Skip to main content

وێرانەکانى بابل خرانە نێو میراتى فەرهەنگى دونیاوە

وێرانەکانى بابل خرانە نێو میراتى فەرهەنگى دونیاوە
AvaToday caption
posted onJuly 14, 2019
nocomment

وێرانەکانى بابل وەک بەشێک لە میراتى فەرهەنگى مرۆڤایەتى ناسێنران. دێرینەناسانى ئەڵمانى لە سەدەى نۆزدەیەمەوە بەشداربوونە لە هەڵقەندن و دۆزینەوەکانى بابل و دەروازە بەنێوبانگەکەى ئیشتر، دەستکەوتى بەنێوبانگى ئەوانە بۆ بەرلین.

کۆمیتەى میراتى دونیاى سەر بە ڕێکخراوى یونسکۆ، باسکى فەرهەنگى ڕێکخراوى نەتەوەکان، لە دانیشتنێک لە باکۆ پایتەختى ئازەربایەجان، وێرانەکانى بابلیان بە بەشێک لە میراتى فەرهەنگى دونیا لەقەڵەم دا. ئەمڕۆ کە لەو وێرانانە، تەنیا دیوارگەلێکى ڕماو و جادەیەکى سەنگچن ماوەتەوە کە بیرخەرەوەى شکۆمەندانەى ئەم شارە کۆنەیە. لە باغە ئەفسووناوییەکانیش هیچ نەماوەتەوە و لە کۆشکە پڕشکۆ و پەرستگە مەزن و بورجە بەرزەکان، تەنیا وێرانەیەک ماوەتەوە.

بابل یەکێک لە گەورەترین شارەکانى کۆنە و زێى زۆرێک لە دەستکەوتە مرۆڤاایەتییەکانە: هەر لە ماف و ماتماتیکەوە بگرە تا کتێب و ئەستێرەناسى و پزیشکى. بابل لە نێوان ١٨٠٠ى بەر لە لەدایکبوونى مەسیح تا ١٠٠ ساڵ دواى هاتنى مەسیح، لە گرنگترین ناوەندە فەرهەنگى و ئابوورییەکانى دونیاى کلاسیک بوو. فەرمانڕەوایانێکى مەزنى وەک حامووڕابی (١٧٩٢ تا ١٧٥٠ى بەر لە زایین)، نەبووخزنەسرى دووەم (نزیکەى ٦٠٤ تا ٥٤٢ى بەر لە زایین)، کورشى هەخامنشى و ئەسکەندەرى گەورە حوکمیان لەسەر ئەم حکومەت و شارە هەبوە.

لە هەمان کاتیشدا بابل، وەک یەکێک لە نوێنگەکانى ئاژاوە و شەڕ و خراپەکارى مرۆڤ لە دونیاى کۆن ناسراوە: ڕابواردن و شەهوەت و توندوتیژى و وەحشیگەرى لەم شارە لە لووتکەدا بووە.

بابل کە لە تەنیشت ڕووبارى فوڕاتەوە هەڵکەوتووە، ٨٠ کیلۆمەتر لە بەغداى پایتەختى عێراقەوە دوورە، لە سەردەمى هاوچەرخدا، بەتایبەت لە دەیەکانى ١٩٩٠ى زایینى، دووبارە تاڵان کرایەوە. لە ئاپریلى ٢٠٠٣ تا دیسەمبەرى ٢٠٠٤، هێزە ئەمریکی و پۆڵەندییەکان و زۆر گرووپ و ملیشیاى دیکە، وێرانەکانى بابلیان وەک بنکە و بارەگەى شەڕ بەکار هێناوە. هەر لەم ساڵەدا بوو کە زۆرترین زیان بەر شارەکە و ئاسەوارە کۆنەکانى کەوتەوە و زۆر شتى تاڵان کرا.

لە بەرامبەردا ئەو ئاسەوارانەى کە لە سەدەى نۆزدەیەمەوە لە ناوچەکە براونەتە دەرەوە و گوازراونەتەوە بۆ مۆزەخانە جیهانییەکان، بە خۆشییەوە بە ساخ و سەلامەتى ماونەتەوە. بۆ نمونە دەروازە نێودارە و جوانەکەى ئیشتر، کەم و زۆر بە هەمان جوانى سەردەمى خۆیەوە لە مۆزەخانەى ڕۆژهەڵاتناسى بەرلین ماوەتەوە.

لە ساڵى ١٨٩٩ى زایینى، هەڵکۆڵینى دێرینەناسەکانى ئەڵمانیا لە وێرانەکانى بلبل دەستى پێ کرد. دواى چەندین ساڵ کارکردن و هەوڵى زۆر، لە ساڵى ٢٠١٧ى زایینى توانییان باڵەخانە گەورەکانى سەرەکى شارەکە بدۆزینەوە. بەردە درەوشاوەکان و کاشییە شینەکانى دەروازەى ئیشتر لە ساڵى ١٩٢٧ لە سوندووقەیلى قایم و دڵنیا، گەیێنرانە بەرلین.