Skip to main content

تاران بەسیج بۆ کەمینە ئایینەکان دەکاتەوە

تاران بەسیج بۆ کەمینە ئایینەکان دەکاتەوە
کۆمارى ئیسلامى دەیهەوێت سوود لە خراپی بارى ئابوورى هاووڵاتیان و برسێتیان وەربگرێ بۆ بەسیجکردنیان
posted onNovember 26, 2018
nocomment

 

فەرماندەى سوپای پاسداران لەکۆمارى ئیسلامی ئاشکراى دەکات "بەنیازن میلیشیاى بەسیج بۆ کەمینە ئاینییەکان لەپایتەختى وڵاتەکەیان دروست بکەن".

 

بەگووتەى ئاژانسى هەواڵى ئیرنای ئێرانى لەسەر زارى ڕەزا یەزدی بڵاویکردۆتەوە "شانەى ئەو میلیشیایە بۆ کەمە ئایینییەکان کراوە دەبێت بۆ ئەوەى ئەندامانى سەرجەم ئایینەکان لە تاران پەیوەندی پێوە بکەن". ئەمەش لە کاتێکدایە کۆمارى ئیسلامی دژایەتى زۆرى کەمە ئایینییەکانى وڵاتەکەى دەکات، تەنانەت دژایەتى کەمینە سوننەکانی ئیسلامیش دەکات و، کار لەسەر باڵادەستى شێعەگەرایی لەوڵات دەکات.

ئەو هەنگاوەش بۆ ئەوەیە ئەندامانى ئەو کەمینە ئایینییەکانە بۆ مەبەستى خۆى بەکاریان بهێنێت و، هاوشێوەى کەمینە هەزارەو شیعەمەزهەبەکانى ئەفغانستان کە لەو ڵاتەکەیدا پەنابەرن. یەزدی لەبەردەم کۆبوونەوەیەکى فەرماندەکانى میلیشیاکانى بەسیج لە تاران هێمای بەوە کردووە "ئەندامانى سەرجەم کەمینە ئایینییەکان لەکاتى جەنگی هەشت ساڵەدا قوربانییەکى زۆریان داوە"، وەک ڕاکێشانى سۆزی ئەو کەمینانە.

 

کۆمارى ئیسلامى سوود لە گەمارۆکان وەردەگرێت بۆ کۆکردنەوەى بەسیج

کۆمارى ئیسلامى سوود لە گەمارۆکان وەردەگرێت بۆ کۆکردنەوەى بەسیج

 

گووتیشى "بەسیجی کەمینە ئایینییەکان، بەناسنامە ئێرانییەکەیان دەتوانن بەشێوەیەکى جددی بەشداریی پاراستنى یەکڕیزی خاکی وڵات و بەرگرى لە ڕژێم و شۆڕش بکەن". لەئێران جگە لە ئایینى ئیسلام بەهەردوو مەزهەبەکەیەوە، ئایینى کریستیان، جوو، بەهائی و زەردەشتى و یارسان و بەهائیی لێیە، بەڵام هەموویان بەیاساى ئیسلام مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و، لەنێو ئیسلامیشدا بەمەزهەبی شیعەگەرایی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.

بەسیجیش یەکێکە لەو هێزانەى کەئەرکی پاراستنى ئاسایشى ناوخۆیی لەئەستۆیە، لەساڵانى ڕابردووش بەرەنگاری خۆپێشاندانەکانى ٢٠٠٩ و کانوونى دووەم (بەفرانبارى)ى ڕابردوو بوویەوە.

بەقسەى ئەو فەرماندەیەى میلیشیاکانى سوپای پاسداران بەمدواییانەش " چالاکییەکانى بەسیج لەزۆربەى کەرتەکان بەتایەبت کۆمەڵایەتى، کلتوورى و ئەمنى و ئابووری گەشەى بەخۆیەوە بینیوە". یەکەم چالاکیی ڕاستەوخۆی ئەو هێزەش لەساڵى ١٩٩٩ دەستى پێ کرد، کە لە لایەن سوپاى پاسدارانەوە بەرێوە دەبردێت و، ڕاستەوخۆ پێکدادانیان لەگەڵ قوتابییە ناڕەزاییەکان دروست بوون، هەروەها لەساڵى ٢٠١١ هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەى بەریتانیا لەتاران و، لەساڵى ٢٠١٦ شدا هەمان سیناریۆیان لە نێو قونسوڵخانەى سعودیە لە پایتەختى وڵاتەکەیان ئەنجام دا.

