Skip to main content

٢٧٥ چالاکی ئێرانی داوایان له خەڵک کرد هەڵبژاردنەکان بایکۆت بکەن

٢٧٥ چالاکی ئێرانی داوایان له خەڵک کرد ەڵبژاردنەکان بایکۆت بکەن
هەڵمەتێکی بەرفەراوان له سەرانسەری ئێران دژ به بەشداری کردن له هەڵبژاردنەکان دەستی پێکردووه
posted onFebruary 26, 2024
nocomment

له درێژەی هەڵمەتی سەرانسەری بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی، ٢٧٥ چالاکی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگی لە ئێران به بڵاو کردنی بانگهێشتنامەیەکدا، هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان بە پێشوەخته پلان بۆ دارێژراو و شانۆگەرییەکی گاڵتەجارانه وەسف کرد.

لەم بانگهێشتنامەیه که روژی دوشەمه، ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ هەتاوی، بڵاوبووەتەوه ئاماژە بە بێبەشکردنی بەرفراوانی بەربژێرەکان بۆ خولی دوازدەهەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەڵوێست و پێگەی نیوەگیانی دامەزراوەی هەڵبژاردن لە ئێراندا تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو، دۆخێکی نالەبارتری هەیە.

چالاکانی ئێرانی سەرەڕای ئیدانه کردنی هەرجۆره بانگهێشتێک بۆ بەشداری له هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەڵێت: "پەیڕەوی له سیاسەتی شکستخواردووی بەشداریکردن لە هەر بارودۆخێک و بە هەر نرخێک، نەتەنیا ئەنجام و دەسکەوتی بەرهەمداری نەبووە، بەڵکوو لە ڕاستیدا بەردەوامبوونی ستەمکاری و بەربەستی لێکەوتووەتەوە".

لە درێژەی بانگهێشتنامه‌کەدا هاتووە: "لە دۆخی گشتیی ئەمڕۆی ئێراندا کە لەگەڵ داڕمانی ناوەندەکانی هەڵبژاردن بەرەوڕووین، پێشمەرجی یەکەم بۆ بەڕێوەچوونی هەر هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە، ڕێکخستنی گشتی لە چوارچێوەی دابینکردن و پاراستنی ئازادیی دەربڕین و چالاکی حیزبی، ئازادی کۆبوونەوە، ئازادی چاپەمەنی و میدیاکان، ئازادی ڕێکخراوە سینفییەکان، هەبوونی ئۆپۆزسیۆن و لە کۆتاییدا، سەرپەرشتیکردنی هێزە سەربەخۆ و بێلایەنەکان لەسەر ڕێگای بەڕێوەبردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە".

واژۆکەرانی ئەو بانگهێشتنامەیه جەختیان لەوە کردەوە: "شتێکی ئاساییه کە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا نەکەین، کە بە ڕوونی تێیدا پێشوەخته پلانی بۆ دارێژراوه و دژایەتییەکی ڕوونه بەرامبەر سەروەریی خەڵک".

هەروەها لە کۆتایی بانگهێشتنامه‌که، واژۆکەران هۆشداریان داوە کە بەبێ بووژانەوەی ڕاستەقینەی دامەزراوەی هەڵبژاردن، بەشداریی ڕاستەقینە ڕوو نادات و گۆڕەپانی سیاسیی فەرمی چارەنووسێکی باشی نابێت.