Skip to main content

پێشنیاری گۆڕینی سرودی نەتەوەیی ئاڵمان کێشەی لێکەوتەوە

پێشنیاری گۆڕینی سرودی نەتەوەیی ئاڵمان کێشەی لێکەوتەوە
AvaToday caption
posted onMay 12, 2019
nocomment

 

بودو ڕامەلف سەرۆک وەزیری ئیالەتی تورینگن لە ئاڵمان بە پێشنیار کردنی گەڵاڵەی گۆڕینی سرودی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بوو بە هۆکاری ئەوەی باسی سرودی نەتەوەیی ئەو وڵاتە جارێکی دیکە هەڵلای لێبێتەوە. لە سەردەمی جیابوونەوەی ئاڵمانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هەر دوو وڵات سرودی نەتەوەیی جیایان هەبوو بەڵام لە دوای یەکگرتنەوەی ئاڵمان، سرودی ئاڵمانی ڕۆژئاوا بوو بە سرودی فەرمی. ئێستا سەرۆک وەزیری ئیالەتی تورینگن لە حیزبی چەپ خوازیاری گۆڕانی ئەو سرودە بووە بۆ ئەوەی هەموو ئاڵمانییەکان بە ئیخۆیانی بزانن.

 

"بودو ڕامە لف" سەرۆک وەزیرانی ئیالەتی تورینگن لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاڵمان بە بۆنەی حەفتایەمین ساڵیادی هەڵبژاردنی سرودی نەتەوەیی ئاڵمان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەی " ڕاینشێر پۆست" داوای گۆڕانی ئەو سرودەی کرد بۆ ئەوەی بیرەوەری سەردەمی نازییەکانی تێدا نەمێنێ و هەروەها بۆ خەڵکی ئیالەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاڵمان جێگەی پەسەند و قەبوڵ کردن بێت. ڕامە لف گووتی: ئەو سرودی نەتەوەیی ئاڵمان لە ڕێوڕەسمەکان دەخوێنێتەوە بەڵام کاتی خوێندنەوە ناتوانێ دیمەنی نمایشی سەربازی نازییەکان لە مەدوای ساڵەکانی ١٩٣٣ هەتا ١٩٤٥ لەبیر بکات. لەو سەردەمەدا حیزبی ناسیۆناڵ سوسیالیستی کرێکاران بە ڕێبەری هیتلەر فەرمانڕەوایی ئاڵمانی دەکرد و هەڵاییسێنەری شەڕی جیهانی دووهەم بوو.

گرینگترین بەشی سرودی نەتەوەیی ئاڵمان بەیتە شێعری" یەکگرتن، یاسا و ئازادییە" کە لەسەر پەراوێزی سکە دو یورونیەکانی ئاڵمان هەڵکەندراوە. نازییەکان بە زیاد کردنی ڕستەی " ئاڵمان لە سەرووی هەموشتێکی جیهانە" ئەو بەیتەیان گۆڕی بەڵام مێلۆدیەکەیان پاراست. لە کۆتای شەڕی جیهانی دووهەم و لە کاتی دامەزرانی ئاڵمانی فیدڕاڵ جارێکی دیکە مێلۆدی سرودەکە پاریزرا بەڵام دەوڵەتی تازەی ئەو وڵاتە بەکارهێنانی دەقی نازییەکانی یاساغ کرد.
لە ئاڵمانی ڕۆژهەڵات بە هەمان شێوە هەڵبەستێک بۆ سرودەکە دیاری کرا کە خاڵی بنچینەیی " هەستانەوە لە خۆڵەمیش بوو". ڕێبەرانی ئاڵمانی ڕۆژهەڵات ڕستەی وڵاتی باوکانی یەکگرتویان قەبوڵ نەدەکرد. ئێستا سەرۆک وەزیری ئیالەتی تورینگن دەڵێ زۆربەی خەڵکی ئاڵمانی ڕۆژهەڵات، کاتی بڵاو بوونەوەی سرودی فەرمی ئاڵمان ناتوانن پێوەندی لەگەڵ درووست بکەن. ئەمن ئارەزوو دەکەم سرودێکی نوێ و هاوبەش بۆ خەلکی هەردوو بەشی ئاڵمانمان هەبێت. 

سرودی نەتەوەیی ئاڵمان کە لە نیوەی سەدەی نۆزدەیەم دروست کراوە، لە سەردەمی پێکهاتنی کۆماری وایمر لە ساڵی ١٩١٩ هەتا ئەوڕۆ سێ جار گۆڕاوە. ئەو سرودە لە ساڵی ١٩١٩ هەتا ١٩٣٣ بە دەقێک، لە سەردەمی هیتلێردا بە دەقێکی دیکە و لە دوای پێکهاتنی ئاڵمانی فیدڕاڵ بە دقێکی دیکە خوێندراوە.  یاسای بنەڕەتی ئاڵمان لە نێوان ساڵەکانی ١٩٤٩ هەتا ١٩٩٢ سی و هەشت جار گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە کەوابوو لە ئاڵمان هیچ شتێک نییە مەجالی گۆڕینی نەبێت.

لۆترێد مزیر دوایەمین سەرۆک وەزیری ئاڵمانی دێموکڕاتیک دوای یەکگرتنەوەی دوو ئاڵمان، پێشنیاری دا بەیتی یەکەمی سروودی نەتەوەیی ئاڵمانی ڕۆژهەڵات لە سرودی نەتەوەیی ئاڵمانی ڕۆژئاوا زیاد بکرێت بەڵام گرینگی بە پێشنیارەکەی نەدرا. ئێستا سەرۆک وەزیری ئیالەتی ژاکسەن لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئاڵمان دژایەتی پێشنیاری هاوتاکەی خۆی لە توبینگن دەکات و دەڵێ: سروودی نەتەوەیی ئاڵمان پڕبایەخترین بەشی مێژووی ئاڵمان نیشان دەدات.

ڕۆژی هەشتی ماڕسی ساڵی ڕابڕدوو بەرپرسی کاروباری ژنان لە وەزارەتی بنەماڵەی ئاڵمان لە یادی ڕۆژی ژن گووتی: یەکسانی ژن و پیاو لە سرودی نەتەوەیی ئاڵمان بەپارێزراوە. لە بەیتێکی سرودی ئاڵماندا ئاڵمان وەک وڵاتی یەکگرتنی باوکان نێوی هێندراوە و ئەوە هەڵاواردنە سەبارەت بە دایکان.