Skip to main content

سی ئێن ئێن: کۆمارى ئیسلامى بە تەماى هاککردنى بانکە ئەمریکییەکانە

سی ئێن ئێن: کۆمارى ئیسلامى بە تەماى هاککردنى بانکە ئەمریکییەکانە
 بانکەکانی ئەمریکاش خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە سایبیریەکانی ئێران ئامادە دەکەن
posted onNovember 13, 2018
nocomment

 

بانکەکانی ئەمریکا دوای دەستپێکردنی گەڕی نوێی گەمارۆکان دژی ئێران خۆیان بۆ ئەوە ئامادە دەکەن ڕووبەڕووی ئەو هێرشە سایبریانە ببنەوە کە هاکەرەکانی ئێران دژی سیستەمی ماڵی ئەمریکا ئەنجامی دەدەن.

 

لەو بارەوە سی ئێن ئێن بڵاوی کردووەتەوە هێندێک لە بەرپرسانی بانکەکانی ئەمریکا لەو باوەڕەدان هەکێرە ئێرانییەکان دەیانهەوێ بە هێرشی سایبری سیستەمە ماڵییەکانی ئەمریکا تووشی کێشە بکەن. جان هالکویست، بەرپرسی لێکۆڵینەوەی کۆمپانیای "فایرئای" بە سی ئێن ئێنی گوتووە کە کۆمپانیا ئەمریکایییەکان بە تووندی چاوەدێری هێرشە سایبرییەکانی ئێران دەکەن. بە پێی گووتەی ناوبراو سیستمەکانی ئەمنیەتی بانکداری ئەمریکا پڕۆژەی جۆراوجۆریان هەیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەر هێرشێکی سایبری ئێران.

دەسەڵاتدارانی ئێران تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بەو ڕاپۆڕتە نەبووە، بەڵام ڕۆژنامەی ئێران ئۆرگانی فەرمى دەوڵەت بە هێنانەوەی قسەی حوسێن سەلیمی، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی بازاڕی دراو و سەرمایەی ژووری بازرگانی تاران نوسیوییەتی ئەو هەواڵە ڕاست نییە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە هیچ قازانجێکی بۆ ئێران نییە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی باراک ئۆبامادا، چەندین هێرشی سایبری کرابووە سەر بانک و دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی ئەمریکا. بکەری هێرشەکان کۆماری ئیسلامی ناسێندرا سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕەتیان کردەوە دەستیان لەو هێرشانە دابوبێت.

سەرەڕای ئەوەش بەهاری ساڵی ١٣٩٥ حەوت کەسی ئێرانی بە شێوەی فەرمى لە لایەن وەزارەتی دادی ئەمریکا بە تاوانی ئەنجامدانی هێرشی سایبری دژی دەیان بنکەی ماڵی ئەمریکا تاوانبار ناسێندارن. ئەو کات ڕاگەیێندرا کە ئەو کەسانە بە بڕیاڕی دەوڵەت و سوپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر ٤٦ دامەزراوە و کۆمپانیای ئەمریکایی.

ئێران لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە ئەنجامدانی هێرشی سایبری تاوانبار دەکرێت. هاوینی پارساڵ کۆمپانیای سایبری(فایرای) هەواڵێکی لەسەر کۆمەڵیک هێرشی سایبری ئێران بۆسەر کۆمپانیاکانی تایبەت بە کەرتی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو کردبووەوە. پێشووتر، وەزیری ناوخۆی وڵاتی ئاڵمان بە بنەماگرتنی ڕاپۆڕتی ئاژانسی زانیاری نێوخۆیی وڵاتەکەی باسی لە کۆمەڵیک هێرشی سایبری بە دەستی ئێران کردبوو و گووتبووشی ئەو هێرشانە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ڕێژەیان لە بەرز بوونەوە دابووە و بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێژەیان زۆر زۆرتر بووە.

دوای چوونە دەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرجام " ئێف بی ئای" لە سەر بنەمای هەڵسەنگاندنی چوونە دەرەوەی دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو "هاکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانن بە کەڵکوەرگرتن لە هەندێک گەڵاڵەی کۆمپیوتەری هەوڵی دیتنەوەی خاڵە لاوازەکان و سڕینەوەی زانیاری تۆڕە کۆمپیوتەرییەکانی ئەمریکا بدەن".