بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە دوو درۆن هێرش کرایە کەمپەکانی کۆمەڵە سەر سنووری ناحیەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (20-7-2026)، لە ڕێگەی دوو درۆنەوە هێرش کراوەتە سەر کەمپی کۆمەڵە ناحیەی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی بەدواوە نەبووە.
هەرچەندە هێرشە درۆنییەکە زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ئاگر لە پووش و پاوان و دارستانەکانی ئەو سنوورە کەوتووەتەوە و زیانی بە سرووشت و ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە ناوچە جیاوازەکانی سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی کراونەتە ئامانج، کە بەهۆی بەشێک لەو هێرشانەوە چەندین کەس شەهید و بریندار بوون.