سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پژاک ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە تورکیا توانیویەتی ئەمریکا لە ئامانجی گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران پەشیمان بکاتەوە.
ڕۆژی دووشەممە لە دیدارێكی میدیاییدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، توركیا لە هەڵوەشاندنەوەی پلانی دابەشكردنی ئێران و گۆڕینی بڕیارەكانی ئەمریكا لەبارەی جەنگی دژ بە ئێران ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە.
هاوسەرۆکی پژاک لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر ڕایگەیاند، باوەڕ ناكەم تورکیا بتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دروست بکات تاوەکو ستراتیژیەتی خۆیان لە بەرامبەر تاران بگۆڕن.
- موعینی جەختی کردەوە، ئەمریکا فەرمان لە تورکیا وەرناگرێت و گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران ئامانجی سەرەکیی واشنتن و تەلئەبیبە.
بەگوتەی هاوسەرۆکی پژاک "ئەنقەرە لە هەوڵدایە كە شەڕ و ئاژاوە لەنێوان كورد و ئازەرییەكان دروست بێت". ئاماژەی بەوەش دا كە ئەگەر ئەم هەوڵە سەركەوتوو بێت كارەسات ڕوودەدات.
"ئەمریکا و ئیسرائیل ئەگەرچی لە ڕووی تاکتیکەوە جیاوازییان هەبێت، بەڵام لە ئامانجدا یەکگرتوون". موعینی دەسەڵاتی ئێرانی بە سیستمێکی دیکتاتۆر وەسف کرد کە "تەنیا بە هێز و زۆرداری درێژە بە دەسەڵاتی خۆی دەدات".