Skip to main content

لابردنى سفرەکانى تمەن تەنیا بۆ جوانکارییە

لابردنى سفرەکانى تمەن تەنیا بۆ جوانکارییە
posted onJanuary 17, 2019
nocomment

 

پسپۆڕێکى ئابوورى زانکۆى جۆنز هۆپیکینزی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات "هەوڵەکانى کۆمارى ئیسلامی ئێران بۆ لابردنى سفرەکانى سەر دراوەکەى، تەنها پرۆسەیەکى جوانکارییەو، هیچ لە ناوەرۆکى مەسەلەکە ناگۆرێت".

 

لەو نێوەندەشدا حکومەتى تاران ڕایگەیاندووە "پرۆسەى لابردنى سفرەکانى سەر تمەن، ماوەى دوو ساڵ دەخایەنێت". ستیف هانک، مامۆستای زانکۆى ئابوورى جێبەجێکارى ئەو زانکۆیە لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕوونی دەکاتەوە "هەنگاوە چاوەڕوانکراوەکەى ئێران بۆ پرسى دراوى تمەن، هیچ کاردانەوەیەکى ئەرێنى لەسەر جومگەکانى دیکەى ئابوورى دروست ناکات".

باسى لەوەش کردووە "پلانەکەى بانکى ناوەندی ئێران بۆ لابردنى چوار سفرى سەر دراوى تمەن، وەک ئەوەیە ئابوورى تاران ڕادەستى پسپۆرێکى جوانکاری بکەن، بۆ ئەوەى ئەویش کۆمەڵێک گۆڕانکارى لە سەر و سیمای بکات، بەبێ ئەوەى هیچ شتێکى گرنگى کردبێت". هانک گووتیشى "ئەو گۆڕانکارییە سەرەتاییانە پێویستیان بەوەیە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی چارەسەر بکرێن".

دراوى ئێرانى و لابردنى سفرەکانى

پسپۆرە ئابوورییەکەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە "ئابوورى هەنگاریا لە چلەکانى سەدەى ڕابردوو، کاتێک پێنوێنى هەڵاوسانى سنوورى سەدا ٢٠٧ ـى تێپەراند، هەوڵی دا سفرەکانى سەر دراوەکەى کە ٢٩ سفر بوون، هەڵگرێت، ئەوکات ئابوورى ئەو وڵاتەى ناوەڕاستى ئەورووپا تووشى داڕمان بووەوە". لە دواى کشانەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران و ٥ + 1، کە لە ٢٠١٥ واژوو کرابوون، بەهاى دراوى ئێرانى بەرامبەر دراوە جیهانییەکان و بە تایبەت دۆلارى ئەمەریکى ڕووبەرووى داڕمانێکى گەورە بووەوە، بەجۆرێک نرخى هەر ١٠٠ دۆلارى ئەمەریکى یەکسانە بە نزیکەى ١١٥ هەزار تمەنى ئێرانى.

لەلایەکى دیکەشەوە چەندین مانگە ئابوورى ئێران ڕووبەرووى ناسەقامگیرییەکى بێوێنە بووەتەوە و، تاوەکو ئێستاش نەیتوانى زاڵ بێت بەسەر ئەو قەیرانانەى ڕووبەرووى بووەتەوە، بە وردیش ئەو کەرتانەى کە لەمانگى ئاب (گەلاوێژ) و تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ى ڕابردوو خرانە نێو سزاکانى واشنتۆن.

بەو هۆیەوەش بانکى نێودەوڵەتى پێشبینى کردووە، ئابوورى تاران لە ٢٠١٩ لەبری بووژانەوە، ڕووبەرووى داکشانێکى نەرێنى دەبێتەوە و، ڕێژەکەشى لە سنوورى سەرووى ٣% دەبێت.