Skip to main content

ئێران دەیەوێ عێراق بکاتە گۆڕەپانێکى یەکلاکردنەوەى جەنگەکانی

ئێران دەیەوێ عێراق بکاتە گۆڕەپانێکى یەکلاکردنەوەى جەنگەکانی
تاران چەند مووشەکى بالیستى داوەتە میلیشیاکانى نزیک لە خۆى لە نێو حەشدی شەعبی
هادى عامرى: هەر حکومەتێک واشنتۆن پاڵپشتى بکات، لە دوو مانگدا دەیڕووخێنین
posted onSeptember 1, 2018
nocomment

 

گۆڕانکارییەکانى ئەم دواییەى سەرۆکوەزیرانى عێراق، توڕەیی لە نێو لایەنگرانى بەرەى کۆمارى ئیسلامی ئێران لەو وڵاتە دروست کردووە و، مەترسیی ئەوەى لێدەکرێت "بەرەنگاربوونەوەیەکى چەکداری لە نێو گرووپێکى مەزهەبی سەرهەڵبدات".

 

ئەو مەترسییانەش دواى ڕادەستکردنەوەى ژمارەیەک مووشەکی ئێرانییە بە چەند گرووپێکى میلیشیایەکى نزیک لە تاران کە لە چوار چێوەى حەشدی شەعبیدا جێگیر کراون. حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و سەرۆکى فراکسیۆنى نەسر، هەر یەک لە فالح فەیاز ڕاوێژکارى ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق و سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی، و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکى حەشدی شەعبی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە.

ئەو دوو کەسایەتییە بە کەسی نزیک لە ئێران دادەنرێن و، لە لایەن میلیشیاکانى حەشدی شەعبیەوە ڕەخنەى توند ئاراستەى عەبادی کرا.

 

چاودێران مەترسیی ئەوەیان هەیە "دانووستاندنەکانى پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق، بەرەو پێکدادانێکى شێعە ـ شێعە بچێت کە یەکێکیان لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە و، ئەویتریش لە لایەن کۆمارى ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن". ئەو پێکدادانەش لە کاتێکدایە تاران ژمارەیەک مووشەکى بالیستى ڕادەستى میلیشیاکانى نزیک لە خۆى لە نێو حەشدی شەعبی کردووە، کە مەودای ئەو مووشەکانەش لە نێوان 200 بۆ 700 کیلۆمەتر دەبن.

 

چەند مانگێکە شێعەکان لە هەوڵی ئەوەدان گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى دروست بکەن کە تا ئێستا دوو گرووپی فراکسیۆنى شێعە نەیانتوانیوە ببنە خاوەن زۆرترین فراکسیۆنى پەرلەمانی. ئەو گرووپانەش سەر بە بەرەى (سائیرون، حیکمە، نەسڕ و نیشتیمانى)ـن و بەرامبەریشیان (دەوڵەتى یاسا و فەتح)ـن.

واشنتۆن پاڵپشتى مانەوەى عەبادی لە پۆستەکەى دەکات، لە بەرامبەریشدا تاران بە هەموو تواناى خۆیەوە کار لەسەر گۆڕینى سەرۆکوەزیران دەکات، بۆ ئەوەى کەسێکى نزیک لە خۆى لەو پۆستە جێگیر بکات. لەو نێوەندەشدا هادی عامری سەرکردەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی و سەرۆکى فراکسیۆنى فەتح نزیک لە تاران، بە ڕوونى دەڵێت "هەر حکومەتێک لە لایەن واشنتۆنەوە پاڵپشتى بکرێن، لەماوەى دوو مانگدا دەیڕووخێنین".

ئەو چەکانەیش کە ئاشکرا بووە تاران بۆ میلیشیاکانى عێراقی ناردووە بریتین لە (زلزال، فاتح 110 و زولفەقار)، کە ئەگەر لە ناوچەى ڕۆژئاوا و باشووری عێراق جێگیر بکرێن، ئەوا چەند پایتەختێکى وڵاتانى ئەم هەرێمە دەخەنە مەترسییەوە. ئەو قەڵغانەش کە ئێران لە عێراق جێگیریان دەکات، لە لایەن قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسی سوپای پاسدارانەوە سەرپەرشتى دەکرێت. گرنگترین ئەو گرووپانەش لە برى تاران بەرەنگارى سەربازیی دژى ولایەتە یەکگرتووەکان لە نێو خاکی عێراقدا ئەنجام بدەن (حیزبوڵای لوبنانی و بزووتنەوەى نوجەبا)یە.

 

میلیشیا چەکدارەکانى حەشدی شەعبی لە دواى 2014 ـەوە ناوچەى جەرف سەخرى لە باشوورى بەغدای پایتەخت کردووەتە پێگەیەکى سەربازی خۆیان و لەوێوە زۆربەى چالاکییە سەربازیی و چەکدارییەکانیان جموجوڵ پێ دەکەن. لە لایەن خۆشیەوە سەرچاوەیەکى ڕۆژئاوایی ئاماژەى بەوە داوە "جێگیرکردنى ئەو جۆرە چەکانە دەبێتە هۆی توڕەبوونى ئەمریکا و ئەگەری ئەوەشى لێدەکرێت کە هاوشێوەى سووریا هێرشی ئاسمانى بۆ سەر موڵگەکانى ئێران لە عێراق ئەنجام بدات".

هاوکات فەرماندەیەکى باڵاى سوپای پاسدارانى ئێران کە لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردوو بەشداریی هەشت ساڵەى جەنگی وڵاتەکەى دژى عێراق کردووە، ئاشکراى دەکات "هەر کاتێک ئەمەریکا هێرش بکاتە سەرمان، ئەوا هاوڕێیانمان ئامانجەکانى واشنتۆن و هاوپەیمانانى دەخەنە مەترسییەوە".