Skip to main content

سوپای پاسداران: ٨٥ بنکەی ئەمریکامان لە وڵاتانی ناوچە بۆردوومان کرد

سوپای پاسداران: ٨٥ بنکەی ئەمریکامان لە وڵاتانی ناوچە بۆردوومان کرد
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند؛ ٨٥ پێگەی سەربازیی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرێن و کوەیت کردووەتە ئامانج. تاران ئاماژەی بەوە کردووە ، ئەم هێرشانە وەک وڵامێک بووە بۆ پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە.
posted onJuly 8, 2026
nocomment

ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای پاسدارانی لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاند؛ ئەم هێرشانە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر ناوخۆی ئێران.

بە گوتەی ئەمریکا، لەو هێرشانەدا زیاتر لە ٨٠ ئامانجی سەربازی پێکراون، لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، بنکەکانی فەرماندەیی، ڕادارە کەنارییەکان و بەلەمە جەنگییەکانی سوپای پاسداران لە نزیک گەرووی هورمز. واشنتن دەڵێت؛ ئەم هەنگاوەی بۆ سزادانی تاران بووە، چونکە ئێران هێرشی کردووەتە سەر سێ کەشتیی بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییی خۆیان، هەنگاوی یەکلاکەرەوە دژی ئەمریکا دەگرنەبەر. میدیاکانی ئێرانیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە توانیویانە درۆنی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9) لە باشووری وڵاتەکە بخەنە خوارەوە و چەند کەشتییەکی جەنگی ئەمریکیشیان بە مووشەک کردووەتە ئامانج كە تا ئێستا لە لایەن ئەمریكاوە پشتڕاست نەكراوەتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاوازی ناو خاکی ئێران ڕاگەیاند. ئەم هێرشانە بە ئامانجی سزادانی تاران و لاوازکردنی تواناکانی لە تێکدانی ئاسایشی دەریایی ئەنجامدراون، دەنگی ١٤ تەقینەوەی گەورە لە ناوچە کەنارییەکانی ئێران بیستراوە.

بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکانی ئاژانسی فارسی ئێرانی، ١٠ تەقینەوەیان لە شاری سیریک و چوار تەقینەوەکەی دیکە لە گوندی میسین لە دوورگەی ستراتیژیی قشم ڕوویانداوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هێرشە ئاسمانییەکان زیاتر لە ٨٠ ئامانجی جیاوازی پێکاوە، هەموویان بە تەقەمەنیی زۆر ورد و پێشکەوتوو وێران کراون. ئامانجەکان بە وردی دەستنیشان کرابوون بۆ ئەوەی زۆرترین گورز لە ژێرخانی سەربازیی ئێران بوەشێنن.