نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە واشنتن بۆ رێگریکردن لە "کوشتار" لە ئێران، پەنا بۆ هەموو بژارەکان دەبات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرۆکی وڵاتەکەی "پیاوی کردارە".
مایک واڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، شەوی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات و واشنتن بە تەواوی پشتیوانی لە "خەڵکی ئازای ئێران" دەکات.
واڵتز ئاماژەی بەوە کرد، ئاستی تووندوتیژی و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە گەیشتووەتە ئاستێک کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی. گوتیشی: "سەرۆک ترەمپ پیاوی کردارە، نەک پیاوی قسەی بێ کۆتایی وەک ئەوەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبینرێت؛ ئەو بە روونی رایگەیاندووە کە بۆ راگرتنی کوشتار، هەموو بژارەکان لەسەر مێزن."
نوێنەری ئەمریکا ئەو تۆمەتانەی تاران ئاڕاستەی وڵاتانی دەرەوەی دەکات رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو بانگەشەیەی دەڵێت خۆپێشاندانەکان "پیلانی دەرەکییە بۆ زەمینەسازیی هێرشی سەربازی"، دوورە لە راستییەوە. واڵتز گوتی: "رژێمی ئێران ئێستا لە هەموو کاتێک لاوازترە، هەر بۆیە پەنا بۆ ئەم جۆرە درۆیانە دەبات، چونکە لە خەڵکەکەی خۆی دەترسێت."
ئەو دیپلۆماتە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە حکومەتی ئێران باس لە ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەکات، بەڵام "کردارەکانی پێچەوانەی قسەکانیەتی."
کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای ئەمریکا و بەهۆی تووندبوونی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران بەڕێوەچوو. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە مەسیح عەلینەژاد و ئەحمەد باتبی وەک چالاکوانی سیاسی، گوتارێکیان لەبارەی رەوشی مافەکانی مرۆڤ و رەهەندەکانی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پێشکەش کرد.