مێژووى دروستبوونى ئەو میلیشیایەش کە ماناکەى واتا (هێزەکانى کۆکردنەوەى هەژاران و لانەوازان)ـە لەلایەن ڕوحەڵا خومەینى، یەکەم ڕێبەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی ئێران لەساڵى  ١٩٧٩ دروست بوون و، دەسەڵاتدارێتى ئەو هێزانەش لەژێر کۆنترۆڵى سوپاى پاسدارانە.

لەلایەن خۆیەوەش وەزارەتى خەزێنەى ئەمریکا، دوابەدواى سەپاندنى سزا ئابوورییەکانى بەسەر ئەو وڵاتە، میلیشیاکانى بەسیجی خستە نێو لیستى سزا ئابووریی و داراییەکان، کە خاوەنى چەندین بانک و دامەزراوەو کۆمپانیاى بازرگانین.

 

کۆمارى ئیسلامى دەیهەوێت خەڵک برسى بن تا بە پارە خەڵکى چەکدار بکات!

کۆمارى ئیسلامى دەیهەوێت خەڵک برسى بن تا بە پارە خەڵکى چەکدار بکات!

 

بەپێی ئامارەکانى ئەو وەزارەتەش "ئەو هێزانە ڕاستەوخۆ دەستیان هەیە لەوەرگرتنى مناڵان لەنێو هێزە سەربازییەکانیان و، دواتر ڕەوانەکردنیان بۆ جەنگە وێرانکارییەکانى سوپای پاسداران لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لەپاڵ ئەوانەش تێوەگڵاون لەسەرکووتکردنى خۆپێشاندانە ناوخۆییەکان و، مافەکانى مرۆڤیان پێشڵ کردووە".

سزاکانى واشنتۆن ٢٠ لایەن و دامەزراوەى دارایی ئەو میلیشیایەى گرتۆتەوە، هەروەها ٢٠ کۆمپانیاو دامەزراوەى دارایی دیکە هەبوون، کە سەرمایەکانیان بە ملیارەها دۆلارە، پاڵپشتى بەسیجیان کردووە، لە نێو کەرتەکانى پیشەسازی ئۆتۆمبێل، پۆڵا، بانک و دامەزراوەى بازرگانى. زۆربەى ئەندامانى ئەو میلیشیایەش لەمناڵانى خوار ١٤ ساڵییەو، زۆرینەشیان خۆبەخشن، بەتایبەت لەنێو ئەفغانی و پاکستانییەکان کە دوو لیوایان هەیە بەناوى فاتیمون و زەینەبیون، کە ئەو دوو لیوایەش لە شەڕەکانى سووریا شوێن دەستیان دیارە.

لەکانونى یەکەمى ٢٠١٦ داوود گودەرزی، سەرۆکى ئەو ڕێکخراوە میلیشیایە لە نێو زانکۆکانی ئێران ئاشکرای کردووە "٥٠ قوتابی لەکارمەندانى بەسیج لەریزەکانى سوپای پاسداران لەشەڕەکانى سووریا کوژراون".

پێشبینى دەکرێت، تاران بەهۆى خراپی بارى ئابوورى هاووڵاتیان وبرسێتى بەهۆى قەیرانى دارایی و داڕمانى بەهاى تمەن، سوودێک لەو هەڵمەتە وەربگرێت و خەڵکێکى زۆر بەسەربازی بکات، لەپێناو پاراستنى ڕژێمەکەى و، جێبەجێکردنى ئەجێنداى تایبەتى خۆى لەنێوخۆ و دەرەوەى وڵاتدا.