Skip to main content

سەدر هەڕەشە لە سیاسییەکانى عێراق دەکات

سەدر هەڕەشە لە سیاسییەکانى عێراق دەکات
لە مانگى پووشپەڕەوە تا ئێستا خەڵکی بەسرە دژى گەندەڵی و نەبوونى خزمەتگوزاری خۆپێشاندان دەکەن
سەدر هەڕەشەى لە وەزیرە خزمەتگوزارییەکان کرد ئەگەر کێشەى بەسرە چارەسەر نەکەن با واز بێنن
posted onSeptember 6, 2018
nocomment

 

رێبەرى ڕەوتى سەدر بەهۆى ڕووداوەکانى ئەمدواییەى شارى بەسرە هەڕەشەى لە سەرجەم بەرپرسانى وڵاتەکەى کردووەو، داوای چارەسەرێکى خێرای بۆ ئاڵۆزییەکانى ئەو شارەى باشوورى عێراق کردووە.

 

بەهۆى ئاڵۆزییەکانى ئەم دواییەى شارى بەسرە لە باشوورى عێراق، زۆربەى سیاسییەکانى ئەو وڵاتەى شڵەژاندووە، بە ئاستێک سەرۆکوەزیرانى ماوەبەسەرچوو بۆ کۆنترۆڵکردنى ڕەوشەکە سەردانى ئەو شارە دەکات. بەسرە کە بە مانگاى دۆشراوەکەى عێراق دادەنرێت، تاکە شارى ئەو وڵاتەیە کە لەسەر دەورازەى دەریاییە و، 95% هەناردەکردنى نەوتى بەرهەمهێنراویش لەوێوە بەرەو بازاڕەکانى جیهان هەناردە دەکرێت، بەڵام ڕەوشى ئابوورى دانیشتووانەکەى لەوپەرى خراپیدایە و، ئاوى خواردنەوەی خاوێنیان دەست ناکەوێت.

لە مانگى تەمووزەوە تا ئێستا خەڵکی ئەو شارە دژى گەندەڵی و نەبوونى خزمەتگوزارییەکان خۆپێشاندان دەکەن، بەڵام هێزە ئەمنیەکان و میلیشیاکان بە تەقەى راستەوخۆ وەڵامى خۆپێشاندەرانیان داوەتەوە، بەو هۆیەوەش موقتەدا سەدرى سەرۆکى فراکسیۆنى سائیرون کە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکانى ئایاری ڕابردووە، ئەمڕۆ بەیانى لە پەیامێکدا هەڕەشەى تووندی لە بەرپرسانى شارەکە و بەغدا کرد. سەدر لە  گوتى "بەسرە لەلایەن بەشێک لەسیاسییەکانى گۆڕەپانەکە بەبیانووى پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆن، پەراوێز خراوە".

سەدر هەڕەشەى هەنگاوێکى لەو سیاسییانەش کردووە کە لە هزری هیچ کەسێکدا نەبێت، ئەگەر قەیرانەکەى بەسڕا بەو شێوەیە بمێنێتەوە. داواشى کرد پەرلەمان بەخێرایی دەست بە دانیشتنێکى تایبەت بە دۆخى شارەکە بکرێت و ڕاستەوخۆش لە تەلەفزیۆنەکان پەخش بکرێت، بۆ ئەوەى جەماوەر لە نزیکەوە بزانێت چی ڕوودەدات.

دوایین وادەشى یەکشەممەى داهاتووەو، بە پێویستیشى دەزانێت حەیدەر عەبادی، وەزیرى تەندروستى، سەرچاوە ئاوییەکان و ئاوەدانکردنەوەو شارەوانى و وەزیرى کارەبا و پارێزگار و ئەنجومەنى پارێزگاى بەسرە ئامادە بن لە کۆبوونەوەکە، تاوەکو چارەسەر گونجاو بدۆزنەوە، ئەگەر نا سەرجەمیان ماوەکانیان تەواو بووەو، بچنە ماڵەوە و دەست لەپۆستەکانیان هەڵگرن.

