سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوو کۆبوونەوەی جیادا بە فەرمی بە بەرپرسانی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی چیتر پێویستی بە ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران نییە و دەبێت کۆتایی بە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان بهێنرێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی حوڕەی ئەمریکی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا دوو کۆبوونەوەی گرنگ و جیاوازی لەگەڵ هەریەکە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس ئەنجام داوە. تەوەرەی سەرەکیی هەردوو کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە پرسی چەکی دەرەوەی یاسا و هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراقدا.
سەرچاوە ئاگادارەکانی ناو حکومەتی عێراق ئاشکرایان کردووە، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 28ـی حوزەیراندا، زەیدی ڕاستەوخۆ نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بە عێراقچی گەیاندووە و پێی گوتووە: ئایا ئێوە ڕێگە دەدەن من دەست بەسەر دۆسیەی ئەمنی و سەربازیتاندا بگرم، یان گرووپی چەکدار لەناو خاکی ئێراندا دروست بکەم؟ کاتێکیش وەڵامی وەزیرە ئێرانییەکە نەخێر بووە، زەیدی گوتوویەتی: کەواتە بۆچی ڕێگە بەخۆتان دەدەن گرووپە چەکدارەکان لەسەر حیسابی دەوڵەتی عێراق بەهێز بکەن؟ لە بەرامبەردا عێراقچی تەنیا بەڵێنی گەیاندنی پەیامەکەی بە تاران داوە.
دوای دوو ڕۆژ لەو دیدارە، ئیسماعیل قائانی بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتووەتە بەغدا. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆنێکی توندتر داوای لە ئێران کردووە پاڵپشتیی دامەزراوە فەرمییەکان بکات نەک میلیشیاکان، هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق چیتر پێویستی بە ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران نییە و بڕیارە ئەرکی ئەوانیش هاوشێوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا کۆتایی پێ بهێنرێت.