Skip to main content

تایم: لە دوو ڕۆژدا ٣٠ هەزار کەس لە ئێران کوژراون؛ "کوشتارەکە لە حەلەب و فەللوجە خوێناویترە"

تایم: لە دوو ڕۆژدا ٣٠ هەزار کەس لە ئێران کوژراون؛ "کوشتارەکە لە حەلەب و فەللوجە خوێناویترە"
posted onJanuary 25, 2026
nocomment

هەفتەنامەی (تایم)ـی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی شۆکهێنەردا، پەردە لەسەر قەبارەی کوشتار و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئێران لادەبات و ڕایدەگەیەنێت، تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا نزیکەی 30 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

گۆڤاری تایم، ڕۆژی یەکشەممە لە زاری دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی تەندروستیی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، لە ڕۆژانی 18 و 19ـی مانگی بەفرانبار کە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان گەیشتووەتە لووتکە، "ئەگەر هەیە تاوەکو 30 هەزار کەس" لە شەقامەکانی شارە جیاوازەکانی ئێران کوژرابێتن. ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی سانسۆری توند و پچڕانی ئینتەرنێتەوە بۆ هەفتەی سێیەم، دەزگا میدیاییەکان ناتوانن بە سەربەخۆیی وردەکاریی زیاتر پشتڕاست بکەنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو کوشتارەی لەو چەند ڕۆژەی ئێراندا ڕوویداوە، لە مێژووی هاوچەرخدا بێوێنەیە؛ تەنانەت لە شارەکانی حەلەبی سووریا و فەللوجەی عێراقیشدا کوشتاری وا لە ماوەیەکی کورتدا تۆمار نەکراوە. جیاوازییەکە لەوەدایە کە لەو شارانە ئاماری بەرزی کوژراوان بەهۆی بۆردوومان و تەقینەوەی گەورەوە بووە، بەڵام لە ئێران تەنیا لە ڕێگەی دەستڕێژی گوللەوە ئەو ژمارە زۆرە کوژراون.

لە کاتێکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ژمارەی کوژراوانی بە سێ هەزار و 117 کەس ڕاگەیاندووە، بەڵام ئامارەکەی گۆڤاری تایم لەو ئامارە نزیکترە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە. (مای ساتۆ)، ڕاپۆرتنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، پێشتر هۆشداریی دابوو کە ڕەنگە ژمارەی کوژراوان 20 هەزار کەس تێپەڕێنێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختی کردووەتەوە کە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران بە قەبارەیەکی "بێوێنە" بووە. ڕێکخراوەکە دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکی گەرمیان بەکارهێناوە و زۆرێک لە قوربانییەکانیش یان لە شەقامەکاندا یان بەهۆی ڕێگری لێکردنیان لە گەیشتن بە چارەسەری پزیشکی، گیانیان لەدەستداوە.