Skip to main content

هەتا دێت لەشکرى منداڵانی بێبەش لە خوێندن گەورەتر دەبێت

هەتا دێت لەشکرى منداڵانی بێبەش لە خوێندن گەورەتر دەبێت
AvaToday caption
posted onJuly 24, 2019
nocomment

لە ماوەى چل ساڵى ڕابردوودا، سەرەڕاى زیاتربوونى ژمارەى دانیشتوان، بەڵام خوێندن لە وڵاتى ئێران بەرەو کارەسات هەنگاوى ناوە و پاڵى پێوە نراوە. بە پێى داتا و ئامارە فەرمییەکانى خودى دەسەڵات کە هەمیشە دوورە لە ڕاستییەوە و نەهێڵدراوە کارەساتبوونى ئامارەکان پێشان بدرێت، دۆخى خوێندن لە وڵاتى ئێران بەرەو باشى ناچێت و هەتا دێت ئاستى نەخوێندەوارى زیاتر پەرە دەستێنێت.

ڕەزوان حەکیمزادە، جێگری ڕاهێنانی سەرەتایی وەزارەتی پەروەردە و ڕاهێنانى کۆمارى ئیسلامى گوتی "بە پێی ئاماری ڕێکخراوەی تۆماری تاکەکەسی و بەراوردی لەگەڵ نێونووسکراوانی نوێ لە قوتابخانەکان، دەرکەوتووە کە ۱٤۱ هەزار منداڵ لە قوتابخانە ئامادە نین و یان بەجۆرێک لە خوێندن جێ ماون".

حەکیمزادە باسى لەوەش کرد کە ڕێژەیێک لە قوتابیان بەهۆی کۆچکردنی بنەماڵەکانیان تۆمار ناکرێن و یان لە شوێنێکی دیکە نێونووسیان کردووە و تاقمێکیش لە منداڵان بە هۆی نەبوونی ناسنامە، ڕەنگە لە قوتابخانە نێونووس نەکرابن و لە ئاماری منداڵانی بەجێماو لە خوێندن نەبن".

منداڵانى کار

ماوەیێک لە مەوپێش بەپێ ئامارێک کە دامەزراوەی پەروەردە و ڕاهێنان بڵاوی کردەوە، ڕێژەی منداڵانی بێبەش لە خوێندن ۲٥٦ هەزار کەس بوو کە تەنیا ۱۲۰ هەزاریان لە منداڵانی پارێزگای بەلووچستان بوون. هاوکات گوتیان ڕێژەیێکی زۆر لەم منداڵانە هێنراونەتەوە بەر خوێندن، بەڵام شایانی باسە لەبەر نەبوونی قوتابخانەی پتەو و پێداویستی پێویست لەم پارێزگایە خوێندنی منداڵان لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و تەنانەت بە پێى قسەى ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ئەم ڕێژەیە زۆر زیاتر بووە و ڕێژەیەکى گەورەى هاوشێوەى ئەمە بۆ تەنیا پارێزگایێک، کارەساتە.

بە پێى قسەى کۆمەڵناسێک کە نەیویست ناوەکەى ئاشکرا بکرێت، لە پارێزگاى سنەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى گوت "خوێندن وەک هیچ پرس و سێکتەرێکى دیکەى کۆمەڵگە نییە، چونکە هەموو کایە و پیشە و پنتەکانى کۆمەڵگە بەستراون بەم سێکتەرەوە و لە درێژماوەدا کارەساتسازن بۆ کۆمەڵگە. کۆمارى ئیسلامى بە هۆى شەڕانگێزییەکانى لە ناوچەکە و پشتوانى تیرۆریزمى ناوچەیی و جیهانى و لەگەڵ هەمووشیاندا شکستى دەسەڵات لە بەرجام و دانانى گەمارۆى ئابوورى لەلایەن ئەمریکاوە، هۆکار بوونە بۆ ئەوەى کەرتى پەروەردە و تەندرووستى و خزمەتگوزارییەکان پاشەکشەیەکى بەرچاو و مەترسیدار بکەن، بەمەش ئاسایی دەبێتەوە کە ژمارەى نەخوێندەواران و منداڵانى بێبەش لە خوێندن زیاد و زیادتر بکات!