سەرۆکى ڕەوتى سەدر سووریشە لەوەى مامەڵەکردن لەسەر پرسى ئاو لەرێگەى شاندە فەرمیی و دیپلۆماتییەکان بێت و کۆمەڵێک پرسى گرنگ چارەسەر بکات. سەدر داواشى لە دوور خستنەوەى دەستێوەردانى حزبی و میلیشیاکان و حەشدی شەعبی کردووە لە کاروباری ناوخۆیی شارەکان بەتایبەت لە بەسرە. گووتیشى "ئەگەر ئەو خاڵانەى خراونەتەڕوو چارەسەر کران، ئەوا دەستپێشخەرییەکى باشە بۆ پێشەوەچوون، ئەگینا ئەو کارەى دەیکەن لە مێشکى کەسدا نییەو، دەسەڵاتى هەموو گەندەڵکاران دەهەژێنین، کە ڕێز لە کەرامەتى گەل ناگرن'. داواشى لە پارێزگاکانى عێراق کردووە هاوکارى بۆ بەسرییەکان کۆ بکەنەوە، جگە لەوەش هاوهەڵوێست بن لەگەڵ خۆپێشاندەرانى بەسرە کە بڕیارە بەم نزیکانە وادەکەى دیاریی بکرێت.

موقتەدا سەدر هەڕەشەکانى لەسەر دەسەڵاتداران زۆر توند بوو!

موقتەدا سەدر هەڕەشەکانى لەسەر دەسەڵاتداران زۆر توند بوو!

 

ئەو خاڵانەى کە موقتەدا سەدر خوێندنیەوە:

١. داوا لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى نوێ دەکەین کە دەستبەجێ دانیشتنێکى ڕاکشاوانە ئەنجام بدەن.

٢. دەبێت ئەو دانیشتنە ڕاستەوخۆش پەخش بکرێت تا گەل بزانن چییان بۆ دەکرێت.

٣. کۆبوونەوەکە دەبێت رۆژى یەکشەممەى ئایندە بێت.

٤. دەبێت سەرۆکى وەزیران و سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى ناوخۆ و وەزیرى تەندرووستى وسامانا ئاوییەکان و نیشتەحێکردن و ئاوەدانکردنەوە و شارەوانى و کارەبا و پارێزگارى بەسرە و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا ئامادەى کۆبوونەوەکە بن.

٥. ئەگەر نا ئەوانەى ناوم بردن، دەبێت هەموویان پۆستەکەى خۆیان بەجێ بهێڵن.

٦. هاوکارى لە ڕێگەى شاندەکان بۆ خزمەتگوزارى زیاترى بەسرە و پارێزگاکانى دیکە

٧. پارێزگاریکردنى دامەزراوە حکومییەکانى پارێزگاى بەسرە

٨. کار بکرێت بۆ دەستتێوەردانى نافەرمى لە بەسرە دەستبەجێ

٩. ئەگەر دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێنەران بگرێت بە زووترین کات، ئەوا دەستپێکى باش دەبێت بۆ عێراق.

١٠. ئەگەر نا ئێمە هەڵوێستێکى توندمان دەبێت کە بە هیچ شێوەیەک بە بیرتان نەهاتووە و شکۆ و عەرزى گەندەڵکاران دەلەرزێنین و ئەوانەى کە ڕێز لە خۆپێشاندەران ناگرن و خوێنیان دەڕێژن.

١١. ئێمە داوا دەکەین لەو ماوەیەدا هەڵمەتى پێشکەشکردنى هاریکارى بۆ بەسرە پێشکەش بکرێت لە سەرتاسەرى عێراق.

١٢. داوا دەکەین خۆپێشاندانى ناڕەزایی وەک هاوسۆزى شەهیدان و بریندارانى بەسرە لە خودى شارەکە ئەنجام بدرێت.