Skip to main content

بەرپرسێکى واشنتۆن داواى تووندترکردنى سزاکانى سەر ئێران دەکات

بەرپرسێکى واشنتۆن داواى تووندترکردنى سزاکانى سەر ئێران دەکات
posted onJanuary 14, 2019
nocomment

 

بەرپرسێکى پێشووى ئیدارەى ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاماژەى بەوە کردووە "سزاکانى ئەمریکا دژى ئێران سەرەڕاى بەهێزییەکەى، بەڵام هێشتا کاریگەرى نەکردووەتە سەر ڕژێمى تاران بۆ ملکەچى بکات چالاکییە شەڕانگێزییەکانى لەناوچەکە بگۆرێت".

 

ڕوونیشی کردووەتەوە "ئێستا کۆمارى ئیسلامی کۆنتڕۆڵى چوار پایتەختى عەرەبی کردووە کە بریتین لە بەغدا، بەیروت، دیمەشق و سەنعا، لەوێشەوە ئەجێنداى خۆی بەسەریاندا جێبەجێ دەکات". دینیس ڕۆس، یاریدەدەرى باراک ئۆباما سەرۆکى پێشووى ئەمریکا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاشیگەیاندووە "کێشەى ئیدارەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئێستای کۆشکی سپی ئەوەیە کە کەرستەى گونجاو لەگەڵ سیاسەتەکانى تاران بەکار ناهێنێت و، کاردانەوەى پێچەوانەى دروست کردووە".

ڕۆس، یەکێکە لە دیپلۆماتەکانى واشنتۆن کە چەندین پۆست و پلەى باڵای بڕیوە و، لەگەڵ هەردوو ئیدارەى جۆرج بۆشى کوڕ و بیل کلینتۆن سەرۆکەکانى پێشووترى ئەمریکا کارى کردووە. ڕۆس گووتوویەتى "ئەستەمە ئێستا لەبەردەم چالاکییە شەڕانگیزی و ناسەقامگیرییەکانى ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بوەستین، سەپاندنەوەى سزاى ئابوورى تووندیش دژى ئەو ڕژێمە بەشێکە لەو ئاراستەیە کە پەیڕەوی دەکەین".

باسى لەوەشکرد "سەرەڕاى کاریگەرییە گەورەکانى سزاکانى بەسەر ئابوورى ئێران، و ئاڵۆزبوونى تەواوى جومگەکانى، کە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەى گەلى ئەو وڵاتە فشارەکانى سەر سەرکردەکانیان تووندتر کردووە، بەڵام هەڵسوکەوتەکانى تاران تا ئێستاش نەگۆراوە". ڕۆس هێماى بەوەش کردووە " دواى ماوەیەک لەسەپاندنى سزاکان، هیچ لەو هەڵسوکەوتەى تاران لە ناوچەکە کەم نەبووەتەوە، ڕەنگە سزاکان کاریگەریى ئەرێنى بۆ ئەوە بێت فشارەکان لەسەر بریکارەکانی ئەو ڕژێمە کەمتر بووەتەوە بە تایبەت بۆ حزبوڵا".

دنێس ڕۆس، لەگەڵ هەردوو ئیدارەى جۆرج بۆشى کوڕ و بیل کلینتۆن کارى کردووە

دنێس ڕۆس، لەگەڵ هەردوو ئیدارەى جۆرج بۆشى کوڕ و بیل کلینتۆن کارى کردووە

 

پێی وابووە "سزا ئابوورییەکانى دژی تاران، قازانجێکى ڕێژەیی بۆ دۆستانى ئەمریکا و هاوبەشەکانى لە ناوچەکە گەڕاندووەتەوە، بۆ ئەوەى چالاکییەکانى ئێران لە ناوچەکە کەمتر بکاتەوە، بەڵام لە دەرەوەى سزاکان پێ ناچێت ئیدارەى کۆشکی سپی ئامادە بێت، کەرستەى تووندتر دژى ئەو وڵاتە بە کار بهێنێت". ئەمەش بە گووتەى خۆى "کێشەى ئیدارەى ترامپە لە ناهاوسەنگی لەنێوان ئامانجەکان و کەرستەى بەکارهێنراو".

یاریدەدەرەکەى سەرۆکى پێشووترى ئەمریکا دەڵێت "ڕژێمى ئێران دەیەوێت شەڕانگێزەو دەیەوێت ناسەقامگیرى هەناردەى سەرجەم ناوچەکەکانى ململانێ بکات، هەوڵێکى چڕیش دەدات بۆ ئەوەى ناکۆکییەکانى سووریا و یەمەن درێژە بکێشێت".

سووریشە لەوەى "سوورییەکان و یەمەنییەکان لەو جەنگانە سەرکەوتوو نین، بەڵکو لە ڕاستیدا ئێران سەرکەوتووە، کە سوودی لەو ململانێیە وەرگرتووە، بۆ ئەوەى پاوانخوازی بە دەسەڵاتەکانى بکات کە سەرکردەکانیان شانازی بە کۆنترۆڵکردنى چوار پایتەختى عەرەبی دەکەن".