەو وێرانبوون و لاوازى دەچێت.

بەندەرى خارک کە پاپۆڕە نەوتهەڵگرەکانى لێ دەوەستن بۆ فرۆش

بەندەرى خارک کە پاپۆڕە نەوتهەڵگرەکانى لێ دەوەستن بۆ فرۆش

 

بە پێى ڕاپۆرتێکى رێکخراوى وڵاتانى هەناردەکارى نەوت (ئۆپێک) "لە ئابی رابردووەوە، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى ئێران ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمی کردووە". لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە "بەرهەمهێنانى گشتى تاران، کە سێیەم بەرهەمهێنەرە لە نیو ئۆپێکدا لە تەمموزی ئەمساڵ، لە 3.734 ملیۆن بەرمیلى ڕۆژانە بۆ 3.584 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە".

دواى کشانەوەى یەکلایەنەى واشنتۆن لەرێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران و شەش وڵاتە زلهێزەکە، سەپاندنەوەى سزاى ئابوورى بەسەر ئەو وڵاتەدا، ئاڵۆزییە ئابوورییەکان بەرەو خراپتر دەچن. سزاکانى ئەمریکا چەندین کۆمپانیاى بیانى وەک تۆتالی فەڕەنسى، میرسک تانکەرزی دانیمارک، لە ترسی سەپاندنی سزاکان، لەبازاڕى ئێران کشاندەوە. چاوەڕوانیش دەکرێت لە 5 تشرینى دووهەم، دووهەم قۆناغی سزاکانى ئەمەریکا لەسەر کەرتى ووزەو نەوت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمەریکا دەیەوێت ئاستى فرۆشتنى نەوتى تاران بگەیەنێتە سفر، ئەمەش تاڕادەیەک بۆ کوشکی سپی ئەستەمە، بەڵام کاریگەرى گەورە بۆ ئابوورى و دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە دروست دەکات.

بەرهەمهێنانى نەوتى ئێران توانی لەحەوت مانگی یەکەمى ٢٠١٨ لەسنوورى 3.813 ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ ئامارەکانى ٢٠١٧ ئاستى ناوەندی بەرهەمهێنانى ئەو وڵاتە لەسنوورى 3.811 ملیۆن بووە، بەڵام لەساڵى ٢٠١٦ قەبارەى گشتى بەرهەمهێنانى رۆژانەى نەوت بە 3.5 ملیۆن بەرمیل بوو.

داهاتى نەوت یەکێکە لەسەرچاوە سەرەکییەکانى دابینکردنى بودجەو پارەى نەختینە بۆ کۆمارى ئیسلامی ئێران، ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکاش دەیەوێت لەشادەماری گرنگی ئێران بدات.